Erbil 15°C دووشەممە 06 ئایار 14:24

جیھان لەبەردەم جەنگێکی ماڵوێرانکەردا

گواستنەوەی چەکی قورس بۆ ناوچەکە، بەتایبەتی کەشتیی "ئابراھام" نیشانەی مەترسیدارن و دەسھەڵاتدارانی ئێرانیش دانیان بەوەدا ناوە
100%

    تا دێت ئالۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرەو گرژیی زیاتر دەچن و بە گوتەی لێدوانی بەرپرسانی ھەر دوو لا ناوچەکە لەبەردەم جەنگێکی خوێناویی گەورەدایە. بەپێی پێشبینییەکان بێت، ئەمریکا ئامادەکاری بۆ ھێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات، بەڵام ئەگەری دیکەش لە ئارادان و ئەمە جاری یەکەم نییە ئالۆزیی نێوان ئەمریکا و ئێران دەگاتە ئاستی پێکدادان و دواتر سارد دەبنە.

نزیکەی چل ساڵی رەبەقە لەوەتەی شۆڕشی ئیسلامی دەسھەڵاتی گرتووەتە دەست، رۆژ دوای رۆژ ئەو ئالۆزییەی لە سەرەتاوە لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەستی پێ کردووە، ھەر کۆتایی نەھاتووە؛ ئێرانیش بە دروشمی "مرگ بر امریکا" (مردن بۆ ئەمریکا) بەردەوام دوژمنێکی سەرسەرخستی ئەمریکا بووە لە جیھاندا. ھاتنی ترەمپ بۆ سەر دەسھەڵات، ھەمیشە پشتی بە ھێزی رەق بەستووە بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ نەیارەکانی و، بەپێچەوانەی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا، کەمتر پەنای بۆ ھێزی نەرم بردووە.

 گواستنەوەی چەکی قورس بۆ ناوچەکە، بەتایبەتی کەشتیی "ئابراھام" نیشانەی مەترسیدارن و دەسھەڵاتدارانی ئێرانیش دانیان بەوەدا ناوە ئەم جارە ئەمریکا جددییە لە ھەڵگیرساندنی جەنگ. سێ پێشبینی بۆ ئەو ئالۆزییەی ئێستا ناوچەکەی گرتووتەوە دەکرێن: یەکەمیان بە ھۆی ئەزموونی دەیان ساڵەی رابردوو بەشێک لە چاودێرانی رەوشەکە ھەڵگیرسانی جەنگ بە ئەگەرێکی لاواز دەبینین و پێیان وایە تەنیا ئەمریکا دەیەوێ گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئێران و زیاتر گوشارێکی ئابووری و جەنگێکی ئابووری بێت، لەوەی جەنگێکی سەربازی روو بدات؛ ئەگەرچی ئامادەکارییەکانی ئەمریکا لەوە دەچێت جەنگێگی مەترسیدار کە ئەنجامەکەی نەزانراوە روو بدات. ئەگەری سێیەم ئەوەیە، ئەمریکا دەیەوێ لەگەڵ سەپاندنی سزاکانی بۆ سەر ئێران، دەسھەڵاتی ئێستای ئێران لە رێگەی لاوازکردنی ئابووریی وڵاتەکەیەوە لەناو ببات، من خۆم ئەمجارە رەشبینم و پێشبینی شەڕێکی مالوێرانکەر دەکەم، چونکە ئەگەر   ئێران بەر مەرجەکانی ئەمریکا رازینەبێت  جەنگ نزیکترە لە ئاشتی و دانوستان.

 لە ئەگەری بەرپابوونی جەنگ لە ناوچەکەدا، ھەرێمی کوردستان بەدەر نابێت لە پڕۆشکی ئەو جەنگە؛ ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێک لە چوار چێوەی عێراقدا، بەشێک نییە لە ململانێی زلھێزەکانی جیھان و ناوچەکە، لێ کێشە لەوەدایە جەنگ لەبەر دەرگامانە. پێم وایە ھەر پێکدادانێک لە نێوان ئەو دوو وڵاتە روو بدات، گرووپەکانی سەر بە ئێران، وەک حەشدی شەعبی و حەماس و دەیان گرووپ و تاقمی دیکە، لە ناوچەکە بێدەنگ نابن و ھەر زوو دەکەونە پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە؛ لەبەر ئەوە مەترسیی ئەوە ھەیە بە ناوی پەلاماردانی بنکە و دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، حەشدی شەعبی و گرووپەکانی سەر بە ئێران ئالۆزی بخەنە عێراقەوە و ئەو بنکانەی ئەمریکا بکەنە ئامانج، چونکە ھەر یەک لەوان دەیەوێ پانتاییی زەوی بۆ خۆی داگیر بکات و زۆرترین شوێنی ستراتیژیی ناوچەکە بگرێت.

جیهان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.