حكوومه‌ته پارچه كرا‌و و به زۆر لكێنراوه‌كه‌ی عێراق بڕیاری ئه‌وه‌ی داوه كه ساڵی 2020 سه‌رژمێری گشتی له عێراقدا بكات، به‌ڵام ئایا ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی كۆمه‌ڵایه‌تی، یاسایی، جوگرافی و سیاسی بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری له بارن یان نا؟
سه‌رژمێری یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی هه‌ر حكوومه‌تێكه كه هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێك بۆ زانینی رێژه‌ی دانیشتوانی وڵات ئه‌نجام ده‌درێت و به یاسا ماوه‌ی ئه‌نجامدانی دیارى ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی حاڵی حازر له عێراق هه‌یه ئه‌وه‌یه كه سه‌ره‌ڕای خه‌رمانی لێوان لێوی كێشه‌كان له عێراق، حكوومه‌ت بۆ خۆ دزینه‌وه له جێبه‌جێ كردنی یاسا و ده‌ستوور ده‌یه‌وێت له‌م وڵاته پارچه كراوه، كه دیپلۆماسیه‌تی ده‌ره‌كیشی له ده‌ستی خۆیدا نییه سه‌رژمێری ئه‌نجام بدات.
كاتێك سه‌یری دۆخی عێراق ده‌كه‌ین یه‌كه‌م شت كه به مێشكمان تێ ده‌په‌ڕێت پرسیار كردنه له سه‌میمیه‌تی حكوومه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری و له خۆم ده‌پرسم كه ئایا به راستی حكوومه‌ت ده‌یه‌وێت ژماره‌ی راسته‌قینی دانیشتوانی وڵات بزانێت یاخۆ مه‌به‌ستی سیاسی هه‌یه له ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری؟
بێگۆمان له عێراق پێ ده‌چێت ده‌سه‌ڵاتداریی حكوومه‌ته‌كه‌ی زۆر نه‌خاینێت، چه‌ندین كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و جوگرافی هه‌ن كه چاره‌سه‌ر كردنیان زۆرتر له ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری سوودی بۆ گه‌لانی عێراق ده‌بێت. كه‌لتووری تایفی، عه‌شایری و مه‌زهه‌بی و هه‌روه‌ها عه‌قڵیه‌تی ملیتاریستی حاكم له نێو سه‌ركرده‌كانی عێراقدا بوونه هۆكاری ئه‌وه‌ی كه عێراق هه‌م وه‌كو وڵات و هه‌م وه‌كو حكوومه‌ت به ئه‌سپایی له كاریگه‌ری به ڵام به خێرایی له كات، به‌ره‌و داڕمانێكی كاره‌ساتبار بڕوات.
زۆر كێشه‌ی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری و یاسایی هه‌ن كه چاره‌سه‌ر كردنیان بۆ عێراق گرنگتر و به سوودتره له ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری، به‌ڵام كه‌لتووری تایفی، مه‌زهه‌بی و عه‌قڵیه‌تی ملیتاریستی چونكه ده‌زانێت چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و كێشانه ده‌بێته هۆی كۆتایی هاتنی خۆی، خۆی نزیكی چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و كێشانه ناكات به‌ڵكو ده‌یانشارێته‌وه و بازیان به‌سه‌ردا ده‌دات.
ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری له عێراق كه زیاتر له نیو سه‌ده‌یه ئه‌نجام نه‌دراوه، كارێكی باش و به‌سووده بۆ عێراق به‌ڵام كاتێك كه عێراق كێشه‌كانی دیكه‌ی چاره‌سه‌ر كرابوون. حاڵی حازر هاووڵاتییان له هه‌ر جۆره خزمه‌تگوزاری و مافی مه‌ده‌نی، كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌وه‌رده‌یی و مافه‌كانی دیكه بێ به‌شن كه‌چی حكوومه‌ت ده‌یه‌وێت هه‌نگاوێك جێبه‌جێ بكات كه نه خزمه‌تی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان ده‌كات نه‌خزمه‌تی ئاسووده‌یی و به‌خته‌وه‌ری هاووڵاتییان ده‌كات.
بۆ گشتی عێراق، ئه‌وه‌ی پێویسته بكرێت! دابین كردنی ژیانێكی شه‌رافه‌تمه‌ندانه، پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاری له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌یی و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و دابین كردنی ئه‌من و ئارامی وڵات و دابین كردنی ئه‌منیه‌تی ژیانی هاووڵاتییان، ره‌خساندنی هه‌ڵی كار، زه‌مینه خۆش كردن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئاواره و كۆچبه‌رانه‌یه كه به هۆی كه‌لتووری توندوتیژییه‌وه ئاواره بوونه. به‌بێ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م جۆره كێشانه، له ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریش به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانرێت ئه‌نجامێكی راست و دروستی زانستی به‌ده‌سته‌وه بهێنرێت، چونكه به هۆی كۆچ و ئاواره‌ییه‌وه به‌شێك له ناوچه‌كان له دانیشتوانه ره‌سه‌نه‌كانی خۆیان چۆڵ كراون و كه‌سانی دیكه له‌وێ نیشته‌جێن، بۆیه ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بێته هۆی زه‌مینه خۆشكردن بۆ گۆڕینی دیموگرافی به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی عێراق.
به‌ڵام ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری له‌م دۆخه‌ی ئێستای عێراقدا بۆ كورد و كوردستانیان مانا و واته‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌یه. زۆر به ئاشكرایی ده‌توانم بڵێم كه پلان و مه‌به‌ستی عێراقییه‌كان له ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری به‌بێ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی كوردستان، خۆ دزینه‌وه له جێبه‌جێ كردنی ده‌ستوور و له‌مه‌یش زیاتر دابڕاندنی به‌شێكی گرنگی خاكی هه‌رێمی كوردستان له كوردستان و به ره‌سمی كردنی گۆڕانی دیمۆگرافی و ناوچه‌كه و ته‌عریب كردنی ئه‌و ناوچانه‌یه.
هه‌ر چه‌ند ناوی حكوومه‌ت، سه‌رۆك حكوومه‌ت و عه‌قڵیه‌ت و ئایدئۆلۆژیای ئه‌وانه‌ی كه عێراق ئیداره ده‌كه‌ن جیاواز بێت به‌ڵام له كۆتاییدا هه‌موویان له‌سه‌ر یه‌ك پرس هاوڕان. كاتێك كه پرسێكی تایبه‌ت به گه‌لانی كوردستان یا خۆ كوردستان ده‌بێته رۆژه‌ڤ، ئیداره‌كه‌رانی عیًَراق وه‌كو وڵاتانی دیكه‌ی داروسێ، هه‌موو ناكۆكییه‌كانی خۆیان ده‌خه‌نه لایه‌كه‌وه و به یه‌كده‌نگی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه هه‌ڵسووكه‌وت ده‌كه‌ن. بۆ نموونه له دوای 2003یه‌وه تا ئێستا چه‌ند حكوومه‌ت و چه‌ند سه‌رۆكوه‌زیر گۆڕان به‌ڵام هیچ كامیان ئاماده نه‌بوو پرسی ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكات، چونكه نایانه‌وێت ئه‌و ناوچه كوردستانییه داگیركراوانه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ باوه‌شی نیشتمان و له لایه‌ن دانیشتوانه ره‌سه‌نه‌كانیانه‌وه ئیداره بكرن. بێگۆمان ئه‌مه ته‌نیا ده‌ستكه‌وتی سیاسی بۆ ئه‌وان نییه به‌ڵكو ده‌ستكه‌وتی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و وزه‌ییش بۆیان هه‌یه، بۆیه هه‌ر جار به پاساوێك خۆیان له جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 و ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه داگیركراوه‌كان ده‌دزنه‌وه.
ئه‌و سه‌رژمێریه‌ی كه بڕیاره ساڵی 2020 ئه‌نجام بدرێت، یه‌كێكی دیكه له جۆره‌كانی خۆدزینه‌وه‌یه له جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 و ده‌ستووری عێراق، بۆیه پێویسته كورد هه‌ڵوێستی روون و ئاشكرای هه‌بێت، یا سه‌رژمێری قه‌بووڵ نه‌كات، یا ئه‌گه‌ر قه‌بووڵیشی كرد ئه‌وا پێویسته وا له حكوومه‌تی فیدراڵ بكات كه پێش ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری ماده‌ی 140 به هه‌موو بواره‌كانییه‌وه جێبه‌جێ بكات، دۆخی ئه‌و ناوچانه ئاسایی بكرێته‌وه، عه‌ره‌به هاورده‌كان بگه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ زێدی خۆیان و ئه‌و دانیشتوانه‌ی كوردانه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه به زۆر ناچار كراون له زێدی خۆیان بار بكه‌ن بگه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ زێدی خۆیان و هه‌روه‌ها تۆماری سه‌رژمێری 1957 به بنه‌ما وه‌ربگیردرێت. جێبه‌جێكردنی ئه‌م داواكارییانه‌ی كورد 16 ساڵه له‌لایه‌ن عێراقه‌وه جێبه‌جێ نه‌كراون و زۆر ئه‌سته‌مه له ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا جێبه‌جێ بكرن. بۆیه پێویسته كورد بزانێت و ئاگادار بێت كه ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری له‌م دۆخه‌ی ئێستادا به‌خشینی مه‌شرووعییه‌تی یاسایی و سیاسییه به پڕۆسه‌ی ته‌عریب كردن و داگیركردنی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی كوردستان و هه‌روه‌ها گۆڕینی دیمۆگرافیای ئه‌و ناوچانه.
كورد كارتی زۆری له به‌رده‌سته بۆ رێگریكردن له ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری، ئه‌گه‌ر هاتوو حكوومه‌تی عێراق داواكارییه‌كانی كوردی جێبه‌جێ نه‌كرد و ویستی سه‌رژمێری بكات ئه‌وا پێویسته كورد ئه‌و كارته كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، یاسایی و ئابوورییانه له دژی حكوومه‌ت به‌كار بهێنێت.
قه‌بووڵ كردنی ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری یا خۆ به‌شداری كردن له‌و سه‌رژمێرییه به‌و دۆخ و هه‌ڵومه‌رجه‌ی كه ئێستا له‌و ناوچانه‌دا له ئارادایه، كورد رووبه‌رووی زه‌ره‌ر و زیانی سیاسی، جۆگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كجار گه‌وره ده‌بێته‌وه و قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ئه‌م زه‌ره‌ر و زیانانه‌یش بۆ كورد زه‌حمه‌ت ده‌بێت، بۆیه پێویسته كورد له یه‌كه‌م دانوستانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا له باره‌ی سه‌رژمێرییه‌وه به ئاشكرایی داواكارییه‌كانی خۆی بخاته سه‌ر مێز و رێگه به به‌غدا نه‌دا كه ده‌سی ده‌سی پێ بكات. ئه‌گه‌ر هاتوو ویستی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی له به‌غدا نه‌بینی ئه‌وا به‌بێ دوو دڵی كارته‌كانی به‌كار بهێنێت و رێگه به دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی 16 ساڵی رابردوو نه‌دات.