Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:43

ئاساییشی مرۆڤ وەک چەمکێکی سەرەکیی فەلسەفەی حوکمڕانی

ئەگەر هەرێمی كوردستانیش بە نموونە بێنینەوە، ئەوا دەكرێ بە شانازییەوە بڵێین و بۆ دۆست و دوژمنانیش بیسەلمێنین كە ئاسایش لە هەرێمەكەماندا هەمیشە سەقامگیر بووە
بەهادین جەلال
100%

زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە دەستپێكی گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانیدان و هەوڵدەدەن دیموكراسی بنیادبنێن، بەشێوەیەك كە بۆ داكوتان و قایمكردنی ستونەكانی ئەم قۆناغە، كە دەكرێت بە قۆناغی راگواستن ناوببرێت، پێویستە بەر لە هەموو شتێك ئاوڕ لە دوو خاڵی سەرەكی بدرێتەوە، كە رەنگە ئەولەویەتی ئەو گۆڕانكارییە بن،(فەلسەفەی حوكمڕانی)و (رۆڵی حكومەت لە ئەداكردنی ئەركی سەرشانی لەهەمبەر رایی كردنی كاروباری خەڵك و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی سەرەتایی)، هاوكات دەبێ ئەو حكومەتە مرۆڤ بكاتە تەوەری سەرەكی و بنەڕەتیی هەموو هەنگاوێك كە بە ئاراستەی قایمكردنی پایەكانی حوكمڕانی و دابینكردنی خۆشگوزەرانی هەڵیاندێنیێت.

ئەگەر سەروەریی یاسا و بەدامەزراوەییكردنی جومگەكانی حوكمڕانی ئەولەویەتی بەردەوامبوونی هەر دەسەڵات و حكومەتێك بێت، ئەوا جێبەجێكردنی یاساو سەربەخۆیی دادگاو فرەكلتوریی و فرەئایینی و پێكەوەژیان دەبنە پێداویستیی هەرەلەپێشی بەتینكردنی متمانە لای خەڵك و رێزگرتن لە یاسا، لەنێو هەموو میللەتاندا ئاساییشی مرۆڤ بنەمای سەرەكیی مامەڵەكردنی پرەنسیپەكانی دیموكراسی و ئازادی و لێبووردەییە، ئەم ئاساییشەی مرۆڤ پێوانەو نۆرمی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگایە، زانای دەروونناس فرۆید پێی وایە زۆرجار دابینكردنی ئاساییش بۆ كۆمەڵگە لە خودی كەرامەت و تەنانەت بوونی مرۆڤیش لەپێشترە، چونكە ناكرێ مەرجەكانی كەرامەت و شكۆمەندیی مرۆڤ بهێنرێنەدی بەدەر لە دابینكردنی ئاسایش، ئەمەش هاوكێشەیەكە دەچێتە خانەی مافەكانی مرۆڤەوە، لە ساڵی 1994دا بۆ یەكەم جار لە چوارچێوەی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا چەمكی(ئاساییشی مرۆڤ) لەلایەن مەحبوب حەق وەزیری پێشووی دارایی پاكستانەوە بەكارهات، مەبەستی ئەم بەكارهێنانەش كە پشتگیرییەكی تەواوی لەلایەن ئەندامانەی ئەم رێكخراوەوە بەدەستهێنا، ئەوە بوو كە تاكەكانی كۆمەڵگا پێویستە هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی و ئاساییش و پاراستنی كەرامەت و شكۆ بكەن.

لەم روانگەیەوە ئەگەر هەرێمی كوردستانیش بە نموونە بێنینەوە، ئەوا دەكرێ بە شانازییەوە بڵێین و بۆ دۆست و دوژمنانیش بیسەلمێنین كە ئاسایش لە هەرێمەكەماندا هەمیشە سەقامگیر بووە، پێشترو بەتایبەتیش لە ساڵی 2014 و ئەو ماوەیەی كە داعش سێیەكی خاكی عێراقی داگیركرد، هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بەوپەڕی بەرخودان و فیداكارییەوە بەرگرییان لە ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش كرد و بە سەدانیان شەهیدو برینداربوون، دامەزراوەو دەزگاكانی ئاساییشی كوردستانیش بە دەیان پیلانی تیرۆریستانیان پووچەڵكردەوە، لەو سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین كە چەمكی ئاساییشی مرۆڤ تەنیا بریتی نییە لە ئاساییشی نیشتمانیی تایبەت بە هەر دەوڵەتێك یان قەوارەیەكی سیاسییەوە، بەڵكو رەگوڕیشەی ئەم ئاساییشە بۆ ناخی كۆمەڵگا شۆڕدەبێتەوە، واتا پاراستنی كەرامەت و ناسنامەو پرەنسیپەكانی مۆرال و بەها كۆمەڵایەتییە باڵاكانی ئەو كۆمەڵگایە، زۆر سیستەمی سیاسیی بەناوی بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەسەڵاتیان گرتەدەست، بەڵام سادەترین سیماو بەهای مرۆڤیان  زیندەبەچاڵ كرد، بۆ نموونە زۆر لە رژێمەكانی سۆسیالیستی لە ئەوروپای رۆژهەڵات زیاتر خۆیان بە ئاساییشی رژێمەكانیانەوە خەریك كرد، تەنانەت لە وڵاتانی كاپیتالیزمیشدا ئەم رژێمانە گرنگییان بە ئاساییشی ناوخۆو دەرەوەی خۆیان دەدا، بەتایبەتیش رۆچوونە نێو ململانێی ئایدیۆلۆجی و كێبڕكێی خۆپڕچەككردن.

خودی مرۆڤ ئامانج و ئامرازی بەدیهێنانی هەموو سەركەوتن و شكستێكە لەنێو هەموو گەلاندا، كە راستەوخۆ رەنگدانەوەی لە پایەكانی حوكمڕانی ئەو وڵاتانەدا بەدەردەكەوێت، لەبەر ئەوە دەبینین زۆر لەو وڵاتانەی كە لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕانكاریی سیاسییان تێدا هاتەئاراوە پابەندی ئاساییشی گەلەكانیان بوون بە واتا نەریتی(تەقلیدی)یەكەی، بۆیە تا كۆتایی بەردەوام نەبوون، هۆكاری ئەمەش روونە، بەر لە هەموو شتێك خۆخەریك كردن بە بەرژەوەندیی ئیداری و دەستكەوتی تایبەت، ئەوەی لە میسرو تونس روویدا نزیكترین نموونە بوو، كە كاردانەوەو پەرچەكرداری ئەو پەراوێزخستنە بوو كە مرۆڤ لەو وڵاتانە هەستی بە یەكسانی و ئاساییش نەدەكرد مەبەست(ئاساییشی مرۆڤ)ە، دیارە دەستێوەردانی دەرەكیش لە ئاساییشی هەر وڵاتێك رۆڵێكی نەرێنیی هەیە لە رووی تێكدانی ئاسایش بەگشتی و ئاساییشی مرۆڤ بەتایبەتی(لیبیاو سووریا)ش وەك نموونە، كە چۆن رووبەڕووی شەڕی ناوخۆو ململانێی دەوڵەتانی زلهێز بوونەوەو بە هەزارانیان لێ كوژراو ملیۆنانیان لێ ئاوارەو پەناهەندە بوون و بووە هۆی كاولكاری و تێكچوونی شیرازەو ژێرخانی ئابووری و كۆمەڵایەتی.

زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە گرنگیی بە ئاسایشی مرۆڤ دەدەن گەیشتوونەتە قۆناغێكی پێشكەوتووی پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی كە تێیدا یاسا سەروەرەو ماف و ئەركی هاووڵاتی دیاریكراوە، ئەمە وێڕای پێشكەوتنی بوارەكانی دیكەی داهێنان و پەروەردەو رۆشنبیری، پەیوەندیی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگا و سیستەمی حوكمڕانیی هەر وڵاتێك دەوەستێتە سەر ئاستی دابینكردنی ئاساییشی مرۆڤ و سەرجەم ماف و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی پاراستنی سەرو ماڵ و دەستەبەركردنی مافی خوێندن و یەكسانیبوون و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و چەسپاندنی گیانی هاووڵاتیبوون و ئینتیماو لێبووردەیی و فرەیی، كە ئەمە خۆشبەختانە تا رادەیەكی زۆر لە هەرێمی كوردستاندا دەبیندرێت، ئەگەر هێشتا كەموكوڕیش هەبێت، بۆیە دێینەوە سەر تێگەیشتن لە چەمكی ئاساییشی مرۆڤ كە رەهەندێكی فراوانی هەیە، گوێ نادات بە شوێن و زمان و نەتەوەو ناوچەی جوگرافی و ناسنامەو كلتوور، كەواتە ئاساییشی مرۆڤ چەمكێكی جیهانییە بەقەد ئەوەی كە نێوخۆیی یان نیشتمانی یاخود ئیقلیمی بێت، كە پاراستنی ئەو ئاساییشە رەنگدانەوەی رووی گەشی هەر وڵاتێكە كە ئەم چەمكە دەخاتە پێشەوەی هەموو دەستكەوت و بەرژەوەندییەكی دیكەی بەردەوامبوونی حوكمڕانی.

 

              

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.