Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:06

ئاکپارتی و ئۆردۆغان.. ھەوڵەکان بۆ راستکردنەوەی ھەڵەکان

لە ئێستادا توركیا لەگەڵ عێراق و سوریا و سعوودیە لەلایەك و ئەمەریكا و ئەورووپا زۆرترین كێشەی ھەیە
100%

لە كۆتا ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا، ئاكپارتی پاشەكشەیەكی بەرچاوی لە دەنگەكانیدا بە خۆیەوە بینی، سەرباری لەدەستدانی چەند سەرۆك شارەوانییەك، شارەوانیی مەزنی ئیستانبووڵ و پایتەختیشی لە دەست دا، ئەمەش بە دڵنیاییەوە لە داھاتوودا كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسیی توركیادا دەبێت.

 

لە ڕابردوودا زۆرترین جیابوونەوە لە نێو سەركردە دیارەكانی ئاكپارتی ڕووی داوە، بەڵام دەنگۆی گەڕانەوەی عەبدوڵڵا گول، سەرۆككۆماری پێشووی توركیا بۆ ناو ریزەكانی ئاكپارتی، بە مانۆڕێكی سیاسیی سەركەوتووی ئاكپارتی و ئۆردۆغان ھەژمار دەكرێت بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی حزبەكەیان، كە لە ماوەی ڕابردودا چەندین سەركردەی دیاری لە دەست دابوو، نموونەی ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا.

 

پاشەكشەی ئابووریی توركیا، ڕاستەوخۆ كاریگەری ھەبوو لەسەر كەمكردنەوەی دەنگەكانی، بەڵام راستەوخۆ دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن، حكومەتی توركیا ڕایگەیاند كە دەروازەی نوێ لەگەڵ كوردستان و عێراق دەكەنەوە و پەرە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەدەن لەگەڵ پارێزگاكانی باشوور بە تایبەتی بەسڕا، ھاوكات دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا بە مەبەستی بەخشینی لە سزاكانی تایبەت بە كڕینی نەوتی ئێران، ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەم سزایانە لەسەر ئابووریی توركیا و جێگرتنەوەی ئەو بۆشاییەی كە ئێران لە عێراق دروستی دەكات لە ڕووی ئابووری و وزەوە.

 

ھۆكارێكی تر كە كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی دەنگەكانی ئاكپارتی ھەبوو، ھەڵوێستە نێگەتیڤەكانی توركیا بوو بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان، بە تایبەتی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەمە لە كاتێكدایە لە ڕابردوودا بوونی پەیوەندی باشی لەگەڵ ھەرێم، ھۆكارێكی سەرەكی بوو لە زیادبوونی دەنگەكانی ئاكپارتی لە ناوچە كوردییەكان، ھاوكات سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ ھەرێمی كوردستان، ئامانجی سەرەكی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانە، كە لە ماوەی ڕابردوودا ساردییەكی پێوە دیار بوو.

 

ئەو لێشاوە دەستگیركردنەی لایەنگرانی ھەدەپە و فەتحوڵڵا گوڵەنی گرتەوە لە لایەك و شكستھێنانی پرۆسەی ئاشتی و بەسەربازیكردنی باكووری كوردستان و لەبارچوونی ئەو ھاوپەیمانیەی لەگەڵ مەھەپە ھەیبوو، ھۆكارێكی سەرەكی بوون بۆ لەدەستدانی دەنگەكانی ئاكپارتی، بەڵام ھێشتا ماوەیەكی زۆر بەسەر ھەڵبژاردنەكاندا تێنەپەڕیوە ئۆردۆغان داوای یەكڕیزی لە گشت ھێزە سیاسییەكان دەكات، ئەمەش بە واتای ڕاستكردنەوەی ئەو ھەڵە ستراتیژییەی ئاكپارتی دێت، كە لە گۆڕەپانەكەدا بە تەنیا مایەوە.

 

سیاسەتی ئاكپارتی لەسەرئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، كە بە شێوەیەكی بەرچاو شكستی ھێناوە، لە سەرەتا كە سفر كێشە بوو لەگەڵ ھەموو وڵاتان، بەڵام لە ئێستادا توركیا لەگەڵ عێراق و سوریا و سعوودیە لەلایەك و ئەمەریكا و ئەورووپا زۆرترین كێشەی ھەیە، ئەمەش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر لاوازبوونی پێگەی ئاكپارتی لە ناو توركیادا هەبووە، بۆیە دەكرێ نەرمینواندنی توركیا بەرامبەر لادانی ئەسەد و بێدەنگیی ھەڵبژاردن بەرامبەر دۆسیەی خاشقچی و سەردانی خودی ئۆردۆغان لە ماوەی داھاتوو بۆ عێراق، بە دانپێدانانێكی ڕوونی ئاكپارتی ھەژمار بكرێت لە شكستھێنانی سیاسەتی ئەو حزبە لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتیدا.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.