Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:32

کاک (مەسروور بارزانی) کەسایەتییەک خاوەنی گشت تایبەتمەندییەکانی سەرکەوتن

لە ئێستادا داواكاریی لایەنە سیاسییەكان و جەماوەر، بریتییە لە پرسی چاكسازی لە كابینەی نۆیەمدا
100%

ئەوەی ناتوانرێ لەلایەن دۆست و نەیارانەوە نكۆڵیی لێ بكرێ، ئەو ڕاستییەیە كە لە سایەی حكومداریی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی پێشووی حكوومەتی ھەرێم، بە شێوەی پێویست كوردستان لە گشت سێكتەرەكان گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەو تایبەتمەندیانەی ئەم كابینەیە لەوانی تر جیا دەكاتەوە، جیا لەوەی ڕاسپێردراو بۆ پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێم، كاندیدی گەورەترین حیزبی كوردستانە، خاوەن خەسڵەتی پێویستی  رەوشەكەیە، بۆیە چاوەڕوانیی لێ دەكرێ بە ھاوكاریی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی ھەرێم، كوردستان بباتە قۆناغێكی جیاوازتر لە ڕابردوو.

 

بەو ھۆكارەی كاك (مەسروور بارزانی) ساڵانێكی زۆر لە ئەمەریكا ژیاوە و خوێندنی ھەر لەو وڵاتە بووە، كاریگەریی ھەبووە بۆ ئەوەی  بتوانێ پەیوەندیی بەرفراوان دروست بكات لە ئاستە جیاوازەكانی دەسەڵاتداراندا، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ كاندیدی ڕاسپێردراو تێگەیشتنی جیاوازی ھەبێت بۆ ھێڵە گشتییەكانی سیاسیەتی ئەمەریكا و باشتر مامەڵە بكات لەگەڵ ھاوكێشە جیاوازەكانی ناوچەكە، بە تایبەتی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا و راگرتنی باڵانس لە نێوانیان و بتوانێ ھەرێم بەرەو كەناری ئارام ببات.

 

 ڕاسپاردنی كاك (مەسروور بارزانی)، ھاوكاتە لەگەڵ سەرھەڵدانەوەی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و تێكچوونی بارودۆخی كوردستانیانی ئەم ناوچەیە لە سایەی بەسەربازیكردن و گەڕانەوەی دووبارەی تەعریب بۆ ناوچەكە، بەڵام ئەزموونی چەندین ساڵەی پێشمەرگایەتی و ئامادەبوونی بەردەوام لە بەرەكانی جەنگ لە دژی تیرۆریستانی داعش، ئومێدێكی زۆری لای كوردانی ئەم ناوچانە دروست كردووە كە سەرۆكوەزیرانی داھاتوو توانای ھەیە كێشەكانیان چارەسەر بكات و لەم رەوشە نالەبارە ڕزگاریان بكات.

 

ناكرێ ئەو ڕاستییە نادیدە بگرین، عێراق بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی پیلانی ھەواڵگریی یەك لەدوا یەكی وڵاتانی ھەرێمی بوونەتەوە و بەردەوام ئاستەنگیان بۆ پێشكەوتنی ھەرێم داناوە، لەسەر ئەو بنەمایەی كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ ماوەی چەندین ساڵ ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم بووە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ كاریگەریی وڵاتانی ھەرێمی لەسەر كوردستان كەم بكاتەوە و پێگەی كوردستان لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە بەھێزتر بكات.

 

لە ئێستادا داواكاریی لایەنە سیاسییەكان و جەماوەر، بریتییە لە پرسی چاكسازی لە كابینەی نۆیەمدا، ھاوكات یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی ڕێككەوتنی لایەنەكانی پێكھێنەری حكوومەتی داھاتوو، بریتیە لە ئەنجامدانی چاكسازی لە گشت جومگەكانی حكوومەتدا، ئەمە لە كاتێكدایە كەسایەتیی خودی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراویش بە جدییەت لە كار و كاردانەوەی بەھێز بەرامبەر سەرپێچیكاران ناسراوە، بۆیە چاوەڕوانیی زۆریان لە حكوومەتی داھاتوو ھەیە بتوانێت لەم بارەیەوە ھەنگاوی پێویست بنێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.