Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 19:13

دیموکراسیمان لە هی عالەم ناچێت

کە پڕۆژەکە خرایە دەنگدان و دەنگی زۆرینەی بەدەست هێنا، ئەوکات دەبێتە بڕیاری پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان دەبێ پابەندی ئەو یاسایە بن و لەسەری ڕازی بن
سەلاح باباعەلی
100%

لە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان، لە ڕێی پرۆسەی دیموکراتییەوە، چارەنووسی سیاسی و ئیداری و کارگێڕیی خۆیان دیاری دەکەن. هەرچەند کە لەوانەیە شێوازی ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاواز بێت و بۆ دەنگدان لەسەر یاسایەک، ڕای جیاواز هەبێ، بەڵام ئەنجامیان هەرچی بێت، دەبێتە یاسای کارپێکراو و خەڵکەکەی پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن لە عێراقیش، پرۆسەی دیموکراسی هاتە ناو ژیانی سیاسیی خەڵکەوە و لە ڕێی هەڵبژاردن و سندووقەکانی دەنگدانەوە، گەل نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان وەک ماڵی میللەت دەستنیشان کردووە کە کار و ئەرکی سەرەکیی ئەو نوێنەرانە دەرکردنی یاسای تایبەت بە ژیار و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک یان هەموارکردنی ئەو یاسایانەیە بەشێوەیەک کە لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆدا بگونجێت.

ئەو پرۆسەیە لە هەرێمی کوردستان هەر لە ساڵی دوای ڕاپەڕینەوە تەجروبە کراوە و تائێستا کوردستان بە هەڵبژاردن نوێنەرانی خۆی ڕەوانەی پەرلەمان کردووە و یاسا دەکراوەکانیشی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک لایەنی جێبەجێکاری بڕیارەکانی پەرلەمان، کەوتوونەتە واری جێبەجێکردنەوە. یەکێک لەو یاسایانە کە بەم دواییە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا دوای ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان و وەرگرتنی ڕا و سەرنجی فراکسیۆنەکان لەسەری هەموار کرایەوە، پڕۆژە یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان – عێراق بوو.

ئەوە بوو دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی یاسایی لەسەر پڕۆژە یاساکە، لە دانیشتنی پەرلەماندا فراکسیۆنەکان قسەی خۆیان کرد لەسەر گونجاندن یان نەگونجاندنی پێشنیارەکانیان لەناو پڕۆژەیاساکەدا و بەرگریشیان لە بۆچوونی خۆیان کرد. تائێرە یاساییە، بەڵام کە پڕۆژەکە خرایە دەنگدان و دەنگی زۆرینەی بەدەست هێنا، ئەوکات دەبێتە بڕیاری پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان دەبێ پابەندی ئەو یاسایە بن و لەسەری ڕازی بن.

ناکرێ لەبەر ئەوەی ڕا و سەرنجی فراکسیۆنێک دەنگی نەهێناوە، ئیتر تاکۆتایی بکەونە دژایەتیی یاساکە و بە چەپ و ڕاست لە دژی بوەستنەوە. بەمەش دیموکراسی و خەباتی پەرلەمانی خەوشدار دەبێ کە تیایدا ڕای زۆرینە دەخوات و کەمینە (دوای بەرگری لە داوا و پێشنیارەکانی) ملکەچی زۆرینە دەبێ و پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکان ڕادەگەیەنێت. بەڵام دەبینین لە کوردستان شتەکان پێچەوانەن وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمدا دیتمان.

فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ، یەکگرتوو و نەوەی نوێ بە شانازییەوە باسیان لەوە دەکرد کە لەبەر ئەوەی ڕا و سەرەنجەکانیان دەنگی نەهێناوە، ئەوانیش دەنگ بە سەرۆکی هەرێم نادەن. ئیتر نازانن پڕۆژەیاسایەک کە دوای موناقەشە و ڕادەربڕینی هەمووان لەسەری، بوو بە یاسا، پێویستە زۆرینە و کەمینە، پێوەی پابەند بن، نەک کەمینە هەتاهەتایە قۆڵی دژایەتیی لێ هەڵماڵێت. بەداخەوە کە خراپ لە دیموکراسی گەیشتووین و ئەوەشمان لە هی عالەم ناچێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.