Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:35

کابینەی نۆیەم .. بەرنامەیەکی گشتگیر و نیشتمانی

چەندم كرد، تەنیا یەك لاپەڕەشم دەست نەكەوت، هەر بۆیە ناچار بووم خۆم ئەو كتێبە بنووسمەوە و دوای 30 ساڵ ناوم لێنا: (چیرۆكی سەركەوتنی سەنگافورا)
100%

لی كوان یو سەرۆكی پێشووی سەنگافورا لە كتێبی (چیرۆكی سەركەوتنی سەنگافورا) نووسیوویەتی: «ئەگەر بتەوێت ئامێرێك دروست بكەیت، ئەوا بەدەیان و سەدان كتێب هەن، فێرت دەكەن چۆن ئەو ئامێرە دروست دەكرێت، یان ئەگەر بتەوێت خۆت فێری خەیاتی بكەیت و جلەكانی خۆت خۆت بیدووریت، ئەوا بۆ ئەمەش بەهەمان شێوەیە و سەدان كتێب و سەرچاوە هەن كە فێرت دەكەن، بێگومان ئەم پرسە بۆ زۆر شتی دیكەش بەو جۆرەیە، بەڵام كاتێك لە دوای ساڵی 1965 بوومە سەرۆك وەزیرانی سەنگافورای سەربەخۆ، زۆر گەڕام بۆ ئەوەی كتێبێك، یان سەرچاوەیەكم دەست بكەوێت، كە فێرم بكات چۆن نەتەوەیەك دروست بكەم، كە تاكەكانی هاووڵاتی نین، چۆن دەست بە پرۆسەی پەرەپێدان بكەم، كە بێجگە لەچەند كەنارێك هیچ سەرچاوەیەكی دیكە نەبوو، چەندم كرد، تەنیا یەك لاپەڕەشم دەست نەكەوت، هەر بۆیە ناچار بووم خۆم ئەو كتێبە بنووسمەوە و دوای 30 ساڵ ناوم لێنا: (چیرۆكی سەركەوتنی سەنگافورا)

ئەم قسانەی لی كوان یو، ئەو راستییەمان پێدەڵێت كە دەوڵەتداری سەركەوتوو بەرهەمی ئەقڵی لۆكاڵی نەتەوەیە و نەتەوە خۆی دەزانێت چ حوكمڕانییەكی دەوێت و چۆن كێشەكانی چارەسەر دەكرێت، لەدوای ئەم قەناعەتە رۆڵی دەوڵەتمەداری سەركەوتوو دەبێتە ئەوەی چۆن مەعریفە و ئەقڵانییەت و لێهاتوویی خۆی لەناو ئەقڵی لۆكاڵی تاكەكانی نەتەوە متوربە دەكات و لەسەر بنەمای بیركردنەوە و داخوازیی هاووڵاتیان بەرنامە بۆ حكومەتەكەی دادەڕێژێت.
لەسەر ئەم بنەمایە كاتێك بەرنامەی كابینەی نۆیەم دەخوێنینەوە كە رۆژی چوارشەمەی رابردوو لەلایەن مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە پەرلەمان خوێندیەوە، دەبینین، ئەویش لە داڕشتنی ئەو بەرنامەیەدا تەنیا گوێی لە خواست و داواكاریی خەڵك گرتووە، پاشان ئەم خواست و دوایانە تەوەری سەرەكیی راوێژ و گفتوگۆكانی بووە لەگەڵ ئەو حزبانەی بەشدارییان لە حكومەت كردووە و پێكەوە لە چوارچێوەیەكدا دایانڕشتۆتەوە و ئەم بەرنامەیەی ئێستایان لێ دروستكردووە.

هێڵە گشتییەكانی ئەم بەرنامەیە، بە شێوەیەكی گشتی هەوڵێكی دەستەجەمعیی كۆی بەرپرسانی دامەزراوەكانی كوردستانی پێوەدیارە و هەوڵێكی لێ دەخوێندرێتەوە كە بە جددی كار لەسەر كەموكورتی و شكستەكانی كۆی پرۆسەی حوكمڕانی لە تێكڕای كابینەكانی كوردستان كراوەتەوە و هەوڵدراوە بەپێی ئەزموون و شارەزایی لۆكاڵی كوردستان چارەسەری گونجاوی بۆ دۆزرابێتەوە، هەر بۆیە كاتێك سەرۆك وەزیرانی كوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە لەم بەرنامەیەدا گرنگترین پرس كە كاری جددی لەسەر دەكرێت، سامانی مرۆیی خەڵكی كوردستانە، ئەمە بەو مانایەیە كە تاكەكانی كوردستان بەبێ جیاوازیی رەگەز و ئایین و نەتەوە، بەشدارییەكی كارایان لە راستكردنەوەی حوكمڕانی و بڕیاردروستكردندا دەبێت و میكانیزمی جێبەجێكردنی كارەكانی حكومەتیش بەوشێوەیە دەبێت كە هاووڵاتی خۆی بە خاوەنی پرۆژە و بەرنامەكانی حكومەت بزانێت و پشتگیریی تەواویان لێ بكات.

سەبارەت لەلایەنی باشتركردنی كوالیتی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان و زیادكردنی خزمەتگوزارییەكان، بەرنامەی حكومەت بەو جۆرە داڕێژدراوە كە هاووڵاتیان خۆیان فاكتەری دابینكردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بن و هەر خۆشیان گەورەترین سوودی لێ وەربگرن و ببێتە سەرچاوەی ژیانێكی خۆشگوزەران لە كۆمەڵگەدا.

كێشەی سەرەكیی حوكمڕانی لە كوردستاندا بەگشتی و لە شێوازی ئەدای حكومەت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی، پێشتر ئەو كێشەیە بوو كە تێكەڵاوییەك لەنێوان كاری حزبی و حكومەتدا هەبووە، ئەمەش نەك بەو مانایەی حزب دەستتێوەردانی لەكاری حكومەتدا كردووە، نەخێر، بەڵكو بەو مانایەی حزبە سیاسییەكان لەبری ئەوەی سیاسەتی حزبەكانیان تەرجەمە بكەن بۆ حوكمڕانی، هاتوون سیاسەتی حوكمڕانییان تەرجەمە كردووە بۆ سیاسەتی حزبیی خۆیان، هەربۆیە هەموو بەرنامە و سیاسەتی حكومەتیان كردۆتە دەروازەیەك بۆ پرۆپاگەندەی حزبیی خۆیان، لە بەرنامەی كابینەی ئەم جارەی حكومەتدا، زۆر راشكاوانە ئەم كێشەیە چارەسەر كراوە و زۆر بە روونییش جەختی لەسەر كراوەتەوە، «دوای ئەوەی وەزیرەكان سوێندی یاسایی دەخۆن، ئیدی چیدیكە وەزیری حزبەكان نین و وەزیری حكومەتی هەرێمی كوردستانن»، دانانی ئەم رستەیە لە بەرنامەی كابینەی حكومەت ئاماژەیەكی روونە بەوەی پێشتر وەزیرەكان هێندەی خۆیان بە وەزیری حزبەكانیان زانیوە خۆیان بە وەزیری حكومەتی هەرێمی كوردستان نەزانیوە، یانیش بە جۆرێك مامەڵەیان لەگەڵ حكومەت كردووە، تا ئەو ئاستەی لە بەرژەوەندیی حزبەكانیاندا بووبێت.

دیارە كۆتاییهاتن بەو دیاردەیەی كە وەزیرەكان لە بری ئەوەی خۆیان بە وەزیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بزانن، خۆیان بە وەزیری حزب بزانن، كاری حكومەت دەگۆڕێت بۆ كارێكی دەستەجەمعی وەك یەك تیم پێكەوە هەماهەنگی و هاریكاری دەكەن كە ئەو بەرنامەیەی حكومەت جێبەجێ بكەن كە بەڵێنیان لە خەڵكی كوردستان داوە.

لایەنێكی دیكە كە دیسان بە گەشبینییەوە سەیری جێبەجێكردنی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی پێ دەكرێت، ئەوەیە كە ئەو سێ حزبە سەرەكییە (پارتی، یەكێتی و گۆڕان) كە حكومەتەكەیان پێكهێناوە، لە پرۆسەی كاری پەرلەمانیشدا هاوكار و هەماهەنگ دەبن بۆ ئەوەی بتوانن یاسای پێویست بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەیان دەربكەن، بەتایبەتیش یاسای چاكسازیی ریشەیی كە تا راددەیەكی زۆر هەیكەلی حكومەت تەرشیق دەكات و داهاتێكی باشیش بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی لەمیانەی دۆزینەوەی هەلی كار و لێكجیاكردنەوەی ئەو تێكەڵاوییەی ئێستا لەنێوان هەلی كاری كەرتی تایبەت و كەرتی گشتیدا هەیە، ئەمانەش بە چەند یاسایەكی گرنگ، بە سەدان هەزار هەلی كار بۆ هاووڵاتیانی كوردستان دابین دەكات.
لەبواری دژایەتیكردنی دیاردەی گەندەڵی و نەهێشتنی گەندەڵی، دیارە گرنگە گەندەڵكاران سزا بدرێن و گەندەڵییەكانیان ئاشكرا بكرێت، بەڵام ئەوەی لەناو دیاردەی گەندەڵكارانی كوردستان ئێستا بوونی هەیە، هەست دەكرێت كە جۆرە پەردەپۆشكردنێك بۆ دیاردەكە هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هاووڵاتیان ئەگەر گەندەڵكارەكەش ئاشكرا بكەن، هیچ سوودێكی بۆیان نییە، راستە نەمانی گەندەڵكاری بۆ بەرژەوەندیی گشتییە و سەرەنجام هەمووان لێی سوودمەند دەبین، بەڵام گرنگیشە ئەو خەڵكانەی گەندەڵكاران ئاشكرا دەكەن، خۆشیان سوودمەند بن لەبری ئەو كارە گشتییەی بۆ بەرژەوەندیی گشتی ئەنجامی دەدەن، لەم حاڵەتەدا ئەگەر جۆرێك لە پاداشت، یان خەڵات بۆ هەر هاووڵاتیەك دابنرێت كە هەر جۆرە گەندەڵییەك بە بەڵگە و لە رێگەی یاساوە ئاشكرا بكات، ئەوا حكومەت دەتوانێت پرۆسەی هاندانی دژەگەندەڵی بكاتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ بەگژداچوونەوە و نەهێشتنی گەندەڵی، لەم حاڵەتەشدا ئەو هاوكاری و هەمانگییەش كۆتایی دێت، كە ئێستا لەنێوان گەندەڵكارەكان هەیە و پرسی ریشەكێشكردنی گەندەڵییشیان كردۆتە كارێكی مەحاڵ.

خاڵی گرنگ كە دیسان لەم بەرنامەیە جەختی لەسەر كراوەتەوە، بەهێزكردنی كەرتی تایبەتە لە چوارچێوەی سیاسەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئەم خاڵە كە لە بنەڕەتدا ئامانجی ئەوەیە تێكڕای هاووڵاتیانی كوردستان هەلی كاری گونجاو و شایستەیان دەست بكەوێت و ژیانێكی خۆشگوزەران لە وڵاتی خۆیان بەسەر بەرن، ئەوا ئەم هەنگاوە لەو خاڵەوە دەست پێدەكات كە بواری كاركردن لە كەرتی گشتی و بواری كاركردن لە كەرتی تایبەت پێكەوە وەك هەلی كار بۆ هاووڵاتیانی كوردستان پێناسە بكرێتەوە، ئەوانەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتیش لە هەمانكاتدا خاوەن كار و كارمەندی كەرتی تایبەتیش نەبێت، ئەمە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەو دیاردەی كە پێشتر باسی هەندێك لەو فەرمانبەرانە دەكران كە هەریەكەیان 2- 3 مووچەی هەبووە و مانگەش وەریگرتووە، لەم بازنەیەدا ئەگەر هەلی كار لە هەردوو بواری (كەرتی گشتی و تایبەت) هەلی كار بن بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان بێكار نەبن، ئەوا كۆكردنەوەی چەند كارێكی (كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت) بواری هەلی كار لەبەردەم هاووڵاتیاندا بچووك دەكاتەوە و زیاتریش قەوارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەورەتر دەكات.

لایەنێكی دیكە پرسی باج وەرگرتنی حكومەتە لە هاووڵاتی، ئەمەش وەك سەرچاوەیەكی دیكەی داهات بۆ هەڵسووڕانی كاروبارەكانی حوكمڕانی، لەم حاڵەتەدا بە شێوەیەك لە شێوەكان لە بەرنامەی كاری حكومەتدا ئاماژە بەوە كراوە كە باج وەرگرتن بە شێوەیەك دەبێت كە خەڵكی هەژار زەرەرمەند نەبێت، بەڵام ئەگەر باج وەگرتن بخرێتە ئەو چوارچێوەیەی كە سەرچاوەكانی ئاو و سەرچاوەكانی كارەبا بگەنە ئەو ئاستەی پێداویستیی ناوخۆیی كوردستان بەتەواوەتی دابین بكات، ئەوا گرنگە لە وەرگرتنی باجی ئەم دوو خزمەتگوزارییە سەرەكییە رەچاوی (هاندانی دەستپێوەگرتن) بكرێت، هەر هاووڵاتیەك، یان ماڵێك بەپێی پێویستی خۆی ئەم خزمەتگوزارییانەی بەكار هێنابێت، كەمترین باجی لێ وەربگیرێت و لە سەرووی ئەو بەكارهێنانەوە ئاستی باجدانەكە زۆر زیاتر هەڵبكشێ بۆ ئەوەی خەڵكی هەژار سوودێكی گەورە لەو خزمەتگوزارییانە وەربگرێت.

دیارە لە مێژووی نەتەوە ئازادەكاندا، سەركەوتنی پرۆسەی حوكمڕانی و دووبارە بوونیادنانەوەی تەواوی ژێرخانەكانی دەوڵەت و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكی و گشتییەكان، بە پرۆسەی سەركەوتنی بونیادنانی نەتەوە لە قەڵەم دەدەرێت و هەموو هاووڵاتییەكیش شانازی دەكات لەم پرۆسە گرنگە بەشدار بێت، بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە خۆی داوا دەكات هەموو هاووڵاتیان لەم پرۆسەیەدا بەشدار بن و پشتگیریی حكومەت بكەن، وامان لێدەكات بە گەشبینیەوە سەیری سەركەوتنی ئەم بەرنامەیە بكەین و ئومێدی ئەوە بكەین ئەم بەرنامەیە دەبێتە چیرۆكی سەركەوتنی نەتەوەیەك .

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.