لە دانیشتنێكدابووم لەنێو بەشداربووانی مەجلیسەكە گفتوگۆیەكی گەرم هەبوو و پرسیارێكی جددی وروژێندرا، ئایا دەستەڵات كەمتەرخەمە بەرانبەر بە دەڤەری باڵەكایەتی، یان ئەوە بەرپرسانی ئەم ناوچەیەن كە بەپێی پێویست داخوازییەكانی ناوچەكە بە سەرووی خۆیان ناگەیەنن؟
لەراستیشدا پرسیارێك بوو دەمێك بوو خەڵك دەیەویست وەڵامەكەی چنگكەوێت..
بەرپرسیارییەتی جومگە باڵاكانی ئەم سنوورە، لەژێر دەستەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان دایە، ئەوەی بۆ ئەم ناوچەیەش كرابێت، بێگومان بۆ هەوڵە بەردەوامەكانی پارتی دەگەڕێتەوە، بۆ گلەییەكانیش بێگومان نیشانەكان ئاراستەی حزبی دەستەڵاتدار دەكرێن.
برادەرێك كە هەمیشە دەستەڵات بەهۆكاری سەرەكی دەزانێ، هەمدیسان دووبارەی كردەوە "باڵەكایەتی لانكەیەكی شكاوە، تەنها لە كاتی شۆڕشدا گرنگ بوو، كە لە سەرچاوەی كانیاوێكدا ئاوێكی روون هەڵنەقوڵێت، چۆن بە خوارەوە دەگات؟!". بەڵام لە كۆتا دێڕەكانی ئەم وتارە رای ئەم برادەرە دەخەمەڕوو.
دوای سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ باڵەكایەتی و لە نزیكەوە دانیشتن لەگەڵ خەڵكەكەی، ئەوەمان بۆ روونبووەوە كە سەرۆك بارزانی هەمیشە ناوچەكە بە ماڵی خۆی دەزانێ "كەم گوندی ئەم دەڤەرە هەیە، نانی ئەوانمان نەخواردبێ" نمەكی سەرۆك بارزانی بە ماڵێكی ئەم ناوچەیە، ئەو هەستەی دروستكردووە كە سەرۆك بارزانی جەژنانە لەگەڵ خەڵكەكەی پیرۆز بكات و بە وردی گوێ لە داخوازییەكانیان بگرێ.
پەیامبەری ئیسلام كە بووە هۆكاری گۆڕانكارییەكی گەورە لەسەر ئاستی كۆمەڵگاكانی جیهان، بەم گەورەیی و جیاوازییەوە گوێی لە هەموو كەسێك دەگرت و لەگەڵ هەموو چین و توێژەكان، بەبێ جیاوازی رەنگ و رەگەز و ناوچە و نەتەوە و ئایین، لە نزیكەوە قسەی دەكرد، سەرۆك بارزانیش زۆر بە وردی گوێی لە هەموو كەسێكی ئەو ناوچەیە گرت و دواتریش فەرمووی: "بۆ هەر داواكارییەك دەنگی من لەگەڵ دەنگی ئێوەدایە".
كاتێك سەرۆك بارزانی بەم جۆرە دەپەیڤێ، دەرفەتێك دێتە پێش بەرپرسانی ئیداری و حزبی ئەم دەڤەرە، بۆ ئەوەی تەكانێك بدەنە بەرخۆیان و دەستی لێ هەڵكەن و خزمەتی خەڵك و ناوچەكەیان بكەن. بۆیە پیتەر دراكر دەڵێت: "بناغەی بەڕێوەبەردنی داهاتوو، لەسەر بڕیاردان و تێگەیشتنە لە پڕۆسەكە". كاتێك بناغەیەكت بۆ بەڕێوەبەردنی وڵات داڕشت، ئەوكات لە بنجوبنەوانی وڵات تێگەیشتووی.
باڵەكایەتی كە بۆ ماوەی 14 ساڵ پایتەختی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، جگە لە بارەگا سەرەكییەكانی شۆرش، خودی بنەماڵەی بارزانیش بۆ ماوەی 14 ساڵ لەم دەڤەرە ژیاون، ئەمە وایكردووە پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان بنەماڵەی بارزانی و خەڵكی ئەم ناوچەیە دروستبێت، بۆیەشە دوژمن نەیتوانی تەنها یەك كەسی ئەم دەڤەرە دەستنیشان بكات، خیانەت لە شۆڕش و بنەماڵەی بارزانی بكات.
كاتێك سەرۆك بارزانی دەرگا واڵا دەكات لە رێگای حكوومەتی هەرێمەوە خزمەت بەم ناوچەیە بكرێت، دەرفەتێكی زێڕین بە بەرپرسانی ئەم ناوچەیە دەدرێت، ئیدی نابێت ئەم هەلە لەدەست بدەن و بەزووترین كات دەستی لێ هەڵماڵن و چی پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگە پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكانی بكەن.
گلەیی هەمیشە لەجێگای خۆیەتی و هاووڵاتییانیش مافی خۆیانە داوای مافە سەرەتاییەكانی خۆیان بكەن، خەڵكانێك كە بە زمانی گلەیی قسە دەكەن، دە پارتی و حكوومەتی هەرێم رادەبینن كە گلەییەكانیان جێگای خۆی دەگرێت، ئەوان هەمیشە رووی گازاندەكانیان لە پارتییە، چونكە هەر پارتی (كە براوەی هەڵبژاردنەكان و پێكهێنەری كابینەكانی رابردوو و ئێستایە) بە خزمەتكار و ئومێدبەخش دەبینن، لەگەڵ ئەوەشدا هیوایان بە بەڵێنەكانی سەرۆك بارزانییە كە بەڵێنەكانی سەوز دەبن و دوای هاتنی لێژنەیەكی تایبەتمەندیش لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ناوچەكە، گەرەكیانە خزمەتگوزاری زیاتر بە ناوچەكە بگەیەنن.
گومانی تێدا نییە كە لە هەموو سێكتەرەكانی ژیان، كەموكوڕی و ئارێشە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا هەیە، ناوچەكە پێویستی بە بونیادێكی دیكە هەیە تا بووژانەوەیەكی فراوان لەو بوارانەدا بكرێت كە ناوچەكە پێیەوە دەوڵەمەندە، بەڵام گرنگتر لەوە ئەو پرسیارەیە، ئایا بەرپرسانی ئیداری و حزبی دوای بەڵێنەكانی سەرۆك بارزانی، دەبنە فریادڕەس بۆ خزمەتكردنی خەڵك و ناوچەكە، یان ئەوانیش پێویستیان بە پڕۆسەی چاكسازی هەیە ؟!
دەرفەتە زێڕینەكان بە كورتی..
- سێكتەری كشتوكاڵ و گەشتوگوزار، كە سەرۆك بارزانی فەرمووی ئەم دوو بوارە بۆ ناوچەكە زۆر گرنگە پەرەی پێ بدرێت، راستە دەڤەرەكە لەم دوو كەرتە دەوڵەمەندە، بەڵام گرنگتر لەوە میكانیزمی كارپێكردن و وەگەڕخستنی ئەم بوارەیە، دەكرێ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لای خۆیانەوە میكانیزمی جیاوازتر لە پێشان بگرنە بەر بۆ ئەوەی جوتیاری كورد، سەرەڕای بەرهەمی باش تووشی زیان نەبێتەوە. بەهەمانشێوە دەست بە دروستكردنی بەرنامەی سێ بەنداو بكرێت كە پێشتر لە دەڤەرەكە بەرنامەڕێژی بۆ كراوە و ساردخانەی میوەش مشورێكی لێ بخورێت.
بۆ دووەمیشیان، پێویستە وەبەرهێنان لە بواری گەشتوگوزار لە ناوچەكەدا بكرێت تا هەلیكار بۆ خەڵكی ناوچەكە بڕەخسێت و ئاستی ئابووری ناوچەكە ببوژێتەوە، چونكە تەنها لە دەڤەری باڵەكایەتی بەرزترین (تاڤگەی كانی بەست، گۆمی بێكۆدیان، لوتكەچیای هەڵگورد) لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان، لەم ناوچەیەن و ساڵانە بەهۆی كەشوهەوا سازگارەكەی، لەبەر ئەوەی تاكە ناوچەیە بەمڕێژە زۆرە لە وەرزی هاوین بەفری لێ دەمێنێتەوە، بە سەدان هەزار گەشتیار رووی تێدەكات. دەكرێ كۆمپانیا بەنێوبانگەكان سوود لەم بنەمایە خۆرسكە وەربگرن، تا وەبەرهێنان لەم كەرتەدا بكەن و حكوومەتیش هاوكاری جددی بێت.
- هەرچەندە دەڤەرەكە خاوەنی پەیمانگایەكی تەكنیكییە كە یەكەم دامەزراوەی ئەكادیمیی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، بەڵام پێویستی بە كردنەوەیەكی كۆلێژێك هەیە، هەرچەندە لە ساڵی 2015 بڕیاردرا كە كۆلێژێكی زانكۆی سۆران لە چۆمان بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا دەنگی نییە. زانكۆ ئاستی مەعریفی و ئابووری ناوچەكان بەرز دەكاتەوە، تێكەڵاوی لە رووی زانستی و كولتووری و فەرهەنگییەوە دروست دەكات و خەرجییەكی باشیش بۆ قوتابیانی ناوچەكە دەگەڕێنێتەوە، تا نەچنە شارەكان بۆ تەواوكردنی خوێندنەكەیان.
- سامانی سروشتی ناوچەكە لە ئاستێكدایە كە لە ساڵی حەفتاكانی سەدەی رابردوو باشترین بەردی مەڕمەڕ لەسەر ئاستی عێراق لە ناوچەكە هەناردەی دەرەوەی عێراق دەكرا، كەچی ئێستا سوودی لێوەرناگیرێت. ئەگەر كۆمپانیایەكی تایبەتمەند گریبەست لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بكات و بهێندرێتە ناوچەكە، دەرفەتێكی زۆری هەلیكار بۆ بێكارانی ناوچەكە دروست دەبێت و ناوچەكەش دەبێتە خاوەنی بەرهەمێكی رەسەن كە نێوبانگی هەرێمی كوردستان بەرز دەكاتەوە.
- مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، شادەمارێكی گرنگی ئابوورییە كە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بە كۆماری ئیسلامی ئێران دەبەستێتەوە، دەكرێ ئەولەویەت بدرێتە خەڵكی ناوچەكە بۆ ئەوەی زۆرترین دەرفەتی كاریان لەم سنوورە پێبدرێت، كە سەرۆك بارزانی بەروونی جەختی لەسەر ئەم خاڵە كردەوە.
-گرنگیدان بە رێگاوبان، بەتایبەتی بەدووسایدكردنی رێگای حاجی ئۆمەران-سۆران، ناوچەكە سەدا سەد دەگۆڕێت، پێداچوونەوە بە پڕۆژەكانی تەندروستی و پەروەردە و ئاوی خواردنەوە و كارەبا و پاراستنی ژینگە و سروشتی ناوچەكە. ئەمانە هەندێكیان بودجەیان بۆ دەرچووە، بەڵام گرنگ ئەوەیە كاریان بۆ بكرێت و پڕۆژەكان بە نیوەچڵی جێ نەهێڵدرێن، وەك: پڕۆژەی دووساییدی چۆمان-حاجی ئۆمەران و ناشناڵپاركی هەڵگورد-سەكران و ساردخانەی میوە.
- لەسەر ئاستی رۆشنبیری و كولتووریش، ناوچەكە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەیە هەر لە هۆڵێكی گەورەی داخراو كە سەرجەم كۆمەڵە و گروپ و رێكخراو و سەنتەرە رۆشنبیرییەكانی ناوچەكە لەخۆ بگرێت، هەمیش بۆ سمینار و كۆڕ و كۆبوونەوە جەماوەرییەكان سوودی لێوەربگیرێت، جگە لەوەش بەهۆی ئەوەی ناوچەكە شوێنپێگەی بنكە و بارەگاكانی شۆرش بووە و ماڵی سەركردەی رۆحی كورد بارزانی نەمر هەر لەو ناوچەیە بووە، پێویستە بەڵگە و دۆكیۆمێنتەكانی ئەو سەردەم، لە مۆزەخانەیەكی خنجیلانەدا كۆبكرێنەوە و بارەگا و ماڵی بارزانی نەمریش لە دیلمان و حاجی ئۆمەران نۆژەن بكرێتەوە، بۆ ئەوەی قوتابیانی زانكۆ و گەشتیاران و نەوەی تازە، ئاشنای خەبات و بەرخۆدان و نەبەردی شۆرش و سەركردەكەی خۆیان بن و لە نزیكەوە توێژینەوەیان لەسەر بكەن. ببینن لە وڵاتان ماڵی سەركردەكان چۆن بوونەتە شوێنی بەنێوبانگ و گەشتیاری؟!
لەراستیدا پرۆژەی گرنگ زۆرن لێرە ریزیانكەم، هەر پڕۆژەیەك و بەرنامەیەك لقی زۆری لێ دەبێتەوە بۆ بوژانەوەی ناوچەكە و ئاستی ئابووری خەڵك، بەڵام گرنگتر لەوە ئەوەیە ئێستا سەرۆك بارزانی بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ داخوازییەكانی خەڵكی ناوچەكە دایە، تا ئاوەدانی و بوژانەوەی زیاتر، خزمەتی زیاتر، ئاوڕلێدانەوەی زیاتر، دەرفەتی زیاتر، بە دەڤەری باڵەكایەتی بدرێت و بۆی جێبەجێ بكرێت.
با قسەی برادەرەكەم بیرنەچێت، كە ورد ورد گوێی لە وتەكانی سەرۆك بارزانی بوو، رێك وەك ئەوەی پێشتر بەهەڵە تێگەیەندرابێت، سەرێكی لەقاند و گووتی: "كاتێك هەموو شت بە سەرۆكی وڵات نەگات، تاكەكانی كۆمەڵگە هەموو شت لە زهنیەتی خۆیانەوە بە سەرۆكی وڵاتی هەڵدەڕێژن، بەڵام رەنگە كێشەكە وانەبێت، ئێستا سەرۆك بارزانی خۆی هاتووە و پێمان دەڵێت دەبێت خزمەتی زیاتری ئەو ناوچەیە بكرێت و من قەرزداری ئێوەم، ئیتر بەرپرسەكان دەبێت وەخۆیان كەون و بەرهەمەكەی بچنینەوە".