دوای متمانەدان بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی كوردستان و سوێندخواردنی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران، كاردانەوەكان لەهەموو لایكەوە وەك بارانی بە لێزمەی بەهار دەركەوتن.
زۆرینەی كاردانەوەكان دڵخۆشی هاووڵاتییان بوون؛ كە ماوەیەكی دوور و درێژە لە چاوەڕوانی پێكهێنانی ئەم كابینەیەدان، تاكو دوای ئەو هەموو قەیران و ناخۆشی و تەنگەتاوییە ئابوورییەی سەپێندرا بەسەر هەرێمی كوردستان، چاوەڕێی تیشكی خۆرێك بكەن، هەموو لایەك بگەشێنێتەوە.
هەموو كەسێك ئەگەر لەراستی لانەدات، هەستی بەوەكردووە ڕوخساری خەڵك، جمووجۆڵی بازاڕ، دانیشتن و گفتوگۆی شەقام؛ جیاوازتر دێتە بەرچاو، تەنانەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەر یەكەی لای خۆیەوە، بە یار و نەیار، تەنانەت ئەوانەیشی كە پێشتر لەگەڵ سیاسەتەكانی بەڕێز "مەسڕوور بارزانی" ناكۆك بوون، سەرنج و دەستخۆشی و بیروڕاكانیان دەردەبڕن و بە دەركەوتنی تروسكاییەكی رۆشن بۆ هەرێمی كوردستان ناوزەدی دەكەن، بەڵام بەومەرجەی "وتەكان ببن بە كردار".
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
ئەگەر بە وردی سەرنج لە وتارەكەی سەرۆكی حكومەت بدەین، دانانی خاڵ لەسەر پیتەكان بە لێزانانە كراوە، ورد و بە سەلیقە، مرۆڤ كە گوێی بۆ دەگرێ تێڕادەمێنێ، مانا و شیكردنەوەی زۆر هەڵدەگرێ، كاتێك دەڵێ: "دەمانەوێ كەمترین گوتار و زۆرترین كردارمان هەبێت".
ئەوەی زیاتر هاووڵاتییانی خۆشنوود كردووە ئەو رستەیەیە كە گوتی: "كاری سەرەكیمان نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازییەكی گشتگیرە لە سەرجەم سێكتەرەكان". ئەم رستەیە لەدوو لاوە ئامانجی پێكا، هەم دڵسۆز و كارپاكی ناو حكومەت دیار دەخا، هەمیش زەنگێكە بۆ ئەوانەی لە گەندەڵییەوە نقووم بوون و نادڵسۆزانەش حكومەتیان كردۆتە وەسیلەیەك بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان.
نەرمی نەنواندن بەرانبەر بە گەندەڵكاران بووەتە قسەی زۆرێك لە خەڵكی، مقۆمقۆی توێژەكان ئەوەیە كە لەبەرخۆیانەوە دەڵێن: "با ئەوانیش بە سزای خۆیان بگەن، چەند ساڵە پیشە و موڵكی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەكاردێنن، دەبا ئەوجارە "مەسڕوور بارزانی" لێیان وەخۆ كەوێ!".
هێڵە گشتییەكانی حكومەت مژدەی وای تێدابوو، نەیاری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێنایە قسە، رەنگە كاتێكی گونجاومان گەرەك بێت بۆ دەركەوتنی لێكەوتە و ئەنجامەكان، بەڵام ئەزموون و لێزانین و كارزانی "مەسڕوور بارزانی" لە سەقامگیری ئاساییشی هەرێمی كوردستان و فەراهەمكردنی ژیانێكی ئارام بۆ تاكەكان؛ ئەوەمان بۆ دەردەخا كە ستافەكەی وردبینانە هەنگاو دەنێت بۆ هەر پلانێك كە بەشێوەیەكی لێزانانە و زانستیانە داڕێژراوە.
پێتڤییە هەر كەسێك نادادی، ماف پێشێلكردن، بەهەدەردانی موڵكی گشتی، كەمتەرخەمی و زێدەڕۆیی و هەر كردەوەیەكی وای بینی كە نەشیاو بووبۆ پێگەی كابینەی نۆیەم، راستەوخۆ و بێترس بیخاتەڕوو.
بەرەنگاربوونەوەی نادادی و گەندەڵی و بەتایبەتیش شەفافبوونی كەرتی وزە و سامانی سروشتی، وادەكات پەرتەوازەیی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەرەو یەكبوون ببات و نێوبانگی كوردستانیش لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەبایەختر بكات، جگە لەوەش داهات و دەرامەت و سەرمایەیەكی زۆریش بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە.
ئومێدی زۆر
ئومێدێكی زۆر لەسەر كابینەكەی "مەسڕوور بارزانی" هەڵچندراوە، ئەرێ گەلۆ ئەو ئومێدە لەكوێ هات؟ بەراستی ئەوە جێگای پرسیارە!
هەموو چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان، بە ڕووگەشییەوە ئومێدیان لەسەر كارەكانی كابینەی نۆیەم هەڵچنیوە؛ تا ژیانیان خۆش بكات، گوێ لەهەر كەسێك دەگری هیوای هەیە ئاییندەی باش دەبێت، هەموو كونسوڵ و سیاسەتمەدار و كاربەدەستەباڵاكان ئومێدیان بە كارەكانی "مەسڕوور بارزانی"ـیە.
تەنانەت سیناتۆر و دیپلۆماتكارانی وڵاتە زلهێزەكانیش لێدوانی دڵخۆشكەر دەدەن و ئومێدیان بە كارە وردەكانی سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە.
لە گوتارەكەی "مەسرووربارزانی" تێگەیشتین پێویستیمان بە ستراتیژی ئومێد و هیوابوونە بە پاشەڕۆژێكی باشتر، ئەو ئومێدەی هاووڵاتییان پشتیان پێبەستووە ئەوەیە كە خۆی رایگەیاند: دەستی حزب لە كاری حكومەت دوور دەخەینەوە. ئەوە هیوایەكی پتەوی بۆ خەڵكی كوردستان بنیات نا.
میحوەری "مەسڕوور بارزانی"
لەهەموو وڵاتە پێشكەوتووەكان، خزمەتكردنی هاووڵاتی لەریزبەندی یەكەم دێت، تا كارنامە و پلانەكانی حكوومەت باش بەڕێوەبچن و هاووڵاتییان لەسایەوە خۆشگوزەران بن لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئابووری و ئاساییش و تەناهییەوە.
كاتێك سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت: "هاووڵاتی میحوەری ئێمەیە" ئەو سیاسەتە گشتگیرەمان بۆ بەدیاردەكەوێ، كە لە ناخی خۆی و بنەماڵەكەیەوە پەروەردە كراوە، دواتر شۆڕبۆتەوە بۆ كارنامەی لیستی پارتی لە كاتی هەڵبژاردندا.
دوای ئەو هەموو چاوەڕوانییەی توێژە جیاجیاكان بۆ راگەیاندنی كابینەی نوێ، كاتێك هاووڵاتی گوێی لەم رستەیە دەبێت، لەناخەوە هەستدەكات سەرۆكێك خەمەكانی لەكۆڵ دەگرێ و رێزی لێ دەنێت، ئیدی هەستێكی لا دروست دەبێت كە شایستەی ئەو شكۆمەندییەیە كە خودا بۆی داناوە.
ئەرێ بەراست؟ هاووڵاتییانی كوردستان لەناو تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە ئابووریی و شەڕی سەپێندراوەدا تۆ بڵێی چاوەڕێی چیتر بكەن لەوە زیاتر سەرۆكوهزیران بۆخۆی بڵێت: هاووڵاتی میحوەری ئێمەیە؟
میحوەربوونی هاووڵاتی بۆ سەرۆكوەزیران، یەكێكن لە كارە هەرە ستراتیژییەكان كە متمانە و پەیوەندی نێوان جەماوەر و دەستەڵات بەهێزتر دەكات، هێز و تەوژمێكی زۆرتر بە هاووڵاتی دەبەخشێ تا كار بكات بۆ سەرخستنی ئەم كابینەیە.