Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 16:22

کاریگەریی میدیای سەردەمییانە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا

بەپێی لێكۆڵینەوەو شارەزاو پسپۆرانی راگەیاندنی نێودەوڵەتی ئەم سیستەمەی ئەمریكایان لە بواری راگەیاندندا بۆ سێ بنەمای سەرەكی گەڕاندەوە 
بەهادین جەلال
100%

لە دەیەی دوایی سەدەی رابردوودا چەندین گۆڕانكاریی بەرچاو لە هەیكەلبەندیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و كارلێكەكانی هاتۆتە ئاراوە، ئەم گۆڕانكارییانەش بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا لە زۆربەی كایەكانی ژیاندا رەنگ دەدەنەوە، دیارە ئەوەی لەو پێشكەوتنە تەكنەلۆژیایەو میدیا و هۆیەكان و سیسەتەمی راگەیاندن هاتوونەتەدی، بە دیارترین ئەو گۆڕانكارییانە دەژمێردرێن.


بۆیە دەبینین راگەیاندن و چۆنێتیی بەكارهێنانی بەپێی تەكنەلۆژیای گەیاندن بۆتە توخمێكی گرنگی هەڵسەنگاندنی هێزی سەرتاسەریی دەوڵەتان، ئەو سەردەمەی كە ئێستا تێیدا دەژین، سەردەمی شۆڕشی گەیاندن و كەناڵە ئاسمانییەكانە كە بە رێگەی مانگی دەستكردەوە بڵاودەكرێنەوە، تەنانەت جیهانی كردۆتە گوندێكی بچووك، بەتایبەتیش دوای ئەو پێشكەوتنەی میدیاو هۆكارەكانی راگەیاندن لە رووی تەكنیك و پیشەییەوە بەخۆیانەوە دیوە، دیارە بڵاوبوونەوەی ئەو هەزاران كەناڵی تەلەفزیۆن و ئاسمانی و هۆكارە سەرسوڕهێنەرو پێشكەوتووانە لە (بیستراوو خوێندراوو بینراو)و تۆڕی زانیاریی نێودەوڵەتی (ئینتەرنێت)، ئەمانە هەموویان بوونەتە مایەی بایەخ و گرنگیپێدانی وڵاتانی جیهان، بە دەیان وتارو لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون سەبارەت بە كاریگەریی راستەوخۆی سەر راگەیاندن لە ماوەی سەدەی رابردوودا بڵاوكراونەتەوە، لە سەرەتادا هەندێ لە پێشەنگانی زانستی راگەیاندنی سیاسی راوبۆچوونیان جیاواز بوو سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان سیاسەت و راگەیاندن، بەشێكیان پێیان وا بوو كە كاری سیاسی و كاری راگەیاندن دوو بواری لە یەكدی جوودان، بەڵام بەشەكەی دیكە گەیشتە ئەو باوەڕەی كە ناكرێ ئەو دووانە لە یەكدی جودا بكرێنەوە، چونكە ئیشی راگەیاندن ئاگاداركردنەوەو بەشداری پێكردنی هاووڵاتییانە لە ژیانی سیاسیدا بە هەموو بوارەكانی بیستراوو خوێندراوو بینراوەوە، ئەو كارە راگەیاندنەی بە زاراوەی(راگەیاندنی سیاسی) ناسراوە زیاتر بایەخ بە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و رژێمە حوكمڕانەكان دەدات كە خۆی لە خۆیدا چەندین ئامانج و مەبەست دەكاتە دروشم، لەوانە پشتیوانیكردن لە دیموكراسی و خزمەتكردنی پەرەپێدانی سیاسی و چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ، دیارە چەندین میكانیزمی جیاجیا بۆ پێوان و هەڵسەنگاندنی ئەم شێوە راگەیاندنە هاتوونەتە ئاراوە، بە مەبەستی كاریگەریی پەیامی ئەم راگەیاندنە لەسەر ورووژاندنی هەست و بیروباوەڕی خەڵكـ، ئەمەش بە بەرنامەو پلانی تۆكمە پیادەدەكرێت.


لە كۆتایی سەدەی رابردوودا زۆر هەوڵ و تەقەللا بەگەڕخران بە مەبەستی هێنانەكایەی گوتارێكی یەكگرتوو بە دامەزراندنی سیستەمێكی تازەی جیهانی لە بواری گەیاندن و میدیادا لە شێوەی ئەوەی كە لە دامەزراندنی سیستەمی دیموكراسی و ئابووریی جیهانیدا داوادەكرێت، بەڵام ئەم هەوڵانە سەریان نەگرت بە هۆی یەكنەبوون و نەگونجانی سیاسەتی راگەیاندنی نێوان خودی وڵاتاندا. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سیستەمێكی راگەیاندنی تایبەت بە خۆی هێنایە ئاراوە، بەتایبەتیش لە رووماڵكردنی جەنگی دووەمی كەنداو لە ساڵی 1991دا و دواتریش رووداوەكانی 11ی سێبتێمبەری 2001 و دوای ئەوەش لە ئەفغانستان ساڵی 1992، هەروەها شەڕی سێیەمی كەنداو لە رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003دا، كاتێ بەهێزترین تەكنەلۆژیای راگەیاندنی تێدا بەكارهێنا، بەپێی لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونی شارەزاو پسپۆرانی راگەیاندنی نێودەوڵەتی ئەم سیستەمەی ئەمریكایان لە بواری راگەیاندندا بۆ سێ بنەمای سەرەكی گەڕاندەوە كە بووە سەرەتایەكی میدیای سەردەمیانە.
بنەمای یەكەم: بریتییە لەو شۆڕشە گەورەیەی لە كایەكانی گەیاندن و گواستنەوەی زانیاری و خێرایی بڵاوكردنەوە لەنێو دەوڵەتاندا هاتەدی، كە كات و سنووری وڵاتان دەبەزێنێت.
بنەمای دووەم: بریتییە لە تایبەتمەندیی شۆڕشی زانستی و تەكنیكی كە كۆمەڵگاكانی دنیای لە كەلوپەل و كاڵاو ئامێرو هۆیەكانی بەرهەمهێنان و بەكاربردنی زانستی نقوم كرد.
بنەمای سێیەم: بریتییە لە زیادبوونی ئاڵوگۆركردنی دراوو بەرژەوەندیی ئابووری و دارایی، بەتایبەتیش دوابەدوای پەیدابوونی كۆمپانیای فرەڕەگەز، كە ئەمڕۆ دەبینین چەندین بەرهەمی وەك ئۆتۆمبیل و ئامێری ئەلكترۆنی و كۆمپیوتەر... تاد، لە زیاتر لە وڵاتێك كۆدەكرێنەوە كە هەر وڵاتێك بە شێوە پسپۆرییەك بەرهەمی دێنێت.
لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە وڵاتێكی وەكو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گەیشتە ئەو بڕوایەی كە راگەیاندن و سیاسەتی نێودەوڵەتی لە پێشەوەی كاریگەرییەكانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهان دێت و لەم بوارەشدا بایەخێكی زۆری بە گەیاندن و راگەیاندن داوە، تەنانەت لە ساڵی 1990 دا وازی لە تەواوكردنی پلانی پەرەپێدانی رۆكێت هێنا كە تێچووەكەی 1.8 بلیۆن دۆلار بوو، لە كاتێكدا ئامادەبوو كە 2.3 بلیۆن دۆلار لە پرۆژەی پەرەپێدانی كاركردنی ئێستگەی دەنگی ئەمریكا خەرج بكات، تاكو بە شێوەیەگی كاریگەرو بەهێز دەنگی بە هەموو جیهان بگات، لە جەنگی سێیەمی كەنداودا دەبینین جەنگی راگەیاندن رووی دا، كاتێك ئاژانس و میدیاكانی رۆژئاوا بەرامبەر میدیاكانی عەرەبی كەوتنە ناكۆكی نانەوە و یەكدییان بەم جەنگە تۆمەتباردەكرد و هەر یەكەیان بەرگرییان لە هەڵوێستی راستی خۆیان دەكرد، ئەمەشیان لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و كاریگەریی پەیوەندییەكان سەرچاوەی گرت.
كەواتە رۆڵ و كاریگەریی میدیا لە سیاسەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا و لە سایەی سیستەمی تازەی نێودەوڵەتی كە گرنگیی راگەیاندنی سیاسی خستە خزمەتی بەجێهێنانی ئامانج و ستراتیژییە تازەكانیدا، بوو بە چەكێكی كاریگەر زیاتر لە بەكارهێنانی چەكی ئاسایی سەربازی و توندوتیژی، چونكە چەكی راگەیاندن مەترسییەكە یلەوەدایە كە دەتوانێت قەناعەت بە خەڵك بكات یاخود گومڕاو چەواشەیان بكات بەهەر شێوەیەك لە شێوەكان، كاتێ بۆ ئامانجێكی سیاسی و هزری و ئایووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بەكاردەهێنرێت.

 

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.