Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:53

قۆناغەکانی بەردەم پارتی بۆ کوردستانێکی بەھێز

له‌ ئاستی كوردستان دوو هۆكاری به‌هێز هه‌یه‌ كه‌ پارتی ده‌بێت وه‌ك گه‌ری دووه‌می سیاسی خۆی كاریان له‌سه‌ر بكات
100%

به‌رێككه‌وتنی نێوان (پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان) بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت گێمی یه‌كه‌می یاری سیاسی قه‌یرانی سیاسی كۆتایی پێهات, له‌ گه‌ڕی دووه‌می یاریه‌كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان چی ده‌كات بۆ دروستكردنی كوردستانێكی به‌هێز؟, له‌ قۆناغی یه‌كه‌می پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پارتی پۆستی زۆری له‌ده‌ستدا، به‌ڵام براوه‌بوو له‌ پشودرێژی و مانابه‌خشین به‌ گفتووگۆی سیاسی و سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان, به‌پێی پێوه‌ری پۆسته‌كان بێت پارتی له‌(%40) و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش له‌(%60)ی پۆسته‌كانیان بردووه‌, به‌ جۆرێك پارتی تاكه‌ حزبه‌ قه‌باره‌ی پۆسته‌كانی له‌ رێژه‌ی ده‌نگ و كورسییه‌كانی كه‌متره‌, گه‌ڕی دووه‌می یاریه‌كه‌ی پارتی پێویستی به‌ پلان و تاكتیكێكی زۆر ورد و ژیرانه‌ هه‌یه‌, مادام چه‌مكی كوردستانێكی به‌هێز به‌رزكراوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانرێت كه‌ ئالیه‌تی گه‌یشتنی ئه‌و ئامانجه‌ ره‌نگه‌ كاتی بوێت, به‌ڵام ئاماژه‌كان بۆ ئه‌و ئامانجه‌ روونن, ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ داهاتووی كوردستان و عێراقه‌وه‌ هه‌بێت ئه‌مانه‌ن_ یه‌كه‌م: گۆڕانكاری له‌ سیاسه‌تی عێراق به‌رانبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان وای كردووه‌ كه‌ ئومێدێك بۆ پێكه‌وه‌ ژیان بگه‌رێته‌وه‌، گه‌رانه‌وه‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان بناغه‌یه‌كی به‌هێزی كوردستانێكی به‌هێزه‌، به‌تایبه‌ت له‌سه‌روبه‌ندی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێدانی مووچه‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران, ده‌كرێت هه‌ولێر و به‌غدا ببنه‌فاكته‌ری به‌هێزی كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری. له‌وانه‌: كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی نوێی نێوده‌وڵه‌تی و به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رتی پیشه‌سازی و به‌هێزكردنی پێگه‌ی ئابووری كوردستان له‌ چوار چێوه‌ی عێراقدا كه‌ ئێستا هه‌نگاوی بۆ ده‌نرێت, دووه‌م: هه‌رچی زووه‌ پارتی ده‌بێت بڕیارێكی به‌هێزو و بوێرانه‌ بدات بۆ جێبه‌جێكردنی چاكسازی له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت و رووبه‌رووبنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌ ئه‌مه‌ به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێز ده‌كرێت, بۆیه‌ ده‌كرێت پارتی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بقۆزێته‌وه‌ و هه‌رچی زووه‌ پرۆژه‌ی چاكسازی له‌په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ فاكته‌ره‌ به‌هێزه‌كانی كوردستانێكی به‌هێز, ره‌نگ بێت هه‌ندێك كه‌س له‌سه‌ره‌تادا به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ نه‌بێت، به‌ڵام دواجار به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌رووی هه‌مووشتێكه‌وه‌یه‌, بۆیه‌ ئه‌مه‌ش گرنگه‌ پارتی سود له‌ پرۆژه‌ی چاكسازی سه‌رۆك بارزانیش وه‌ربگرێت كه‌ چه‌ند ساڵ پێش ئێستا كاری له‌سه‌ر ده‌كرا.

له‌ ئاستی كوردستانیش_ دوو هۆكاری به‌هێز هه‌یه‌ كه‌ پارتی ده‌بێت وه‌ك گه‌ری دووه‌می سیاسی خۆی كاریان له‌سه‌ر بكات، ئه‌وانیش یه‌كه‌م: گه‌رانه‌وه‌ی بۆ فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه‌ داوای كردووه‌ هه‌رچی زووه‌ كاربكرێت بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌، پارتی له‌م خوله‌ی كابینه‌ی حكوومه‌ت، ئه‌گه‌ر هه‌مووشی نه‌كات گرنگه‌ ئه‌و بڕیار بدات كه‌ ناكرێت هیچ هێزێك له‌ده‌ره‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بمێنێته‌وه‌, ره‌نگ بێت ئه‌مه‌ له‌دوا كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هاوپه‌یمانان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌روونی باس كرابێت و سه‌ركردایه‌تی پارتیش گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ری به‌بێ ئه‌م هه‌نگاوه‌ كوردستانێكی به‌هێز ئاسته‌مه‌. دووه‌م: ئه‌و كاركردنه‌ی حكوومه‌ت بۆ خزمه‌تگوزاری به‌پشتیوانی پارتی له‌ (هه‌ولێر و دهۆك) ده‌ستی داوه‌تێ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی هه‌بووه‌ له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ش, پارتی له‌ژینگه‌یه‌كدا بووه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ كۆدی بردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی له‌ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستانه‌. دواجاریش ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ كاروانی پێشكه‌وتنی كوردستان له‌ حكوومه‌تێكی به‌هێزوه‌وه‌ ده‌بێت, حكوومه‌تی به‌هێزیش پێویستی به‌ پشتیوانی خه‌ڵكه‌ كه‌وایه‌ پشتیوانی خه‌ڵك له‌ هه‌نگاوه‌كانی پارتیش جێگای ئومێده‌. سێییه‌م: خاڵێكی ناوخۆییه‌, پارتی له‌قۆناغی شه‌ڕی راگه‌یاندن و ململانێ حزبی ده‌رچووه‌, ره‌نگ بێت ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی شایه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ بده‌ن, بۆیه‌ گرنگه‌ قۆناغی داهاتووی كاری حزبی پارتیش گۆرانكاری به‌سه‌ردابێت كادیر و سه‌ركردایه‌تی پارتی ده‌بێت له‌ جاران زیاتر مه‌یدانی و جه‌ماوه‌ری تربن, هه‌رچه‌نده‌ ئاراسته‌یه‌كی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پارتی رابكێشرێته‌ ناو شه‌ڕێكی راگه‌یاندنی، به‌ڵام ماهیه‌تی پارتی له‌وه‌دایه‌ خۆی له‌و شه‌ره‌ به‌دووربگرێت, هیچ حزبێك به‌قه‌د پارتی له‌م قۆناغه‌ یه‌كگرتوو و به‌هێز نییه‌، له‌كاتێكدا سه‌رجه‌م حزبه‌كانی كوردستان و عێراقیش له‌به‌رده‌م ته‌حه‌دیاتی (ئینشقاقن)

به‌حوكمی ئه‌و پێگه‌ی سه‌رۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یه‌تی, قه‌د ناتوانێت خۆی دووربگرێت یان خۆی بێبه‌ری بكات له‌ گرفتی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، په‌یامی ئه‌م دواییه‌ی (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان) رێبه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان كه‌ داوای گه‌رانه‌وه‌ی ئاشتی كردووه‌ بۆ توركیا و سوریاش هه‌مان ئه‌و په‌یامه‌یه‌ سه‌رۆك بارزانی له‌ 2012 ه‌وه‌ پێشكه‌شی كردووه‌, دۆخی رۆژئاوای كوردستان به‌م شێوه‌ی ئێستا نامێنێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ ئه‌مه‌ریكا لق و پۆپی سه‌رجه‌م گروپه‌كانی ئێران له‌ناوچه‌كه‌ لێبكاته‌وه‌، رژێمی سوریاش چاره‌نووسی نادیاره‌، توركیاش به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌ره‌شه‌كانی بۆ سه‌ر رۆژئاوا جگه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كی عاقڵانه‌ و بڕیارێكی حه‌كیمانه‌، هیچ چاره‌نووسێكی دیكه‌ بۆ رۆژئاوانییه‌، رێككه‌وتنی (هه‌ولێر 1 و 2 و دهۆك) مێژوویه‌كی به‌هێزه‌ و دووباره‌ نابێته‌وه‌، گه‌رانه‌وه‌ بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ زامنی زۆر له‌ گرفته‌كانه‌, سه‌ركردایه‌تی (په‌كه‌كه‌) له‌رۆژئاوای كوردستان ده‌بێت خۆیان له‌و غرووره‌ سیاسی و سه‌ربازیه‌ دابماڵن، ناكرێت ملیۆنان ئاواره‌ی رۆژئاوای كوردستان هه‌بن و رێگای كاری سیاسی قه‌ده‌غه‌كراوبێت جگه‌ له‌خۆیان پێشت وابێت سه‌ركه‌وتوویت, دۆخی رۆژئاوای پێویستی به‌ ده‌ستپێشخه‌ری و كاری جددی هه‌یه‌.

له‌ توركیاش به‌هه‌مان شێوه‌ (ئۆجه‌لان) داوای ئاشتی و كۆتایی هاتن به‌ مانگرتن ده‌كات ره‌نگبێت گرفتی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی باكووری كوردستان چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌بێت له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌, چه‌نده‌ په‌یامی (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان) بۆ توركیابوو ئه‌وه‌نده‌ش بۆ په‌كه‌كه‌ بوو كه‌ پێویسته‌ (عاقڵانه‌ بڕیاری بدرێت). به‌تایبه‌ت دووركه‌وتنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه‌ له‌و دروشم و كردارانه‌ی له‌دژی سه‌ركردایه‌تی باشووری كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ینێت كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌ركی پارتیییه‌ كۆڵ نه‌دات چۆن له‌ ناوخۆی كوردستان یه‌كریزی پاراست ئاواش له‌ رۆژئاوا و باكووری كوردستان رۆڵی به‌هێزی هه‌بێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.