Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:43

مه‌سرور بارزانی چی بۆ کوردستان ده‌کات؟

هیچ كه‌س و لایه‌نێك كاتێك تووشی كێشه‌ یا هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بێت، بۆی نییه‌ به‌ سولحى عه‌شایری، كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات، ناچاره‌ روو له‌ دادگا و لایه‌نی دادوه‌ری بكات
100%

سه‌رۆكوه‌زیری نوێ كوردستان مه‌سروور بارزانی بۆ چوار ساڵی داهاتووی كابینه‌كه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ی داناوه‌ و ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ خۆی له‌ چه‌ند خاڵێكی زۆر گرنگدا ده‌بینێته‌وه‌.

 كۆدی كورت كراوه‌ی به‌رنامه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی، بووژاندنه‌وه‌ و ئه‌منیه‌تی كوردستانه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ مه‌سروور بارزانی زۆر به‌ وردی سه‌یری سیڤی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ كابینه‌كه‌دا كاریان له‌گه‌ڵدا ده‌كات.

 ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ توانایی ئه‌نجامدان و جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌كه‌یان نه‌بێت له‌ كابینه‌دا جێیان نابێته‌وه‌. له‌ پاڵ ئه‌مه‌یشدا له‌ نێو داموده‌زگاكان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كاندا، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌عین كردن له‌سه‌ر بنه‌مای واسته‌ قه‌بووڵ ناكات، به‌ڵكو تاقه‌ مه‌رجی ته‌عین كردن لیاقه‌ت و كارامه‌یی ده‌بێت.

 به‌ كورتی مه‌سروور بارزانی كه‌سی شیاو له‌ شوێنی شیاو داده‌نێت، ئه‌خلاقی كاری و هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تی پیوانی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ بۆ وه‌زیر، به‌ڕێوه‌به‌ر و ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ماوه‌ی كابینه‌ی نوێدا ئه‌ركیان پێ راده‌سپێردرێت.

به‌دواداچوون كردن بۆ به‌رنامه‌كه‌ و چۆنێتی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ و پڕۆژه‌كان له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانه‌وه‌، خاڵێكی جیاوازی چوار ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مه‌سروور بارزانی ده‌بێت و ئه‌و به‌رنامه‌ و پڕۆژانه‌ی كه‌ بۆ هه‌ر وه‌زاره‌ت یا فه‌رمانگه‌یه‌ك كه‌ ده‌ستنیشان كراون، بۆ چۆنێتی جێبه‌جێكردنیان، ماوه‌ی جێبه‌جێكردنیان، كوالێتییان، به‌ شێوه‌ی راسته‌وخۆ به‌دواداچوونیان له‌ لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیره‌وه‌ بۆ ده‌كرێت. جدییه‌ت، دڵسۆزی و ویژدانی كاری پیَوه‌رێكی سه‌ره‌كی ده‌بێت له‌ كابینه‌ی نوێدا.

ده‌توانین له‌ دوو به‌شدا باس له‌ ناوه‌ڕۆكی به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نوێ بكه‌ن، به‌شی یه‌كه‌می به‌رنامه‌كه‌ چه‌ند شه‌رت و مه‌رجی ئیدارین و به‌شی دووه‌می به‌رنامه‌كه‌یش ئه‌و پڕۆژه‌ و كارانه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجام ده‌درێن، ئه‌مه‌ چه‌ند خاڵی به‌شی یه‌كه‌می به‌رنامه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانین.

شه‌رت و مه‌رجی ئیداری

1-دڵسۆزی، جدییه‌ت، ئه‌خلاقی كاری و هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كان، پڕۆژه‌ و به‌رنامه‌ ئاماده‌ كراوه‌كان به‌ باشترین شێوه‌ و له‌ كات و ساتی پێویستدا جێبه‌جێ بكرێن، سه‌رۆكوه‌زیر داوای ئه‌م چوار تایبه‌تمه‌ندییه‌ له‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵیدا كار ده‌كه‌ن.

2-كه‌مته‌رخه‌می و بێ رێزیكردن به‌ خه‌ڵك. مه‌سروور بارزانی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك كه‌ له‌ كاتی راپه‌راندنی ئه‌ركدا كه‌مته‌رخه‌می بكات یا به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان بێ رێزی به‌و كه‌سانه‌ بكات كه‌ سه‌ردانیان كردووه‌ قه‌بووڵ ناكات و رووبه‌رووی لێژنه‌ى دیسپلینی ئیداری و دادگای ده‌كاته‌وه‌.

3-روتینیات، بیرۆكراسی ئیداری و هه‌ستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی، مه‌سروور بارزانی هه‌وڵێكی یه‌كجار زۆر ده‌دات بۆ نه‌هێشتن و بن بڕكردنی رۆتینیات و بیرۆكراسی ئیداری له‌ كاتی راپه‌راندنی كاروباری خه‌ڵك له‌ ئیداره‌ و فه‌رمانگاكاندا، به‌ بن بڕكردنی ئه‌م دیاردانه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆ بوونه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی هه‌ستی نیشتمانی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به‌ وڵات، حكوومه‌ت، مڵك و ماڵی گشتی و نرخه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان لاواز ببێت، دووباره‌ به‌هێز بكرێته‌وه‌.

4- لێپرسینه‌وه‌ وبه‌دواداچوون. مه‌سروور بارزانی هه‌ر وه‌زاره‌ت یا هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌یه‌ك كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌، پڕۆژه‌ یا ئه‌ركێك رابسپێرێت، ماوه‌یه‌كی دیاریكراوی بۆ جێبه‌جێكردن دیار ده‌كات و مه‌رجیشی بۆ داده‌نێت، له‌ پاڵ چاودێری چڕدا، كاتی كۆتایی هاتنی به‌رنامه‌، پڕۆژه‌ یا ئه‌ركه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ لایه‌نی جێبه‌جێكار داده‌نیشێت، له‌ سیر تا پیاز باسی تێچوو، لایه‌نه‌ باش و خراپه‌كانی پڕۆژه‌ ئه‌نجامدراوه‌كه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بێت ده‌ستخۆشی له‌ لایه‌نی جێبه‌جێكار ده‌كات ئه‌گه‌ریش سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، لایه‌نی جێبه‌جێكار به‌رپرسیار ده‌بێـت.

به‌رنامه‌ و پڕۆژه‌كان

مه‌سروور بارزانی به‌رنامه‌یه‌كی زۆر چڕی بۆ ئاوه‌دان كردن و بووژاندنه‌وه‌ی زیاتر كوردستان له‌ هه‌ر روویه‌كه‌وه‌ داناوه‌ و زۆر به‌ جدی هه‌وڵ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌رنامه‌ و پڕۆژانه‌ ده‌دات. به‌شێكی ئه‌و پڕۆژانه‌ به‌مجۆره‌ن.

ئابووری

1-بووژاندنه‌وه‌ی ئابووری و دابین كردنی سه‌رچاوه‌ی زیاتری داهات بۆ كوردستان، كابینه‌ی نوێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ ژیانی هاووڵاتییانی كوردستان باشتر بكات، هه‌وڵ بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌ی زۆر گرنگ ده‌دات. بۆ نموونه‌، سه‌رچاوه‌ی داهاتی كوردستان زیاتر ده‌كات، بۆ زیاد كردنی سه‌رچاوه‌ی داهات، كابینه‌ی نوێ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی كه‌ كار به‌ یاسای عێراقی بۆ دانانی كه‌سێكی عێراقی بۆ هاوبه‌ش بوون له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كان جێبه‌جێ بكات، داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت ده‌كاته‌ هاوبه‌شی ئه‌و كۆمپانیانه‌. بۆ نموونه‌ كاتێك كۆمپانیایه‌كی بیانی بییه‌وێت له‌ كوردستان كار بكات، حكوومه‌ت هه‌ر جۆره‌ هاوكاری و كارئاسانی بۆ ده‌كات و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی كه‌سێك بكاته‌ هاوبه‌شی ئه‌و كۆمپانیایه‌، به‌ رێژه‌یه‌كی ره‌مزی حكوومه‌ت یا وه‌زاره‌تێكی حكوومه‌ت ده‌كاته‌ هاوبه‌شی ئه‌و كۆمپانیایه‌ و به‌مجۆره‌ كۆمپانیاكه‌ سه‌دا 3 تا سه‌دا 5ی داهاته‌كه‌ی بۆ ئه‌و فه‌رمانگه‌ یا وه‌زاره‌ته‌ ده‌بێت، به‌مجۆره‌ ئه‌و داهاته‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتی حكوومه‌ت، پێشتر ئه‌مه‌ بۆ كه‌س بوو.

2-دابین كردنی ئاسایشی خوراك و بووژاندنه‌وه‌ی كشتوكاڵی ناوخۆیی. كابینه‌ی نوێ حكوومه‌تی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت سوود له‌ ئاو و زه‌مینه‌ كشتوكاڵییه‌كانی كوردستان وه‌ربگرێت، هه‌وڵی خۆی بۆ بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی چڕ ده‌كاته‌وه‌.

هاوكاری جۆتیار و ئاژه‌ڵدارانی كوردستان ده‌كات، به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ بۆ ساخكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ ناوخۆی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان داده‌نێت، له‌ كاتی پێگه‌یشتنی به‌روبومی خۆماڵیدا، رێگه‌ به‌ هیچ بارزگان و كه‌سێك نادرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هیچ جۆره‌ به‌روبومێك هاورده‌ی كوردستان بكات.

هه‌روه‌ها هاوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كاری كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری روو له‌ گونده‌كان ده‌كه‌ن.

3- بواری گه‌شتوگوزاریی یه‌كێك له‌و كه‌رتانه‌یه‌ كه‌ گرنگی پێ ده‌درێت و رۆلی گرنگی له‌ فره‌چه‌شن كردنی داهاتی ئابووری كوردستان ده‌بێت، كه‌رتی گه‌شتوگوزارییه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، سه‌ره‌ڕای ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری پێویست بۆ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی كوردستان، هاوكات چه‌ندین شوێنی گه‌شتیاری دیكه‌یش هه‌ن كه‌ تا ئێستا نه‌بوونه‌ جێگای سه‌رنجی گه‌شتیاران، ئه‌م شوێنانه‌یش بۆ گه‌شت و سه‌یران كردنی گه‌شتیاران ئاماده‌ ده‌كرن. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتیاری زیاتر روو له‌ كوردستان بكات، كۆمه‌ڵێك رۆتینیات و بیرۆكراسی ئیداری هه‌یه‌ كه‌ گۆڕانكارییان تێیادا ده‌كرێت، بۆ نموونه‌ له‌ بازگه‌كاندا، رێزگرتن له‌ گه‌شتیار، ئاسانكاریكردن بۆ گه‌شتیار و راكێشانی دڵی گه‌شتیار ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌ گرنگه‌كان.

4-دامه‌زراندنی كارگه‌ و ره‌خساندنی هه‌ڵی كار، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی بێكاری له‌ كوردستان نه‌مێنێت، هه‌وڵ بۆ دامه‌زراندنی كارگه‌ و كارخانه‌گه‌لی جیاجیا له‌ شاره‌كانی كوردستان ده‌درێت. كارمه‌ندانی ئه‌م كارگه‌ و كارخانانه‌ی، هاوڵاتییانی كوردستان ده‌بن و به‌مجۆره‌ هه‌م ژماره‌ی بێكاران كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ و هه‌م پاره‌ی گه‌رمی كوردستانیش ناچێته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان. سنوورێك بۆ كۆمپانیا بیانییه‌كان بۆ هێنانی كرێكاری بیانی له‌گه‌ڵ خۆیاندا داده‌نرێت. هه‌روه‌ها ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه‌ كاری هێنانی كرێكاری بیانی ده‌كه‌ن راده‌سپێردرێن كه‌ ته‌نیا له‌و بوارانه‌دا كه‌ كوردستان پێویستی پێیه‌ بۆیان هه‌یه‌ هێزی كار بهێنێننه‌ كوردستان.

5-باج. سیسته‌می باج كه‌ یه‌كێك له‌ جومگه‌كانی ئابووری و داهاتی هه‌ر حكوومه‌تێك، تا ئێستا له‌ كوردستان به‌ باشی كاری پێ نه‌كراوه‌، بۆیه‌ له‌ كابینه‌ی نوێیه‌مدا، كار به‌ سیسته‌می وه‌رگرتنی باج و رسووماتی مالی له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌كرێت و كه‌س له‌  دانی باج ناتوانێت خۆی بدزێته‌وه‌.

6- چاودێریكردنی بازاڕ. له‌ كابینه‌ی نوێدا به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی كه‌ بازاڕ ئازاده‌، رێگه‌ به‌  هیچ بازرگان و لایه‌نێك نادرێت به‌ دڵی خۆی، كاڵای بێ كوالیتی بهێنێته‌ كوردستان و نرخ بۆ كاڵاكانی دیاری بكات. له‌ رێگه‌ی كۆمیته‌ تایبه‌تییه‌كانه‌وه‌ نرخ شت و مكه‌كان دیار ده‌كرێت و ئه‌و لایه‌نانه‌ی سه‌رپێچی بكه‌ن رووبه‌رووی سزای یاسایی و مالی ده‌بنه‌وه‌.

بواری یاسایی

سه‌روه‌ری یاسا، سه‌ربه‌خۆی دادگاكان و دادوه‌ره‌كان و به‌هێزتركردنی رۆل و پێگه‌ی دادگا و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كوردستان یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌ گرنگه‌كانی كابینه‌ی نوێیه‌. له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی نوێدا، هیچ كه‌س و لایه‌نێك كاتێك تووشی كێشه‌ یا هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بێت، بۆی نییه‌ به‌ سولحى عه‌شایری، كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات، ناچاره‌ روو له‌ دادگا و لایه‌نی دادوه‌ری بكات. ئه‌وانه‌یش وه‌كو پیاوماقووڵ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان خۆیان ده‌خه‌نه‌ شوێنی دادگا و مه‌راجعی دادوه‌ری رووبه‌رووی سزای یاسایی ده‌بنه‌وه‌.

ته‌ندروستی

بۆ بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی و پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاری باشتری ته‌ندروستی به‌ هاووڵاتییان، په‌یداویستییه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ و ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌ حكومییه‌كان دابین ده‌كرن، سیسته‌مێكی نوێ ئیداری بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی په‌یڕه‌و ده‌كرێت. رێگه‌ به‌ نه‌خۆشخانه‌ و ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كان نادرێت كه‌ به‌ دڵی خۆیان نرخ بۆ خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان دابنن. كۆمپانیاكانی ده‌رمانسازی له‌ كوردستان په‌ره‌یان پێ ده‌درێت و سوود له‌ ئه‌زموونی كه‌سانی پسپۆڕ وه‌رده‌گیردرێت.

هێنانی ده‌رمان ده‌خرێته‌ ژێر كۆنترۆڵ و چاودێری چڕی حكوومه‌ته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی ده‌رمانی ساخته‌ و ماوه‌ به‌سه‌رچوو بهێننه‌ كوردستان، رووبه‌رووی سزای ده‌بنه‌وه‌ و سزاكه‌یشیان رێگریكردنی هه‌تاهه‌تاییه‌ له‌ بارزگانی كردن له‌ كه‌رتی ده‌رماندا، ئه‌و پزشك و كارمه‌ندانه‌ی ته‌ندروستیش كه‌ وه‌كو پێویست ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كه‌ن، رووبه‌رووی سزای ئیداری ده‌بنه‌.

كه‌رتی په‌روه‌رده‌، رێگاوبان، كاره‌با و ئاو. له‌م كه‌رتانه‌یشدا چه‌ندین پڕۆژه‌ی زۆر گرنگ ئاماده‌ كراون، بۆ نموونه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چی دیكه‌ پاره‌ی كوردستان بۆ دابین كردنی كاره‌با به‌ وڵاتانی ده‌ره‌كی نه‌درێت و هاوكات سوودیش له‌ سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی كوردستان هه‌م بۆ كاری كشتوكاڵی و هه‌م بۆ دابین كردنی كاره‌با وه‌ربگیردرێت، چه‌ندین پڕۆژه‌ی گرنگی دروستكردنی وێستگه‌ی ئاوی بۆ وه‌به‌رهێنانی كاره‌با ئاماده‌ كراون.

سیسته‌مێكی نوێ بۆ رێگه‌وبانی كوردستان داده‌نرێت و پۆلیسی هاتوچۆ ده‌بێته‌ به‌رپرسیار له‌و كه‌رته‌، ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه‌ پڕۆژه‌كانی رێگه‌وبان وه‌كو پێویست جێبه‌جێ ناكه‌ن رووبه‌رووی سزای دارایی ده‌بنه‌وه‌.

له‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌دا، گۆڕانكاری زۆر گرنگ ده‌كرێت، په‌روه‌رده‌ی كوردستان ده‌كرێته‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی نیشتمانی له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن، خۆشه‌ویستی و به‌ ده‌سته‌وه‌ هێنانی زانست، كوالیتی قوتابخانه‌كان و ماتریاڵه‌كانی خوێندن باشتر و سه‌رده‌میانه‌تر ده‌كرێت، گرنگی به‌ هه‌ستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و وڵات دوستی له‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌دا ده‌درێت.

بێجگه‌ له‌م كه‌رتانه‌، له‌ بواری دابین كردنی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، سازانی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی، گۆڕینی چۆنێتی په‌یوه‌ندییه‌كانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌كی، به‌هێزتركردنی پێگه‌ی حكوومه‌ت و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكوومه‌ت له‌ وڵاتانی ده‌ره‌كی به‌رنامه‌یه‌كی زۆر چڕ دانراوه‌ و بۆ جێبه‌جێكردنیشی كاری زۆر جدی ده‌كرێت.

 بۆ نموونه‌ هیچ حزب و لایه‌نێكی سیاسی له‌ جیاتی حكوومه‌ت په‌یوه‌ندی به‌ وڵاتانی ده‌ره‌كییه‌وه‌ ناكات. په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تیش له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌كی زیاتر له‌وه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كاندا بێت، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و سیسته‌می ده‌وڵه‌تدا ده‌بێت، چونكه‌ حكوومه‌ته‌كان ده‌گۆڕدرێن به‌ڵام ده‌وڵه‌ته‌كان ناگۆڕدرێن، له‌ كاتی گۆڕینی حكوومه‌ته‌كاندا ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تدا بێت ئه‌وا په‌یوه‌ندییه‌كان نامێنن بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌ر له‌ نوێیه‌وه‌ هه‌وڵ بدرێت كه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی نوێ په‌یوه‌ندی ساز بكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش بۆ بواری دیپلۆماتیكی كێشه‌یه‌، بۆیه‌ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌ وكێشه‌یه‌، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌كاندا داده‌نرێت.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.