Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 14:09

ڕەھەندە جیاوازەکانی ڕیفراندۆم

ئەم پڕۆسەیە بۆ ھەمووانی دەرخست، بۆ بەشێك لە حیزبەكان تەنھا دروشمێك بووە بۆ بەلاڕێدابردنی جەماوەر
100%

بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە سەرتاسەری كوردستاندا بە ناوچە ئازادكراوەكانیشەوە، بڕیارێكی بوێرانە بوو و بە یەكێك لە چارەنووسسازترین بڕیار ھەژمار دەكرێت لە مێژووی رزگاریخوازی میللەتەكەماندا، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە تیشكی بخەینە سەر، ھاتنەئارای ئەو جەدەلە خەستە بوو، كە ئایا ئەم پرۆسەیە ئەو ئامانجانەی پێكاوە كە لە پێناویدا ئەنجام دراوە، یاخود بە واتایەكی تر، ئەم ھەنگاوە ئەوەی دەھێنا قبووڵی ئەم ھەمووم مەترسییە بكەین.

 

دەكرێ بڵێین، ئەمجارەیان كورد دەسپێشخەر بوو بۆ دروستكردنی واقعێكی سیاسی لە ناوچەكەدا، ھەرچەندە لە ڕابردوودا شۆڕشمان كردووە و بەرەنگاری  گشت حكوومەتە دیكتاتۆرەكان بووینەوە و، كاریگەریمان لەسەر گشت گۆڕانكارییە سیاسییەكان ھەبووە لە عێراقدا، بەڵام بە درێژایی مێژوو، بە ھۆكاری بارودۆخی ھەرێمی و جیھانی، كە بەردەوام دژ بووە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی كورد، نەمانتوانیوە خوڵقێنەری گۆڕانكارییەكان بین، بەڵكو تەنھا مامەڵەمان لەگەڵ واقعی حاڵەكەدا كردووە و بە ناچاری خۆمان گونجاندووە لەگەل كەشی سیاسیی ئەو سەردەمی تیایدا ژیاوین.

 

بە درێژایی مێژوو، ھەر گۆڕانكارییەك لە ناوچەكەدا ئەنجام درابێت، ئەوا ھەموو جار لە زیانی كورد بووە و لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گەلی كورد، گەلانی ناوچەكە ھەژموونی خۆیان لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە فراوان كردووە.

 

سەرباری دابەشكردنمان بەسەر چوار پارچەدا، ھەریەك لەو وڵاتانە ھەموو شێوازێكی دڕندانەیان بەكار ھێناوە بۆ شكاندنی ئیرادەی ئەم گەلە و ھەژماركردنی وەك ھاووڵاتیی نمرە دوو، بەڵام بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بۆ یەكەم جار كورد تەحەدای ھەموو جیھانی كرد و ئیرادەی خۆی سەرخست.

 

بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیش، كوردستانیەتی ئەم ناوچانەمان دووپات كردەوە،  بە جۆرێك لە دوای سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ كە سەرباری تێبنییەكانی كورد، ئەنجامەكەی جۆرێك لە ڕاستییەوە نزیك بوو، ئیدی لە دوای ئەم بەروارەوە ھەر سەرژمێرییەك كرابێ، بەردەوام ڕێژەی كورد كەمی كردووە و تەعریب و تەھجریش كاریگەرییان لەسەر ئەم دۆخە ھەبووە، بەڵام ڕیفراندۆم كوردستانیەتی ئەم ناوچانەی دووپات كردەوە، بە كوردی و بە كورتی ئێستا تاپۆی ئەم ناوچانە لە دەستی كورددایە و لە ھەر پێشھاتێكی داھاتوو بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەم ناوچانە، كورد دەتوانێت بە باشترین شێوە سوود لە ئەنجامی ڕیفراندۆم وەربگرێت و ئەم كێشەیە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بەكۆتا بھێنێت.

 

لە ڕاستیدا، گشتپرسی پراكتیزەكردنی مافێك بوو كە دەیان ساڵە لێی بێبەش كرابووین، ھەر لە ڕێككەوتنامەی سیڤەرەوە بۆ لیژنەی باڵای كۆمەڵەی گەلان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی ویلایەتی مووسڵ، كە مافی دەربڕینی ڕای ئازادانەی بە گەلی كورد دابوو، كە دەیەوێت لەگەل عێراق بێت یان دەوڵەتێكی سەربەخۆی ھەبێت، بەڵام دەسەڵاتدارە ھاوردەكانی عێراق بەرژەوەندییان ھاوتەریب بوو لەگەڵ داگیركاری بەریتانی، بە جۆرێك ویستیان لە ڕێگەی كوردەوە باڵانسی نێوان شیعە و سوننە رابگرن و ھاوكات پاڵپشتێكی ئابووری بۆ وڵاتە تازەكە بدۆزنەوە، بە تایبەتی لە ڕێگەی نەوتی كەركووكەوە و كوردیشیان بێبەش كرد لە بەكارھێنانی ئەم مافە رەوا زەوتكراوە.

 

ڕیفراندۆم گەورەترین ناكۆكی یەكلا كردەوە لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كورد لە نێوان حیزبە كوردستانییەكاندا، بە جۆرێك ھەموو حیزبەكان دروشمی  سەرەكیی دامەزراندنیان بریتییە لە سەربەخۆیی، بەڵام ئەم پڕۆسەیە بۆ ھەمووانی دەرخست، بۆ بەشێك لە حیزبەكان تەنھا دروشمێك بووە بۆ بەلاڕێدابردنی جەماوەر، لە بەرامبەردا ھەندێك لە حیزبەكان ھەموو بەرژەوەندییەكانی خۆیان خستە مەترسییەوە بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە، ئەمە لە كاتێكدا بوو لە بەرامبەر دواخستنی ڕیفراندۆمدا دەیانتوانی زۆرترین بەرژەوەندیی حیزبی وەدەست بخەن، لە كۆتا ھەڵبژاردنیشدا دەنگدەری كوردستانی پاداشتی پێشەنگانی ڕیفراندۆمیان دایەوە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.