Erbil 22°C چوارشەممە 18 ئەیلوول 04:16

لە مەحاڵەوە بۆ لوتکە

له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین خه‌لكی كوردستان شاگه‌شكه‌ ده‌بوو به‌ بینینی وه‌فدی بیانیه‌ك یان فڕۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نی له‌ ئاسمان
پیران ئه‌میر
100%

گۆڕانكاریه‌ خێراكانی ناوچه‌كه‌ و ده‌ركه‌وتنی نێچیرڤان بارزانی، وه‌ك سیاسیه‌كی جیهانی و به‌جێهێشتنی مەودای ناوچه‌یی له‌ سیاسه‌تدا، جاش قه‌ڵه‌مه‌كانی هه‌راسان كردووه‌، به‌جۆرێك ماوه‌یه‌كه‌ و به‌تایبه‌ت له‌دوای دیاربوونی ئاینده‌ی سیاسی ئه‌و سه‌ركرده‌ كورده‌ بۆ ڕابه‌رایه‌تی كردنی دۆزێكی فروانتر و پۆستێكی باڵاتر، قورگی ته‌سكی نه‌یارانی ته‌نگتر بووه‌ و هه‌ناسه‌ سواری كردوون و هه‌ر ڕۆژه‌ له‌سه‌ر په‌تێك هه‌ڵده‌په‌ڕن و له‌م رۆژنامه‌وه‌ بۆ ئه‌و گۆڤار به‌ تڵخی و ناڕوونی هه‌روه‌ك ناڕوونی سیمای سیاسه‌تیان دژ به‌ "نێچیرڤان بارزانی" ده‌نووسن، به‌لێ ئه‌و رۆژنامه‌نووس و سه‌رنووسه‌رانه‌ی ڕۆژانێك خۆیان به‌ ئازادی و بێ لایه‌ن ده‌دایه‌ قه‌ڵه‌م ، ئێستا به‌ ماڵ و خێزانه‌وه‌ له‌ خزمه‌ت كۆشكی كۆماری به‌ پله‌ی ڕاوێژكار به‌نانی به‌غدا كاوێژ ده‌كه‌ن و شكستی سیاسه‌تی خۆیان به‌ چاكه‌تی خه‌ڵك ده‌سڕن، ئه‌وانه‌ی تا دوێنێ هه‌موو حیزب و ئه‌خلاقی سیاسی و ته‌نانه‌ت حه‌یا و حورمه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیشیان بۆ كورسی و چه‌لاوخۆرێكی ده‌ربار فڕۆشت ئێستا دێنه‌وه‌ باسی سه‌ركه‌وتن به‌ باڵای خۆیان ده‌دورن و شكست بۆ باشترین سه‌رۆك حكومه‌ت هه‌ڵده‌به‌ستن، ئه‌گه‌رنا لای هه‌موو كه‌س ڕوون و ئاشكرایه‌ له‌ چه‌ند ساڵی كابینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان "نێچیرڤان بارزانی" پشكی شێری له‌ كار و ئه‌ركه‌كان به‌ر ده‌كه‌وێت، له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 23 ساڵدا كار و خزمه‌ته‌كانی شاھیدی بۆ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌و به‌ ته‌مه‌نێكی گه‌نجی 30 به‌هاره‌وه‌ حكومه‌ت و ئیداره‌ی كوردی مه‌حاڵه‌وه‌ كرده‌ واقعی حاڵ ، هه‌روه‌ها كاتێك نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكایه‌تی كابینه‌ی چواره‌می حكومه‌تی له‌ساڵی 1999 وه‌رگرتووه‌ ته‌نها خاڵه‌ گومرگیه‌كان سه‌رچاوه‌ی داهاتی حكوومه‌ت بوو، به‌ڵام توانیویه‌تی به‌ داهاتێكی كه‌م سه‌قامگیری ئابووری بۆ خه‌لكی كوردستان فه‌راهه‌م بكات و كۆنتڕۆلی بارودۆخی بازاری كرد و نه‌یهێشت تووشی داڕوخان ببێت هه‌روه‌ها ته‌واوی گونده‌كانی ئاوه‌دان كرده‌وه‌ و ژیانی بۆ 4000 گوندی وێرانبووی ده‌سی به‌عس گه‌رانده‌وه‌ و به‌جۆرێك هه‌موو گوندێكی ئه‌م كوردستانه‌ له‌ ئیستادا خاوه‌ن هێلی كاره‌با و ئاو و بنكه‌ی ته‌ندروستی و قوتابخانه‌ی خۆیه‌تی، رێگای ده‌ره‌كی شاره‌گه‌وره‌كانیش به‌ره‌و رێگای نێوده‌وله‌تی ده‌چن و به‌ ئۆتۆبان ده‌كرێن و له‌ناو شار و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان سیسته‌می هاتووچۆی تونێل و به‌رزه‌پرد زۆر كراوه‌ و سیمایه‌كی پێشكه‌وتووی هه‌ره‌ باڵای به‌ كوردستان به‌خشیوه‌.

به‌لێ ئه‌و له‌ ئان و ساته‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ و باری گرانی ئابووری كوردستانه‌وه‌ گواسته‌وه‌ قۆناغی سه‌قامگیری و دواتریش له‌ كابینه‌یه‌كی یه‌كگرتوودا هه‌ردوو ئیداره‌ی حكومه‌ت یه‌كخسته‌وه‌، له‌ سه‌رده‌مانێك كه‌ چاودێران به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردنی (پارتی و یه‌كێتی)یان به‌ مه‌حاڵ داده‌نا، ئه‌و زیره‌كانه‌ توانی مامه‌ڵه‌ی وه‌زیره‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ بگونجێنێت و تیمێكی به‌هێز له‌ وه‌زیره‌كانی هه‌ردوولا و ته‌واوی لایه‌نه‌كانی تر له‌ ده‌وری یه‌ك مێزی حكومه‌تدا كۆبكاته‌وه‌، وه‌ك یه‌كه‌م كه‌س له‌ ته‌واوی سه‌ركردایه‌تی كوردستان دركی كرد به‌ بوونی سامانێكی بێشوماری نه‌وت و كانزاكان له‌ژێر زه‌وی كوردستان و هه‌رزوو وه‌زاره‌تێكی تایبه‌تمه‌ندی له‌وبواره‌ دامه‌زراند و له‌ رێگه‌ی بۆری نه‌وته‌وه‌ كوردستانی به‌ نه‌خشه‌ی ئابووری جیهان به‌سته‌وه‌، كه‌ ده‌وانێ بگوترێ ئه‌و نه‌وته‌ توانی ئابووریه‌كی خۆگر له‌ چوار ساڵی بڕینی بودجه‌ و شه‌ڕی تاریكپه‌رستانی داعش بۆ كوردستان دابین بكات. له‌ ئاستی دیبلۆماسیشدا هه‌رێمی كوردستان قۆناغی گه‌وره‌ و به‌رچاوی بڕێوه‌ له‌كاتێكدا كه‌ له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین خه‌لكی كوردستان شاگه‌شكه‌ ده‌بوو به‌ بینینی وه‌فدی بیانیه‌ك یان فڕۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نی له‌ ئاسمان، ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ سه‌رده‌می بوونی "نێچیرڤان بارزانی" له‌ حكومه‌تدا بوو به‌ دیارده‌ و فڕؤكه‌خانه‌ی نێوده‌وله‌تی كرایه‌وه‌ و كوردستان كه‌وته‌ سه‌ر هێلی ئاسمانی جیهانی و ڕؤژانه‌ به‌ ده‌یان وه‌فدی سیاسی و بازرگانی ڕوویان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد كونسولگه‌ری وڵاته‌ پیشه‌سازی و زلهێزه‌كان به‌ ته‌واوی پایته‌ختدا بڵاوبنه‌وه‌ سه‌رۆك و وه‌زیر و بلوێزی وڵاتان له‌ فڕؤكه‌خانه‌ی هه‌ولێر داده‌به‌زین و په‌یوه‌ندی كوردستان به‌ جیهان پته‌وتر و تۆكمه‌تر بوو، هه‌ر زیره‌كی و كاریزمایی ده‌وڵه‌تمه‌دار "نێچیرڤان بارزانی" بوو له‌دوای داخستنی سنووره‌كان و ته‌نگ كردنی ئاسمانی كوردستان به‌ڕووی گه‌شته‌ نێوده‌وله‌تیه‌كان و ڕووداوه‌كانی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاگرت و له‌ كاتێكدا هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ به‌ سه‌ركرده‌یان ده‌زانین به‌ خۆیان و كۆلێ فایل و لاپتۆپه‌وه‌ رێگای به‌غدایان به‌ مه‌تر ده‌پێوا و ئاسمانه‌كه‌یان ته‌ی ده‌كرد تا دیدارێكی ئاغای (عه‌بادی)یان به‌ركه‌وێت و له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌ جڵده‌ ڕه‌شه‌كانه‌وه‌ داوای لێ بكه‌ن كه‌ مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ (هه‌رێمی كوردستان) نه‌كات و چیتر ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جوگرافی سیاسی نه‌مێنێت به‌ڵام كوردستان به‌ خوێن و بازووی پێشمه‌رگه‌ سه‌ركه‌وت و به‌ هه‌وڵه‌ دیبلۆماسیه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت "نێچیرڤان بارزانی" هه‌موو ئابڵوقه‌ سیاسی و ئیداری و ئابوریه‌كانی تێك شكاند، ئه‌و كوردستانی له‌گه‌ڵ نه‌خشه‌ی سیاسی زلهێز و خاوه‌ن بریاره‌كانی جیهان به‌سته‌وه‌ و دوویاره‌ ژیانی خه‌ڵكی گه‌یانده‌ كه‌ناری ئارامی و خۆشگوزه‌رانی و كوردستانی به‌ره‌و لوتكه‌ ئاڕاسته‌ كرد.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.