لە ھەڵبژاردنەكانی شارەوانیی ئیستانبووڵ، ئاپۆ داوای كرد كە كورد ھێڵی سێیەم بێت و دژی ئاكپارتی دەنگ نەدات و باڵە سەربازییەكەی پەكەكەش لە قەندیل، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەنگدەرانی كوردی لە ھەڵبژاردنەكەدا بەو ئاڕاستەیە ھان دا كە دەنگ بە ھیچ كاندیدێك نەدەن، ئەم ھەڵوێستەش راستەوخۆ لە خزمەتی حیزبی دەسەڵاتدار بوو لە توركیا، كەچی شەڕ لەگەڵ ھەمان دەسەڵات دەگوازنەوە بۆ ھەرێم و گوندەكان وێران دەكەن و خەڵكی سڤیل شەھید دەكەن، ئەمە لە كاتێكدایە تا ئێستا بستێك لە خاكی باكوور ئازاد نەكراوە.
لە دوای دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ مووسڵ و گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەكە و پڕكردنەوەی گشت پۆستەكانی ئەم پارێزگایە، ھەوڵەكان بەردەوامن بۆ دەركردنی ھێزە نایاساییەكان لەم پارێزگایە، بە تایبەتی گرووپە جیاوازەكانی پەیوەست بە پەكەكە، كە سەرباری ئاستەنگ دروستكردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی ناوچەكە، ئەمەش وای كردووە ناوچەكە ئاوەدان نەكرێتەوە و خەلكەكەی نەتوانن ژیانێكی ئاسایی بژین، ھاوكات ھۆكارێك دەدات بە توركیا ھێزی زیاتر ڕەوانەی ناوچەكە بكات بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بە ویلایەتی مووسڵ و زیندووكردنەوەی خەونی لەمێژینەی.
ئەگەر پەكەكە ڕاست دەكات و خەمی راستەقینەی پاراستنی كوردستانە، با بچێت لە رۆژئاوای كوردستان عەفرین ئازاد بكات، كە شاڕێگای رۆژئاوایە بۆ گەیشتن بە دەریا و هەروەها ڕێگە بە لەشكری رۆژ بدات رۆڵیان ھەبێت لە پاراستنی، ئەمە جگە لە دژایەتیی حیزبەكانی تر لەم بەشەی كوردستاندا، بە سیاسەتە ھەڵەكانی، داھاتووی ئەم پارچەیەی كوردستانی خستووەتە بارودۆخێكەوە، لە نێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆن لەلایەك و توركیا و ئەمەریكا لە بەرامبەردا، ڕوون نییە بە كوێ دەگات.
دیاریكردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم، بە تایبەتی كەركووك بۆ ئەنجامدانی كردەوە سەربازییەكانیان، بێ پاڵنەر و ئامانج نییە، بەڵكوو ئەوە دەزانن لە داھاتوویەكی نزیكدا لەگەڵ زیادبوونی گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران، پێگەی كەركووك و ئەم ناوچانە بۆ وڵاتانی ھەرێمی و كڕیارانی نەوت لەسەر ئاستی جیھان زۆر گرینگ دەبێ بۆ عێراق لە جێگەی بەسڕەوە بۆ توركیا وەك قەرەبووی نەوتی ئێران، بۆ ئەمەریكاش ڕوونە مەبەستیەتی نەوتی كەركووك بەكار بھێنێت بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگیی نزخی نەوت لە بازاڕەكانی جیھاندا، بۆیە ئەم ھەنگاوەی پەكەكە ڕێك خزمەت بە ئەجێندای ئێران دەكات لە ناوچەكەدا.
ئەوەتا كە باشووری كوردستان ھەر كاتێك ھەنگاوێك بەرەو سەقامگیری و پێشكەوتن دەھاوێ، رێك لە بەردەمیدا بەربەست دروست دەبێت و پەكەكەش لەم ڕووەوە درێخی نەكردووە بۆ خزمەتی نەیاران و لێدان لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی كوردستان، نەك هەر ئەوە، لە ساڵی ١٩٩٢شدا و لە سەرەتای دروستبوونی حكوومەتدا، پەكەكە ھەرێمی كوردستانی ڕووبەڕووی شەڕێكی نەخوازراو كردەوە و، دواتریش دژایەتیی راستەوخۆی ھەناردەكردنی نەوتی كوردستانی كرد بە ھەڕەشەكردنی تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی كوردستان - جیھان، لەگەڵ دروستبوونی شەڕی داعشیشدا، چەند ناوچەیەكی ھەرێمی كوردستانی كۆنتڕۆڵ كرد.