Erbil 15°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 19:34

یەکهەڵوێستی و کۆدەنگیی لایەنە کوردستانییەکان

هۆكاری سەرەكی خۆپیشاندانه‌كان بێباكیی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و بەرپرسانی نابەرپرسن، كە چەندین ساڵە و پێش حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی
ئومێد بابان
100%

ئەو خۆپیشاندانە گشتگیر و بەرفراوانەی لە بەغدای پایتەختی عێراق و زۆربەی شار و شارۆچكەكانی ئەو وڵاتە دەستی پێكردووە، هۆكارە سەرەكییەكەی، بێباكیی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و بەرپرسانی نابەرپرسن، كە چەندین ساڵە و پێش حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیش، بە ئاشكرا موڵك و ماڵی گشتییان داگیر كردووە و دەكەن و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەشیان بەهەدەر داوە و دەشیدەن، لە كاتێكدا كە خەڵكی ئەو پارێزگایانەی عێراق بە دەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانەوە دەناڵێنن و لە دۆخێكی زۆر خراپدا دەژین.

 

ئەگەرچی رەنگە هەندێك لایەنی نێوخۆیی و دەرەكییش خۆیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی هاووڵاتیانەوە هەڵواسیبێت و بۆ بەرژەوەندی و مەرامی خۆیان دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز بكەن، بەڵام مافی ڕەوای خەڵكە داوای ژیانێكی شایستە و پڕۆژەی خزمەتگواری و دابینكردنی پێویستییە سەرەتاییەكانیان بكەن و ئەركی حكوومەتی عێراقیشە بە دەنگ خواست و داوا شەرعییەكانی هاووڵاتیانەوە بچێت و داخوازییەكانیان جێبەجێ بكات.

 

هەرچۆنێك بێت، كپكردنەوەی خۆپیشاندانەكان ئەمجارە كارێكی پڕ زەحمەتە و لەو نێوەندەشدا دەبێ لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە بكەن و پێشبینیی هەر پێشهاتێك بكەن كە لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەوە دێنە ئاراوە.

 

پێش هەموو شتێكیش، یەكهەڵوێستی و كۆدەنگیی لایەنە كوردستانییەكان لەو دۆخە ئاڵۆزەی عێراقدا، پێویستییەكی حەتمییە و دەخوازێ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بەوپەڕی حەكیمانە و بە ڕاوێژی ورد لە نێوان تێكڕای لایەنەكان و وەلانانی ناكۆكییە لاوەكییەكان، ناوماڵی كوردستان زیاتر رێك بخەنەوە و بۆ هەر ئەگەر و لێكەوتە و بەرەنجامێك ئامادە بن و نەهێڵن لەو نێوەندەدا كوردستان و كوردستانیان زیانیان بەربكەوێت.

 

چونكە، بارودۆخەكە زۆر ناسك و ئاڵۆزە و دیار نییە ئایندەی عێراق بەرەو كوێ دەچێت، بۆیە پێویستە بەر لە روودانی هەر حاڵەت و دۆخێكی نەخوازراو، كە زیان بە پێگەی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت، حزبە كوردستانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست و یەكگرتوو بن و دەرفەت نەدەن لەو ئاڵۆزیانەدا هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی، بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشەوە، زەرەرمەند بن و باجی بێباكیی ژمارەیەك دەسەڵاتداری عێراقی بدەن، كە نابەرپرسیارانە و بە مەبەست دەخوازن هەرێمی كوردستانیش بخزێننە ناو گەمەیەكی سیاسیی بێسەروبەرەوە.

 

دواجار، بۆ ئەوەی هەموو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە سەرجەم گۆڕانكاری و پێشهاتەكان ئاگادار بن و بە دەستەجەمعی خەم لە دۆخەكە بخۆن، گەرەكە بە زوویی زنجیرەیەك كۆبوونەوە ساز بكەن و سەرجەم حزبە كوردستانییەكانیش، بە كاراكتەرە سەرەكییەكانی ناو دامەزراوەكانی هەرسێ سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و پەرلەمانیشەوە، بەشداری لە كۆبوونەوەكاندا بكەن و وێڕای ڕاوێژ و راِگۆڕینەوە، بژاردەكان تاووتوێ بكەن و لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بڕیار و هەڵوێستی نوێ وەربگرن.  

 

 

 

عێراق

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.