Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:45

یه‌کڕیزی و یه‌کبوون مه‌رجی سه‌رکه‌وتنه‌

رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست هەر هەمووی لە رەوشێكی زۆر هەستیارو ناسك و لەبەردەم هاتنە پێشی كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهاتی گرنگدایە
دانا مه‌نمی
100%

یه‌كڕیزی واته‌ یه‌ك بوون‌و رێكخستنی گه‌لێ، واته‌ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو هێز‌و توانا‌و، وزه‌ی گه‌لێ له‌ باسك‌و مه‌چه‌كێكی ئه‌ستور كه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر دوژمن‌و ناحه‌زێ به‌ میڵه‌ته‌كه‌ت وه‌ستایه‌وه‌ ، یه‌كڕیزی واته‌ یه‌ك گوتاری یه‌ك به‌رنامه‌یی كاركردن واته‌ ته‌بایی‌و یه‌ك هه‌ڵوێستی ، گه‌لی كورد خاوه‌نی هه‌موو شتێكه‌ ته‌نها یه‌كڕیزی نه‌بێت.

بێگومان ئەمڕۆ سەردەم سەردەمی رزگاری و ئازادی نەتەوە چەوساوەكانە لەژێردەستی وحوكمی دیكتاتۆریه‌ت و فاشیزمی نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كان، لە سەدەی رابردوودا هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو هەلی بۆ كۆمەڵێ‌ نەتەوەی ژێردەست رەخساند كە ئازاد بن و سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن و ببنە خودان دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان، لەم سەددەیەشدا شۆڕش و راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی دژی زوڵم و نایەكسانی و دكتاتۆرییەت كە لە ئەفریقاوە دەستی پێكردووەو تا ئەو دەوروبەرەی ئێمە هاتووەو بەردەوامە، كاریگەری خۆی دەبێت بۆ سەر كاروانی خەباتی نەتەوە ژێردەستەكان.

رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست هەر هەمووی لە رەوشێكی زۆر هەستیارو ناسك و لەبەردەم هاتنە پێشی كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهاتی گرنگدایە، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە بیر لە بەرژەوەندی نەتەوەییمان بكەینەوەو خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانەی كە دێنەپێشەوە، بۆ ئەمەش دەبێ‌ كار بۆ یەكێتی و یەكڕیزی كوردان بكەین بۆئەوەی لە ناوچەكەدا بوونی كاریگەری خۆمان بسەلمێنین و لە داهاتووی نزیكدا بە مافە رەواكانمان بگەین، فاكتەری سەرەكیش بۆ گەیشتنمان بە دواڕۆژێكی گەش یەكێتی وته‌بایی و یەكڕیزیمانە.

پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی ترده‌توانن سوود لەم ژینگه‌ سیاسییه‌و گۆڕانكارییه‌كان وەربگرن، بە كارنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانیی سەردەمییانە بەرەو رزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێت، بۆئاشته‌وایی نیشتیمانی له‌ نێوان هیزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پێویستیمان به‌ بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەری بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ خۆئامادەكردنی كوردان لەسەر ئاستی نەتەوەیی و داڕشتنی ستراتیژێكی ڕوونی نەتەوەیی بۆ بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان هه‌یه‌ ،پێویستە لەم كۆنگرەیەدا ڕه‌چاوی تایبەتمەندی هەر بەشێكی كوردستان ستراتیژێكی دۆزی نەتەوایه‌تی بۆ قۆناغی داهاتووی خەباتی گەلی كوردستان دابڕێژرێت و بكرێتە كارنامە و ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی هەموو لایەك، دواخستنی ئەم كارە نەتەوەییە زیانێكی زۆر بە دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەگەیەنێت، بۆیە پیویستە چیدیكە دوانەخرێت.

پێویسته‌ باشوری كوردستان ببێته‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ هێنانه‌ دی خه‌ونه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانمان ، گرنگیشه‌ زه‌مینه‌یه‌كی له‌باره‌ بڕه‌خسێنرێت بۆ چاكسازییەكی ریشەیی و شێوازی بەڕێوەبردن سیستماتیك بكرێت و عەدالەتی كۆمەڵایەتی رەچاوبكرێت و گەندەڵی بنبڕ بكرێت و،هه‌موو ئه‌مانه‌ دەبنە فاكتەری سەرەكی بۆ زیاتر كاراكردن و پێشڤەچوونی دەزگاو دامەزراوەكانی حكومەتی كوردستان و بناخەیەكی پتەو بۆ بنیاتنانی سیسته‌مێكی به‌هێز كه‌ تێیدا یاسا له‌سه‌روی حكومه‌ت و حیزب و هه‌مووانه‌وه‌ بێت .

هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان لەم ره‌وشه‌ هه‌ستیاره‌دا دەبێ‌ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ واقیعی خۆمان و ده‌وروبه‌رماندا بكەین‌و هەموو لایەكمان یەكدەنگ‌و یەكهەڵوێست بین بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی ئەزموونەكەمان‌و یەكدەستیش بین بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان، بۆیە بۆچارەسەركردنی گرفتە ناوخۆییەكانمان نابێ‌ پەنا بۆ كاردانەوە و رق عینادی و عه‌به‌سییه‌ت ببەین، بەڵكو دەبێ‌ لەرێگه‌ی لۆژیكی عه‌قڵ و لۆژیكی رەخنەوە گرفتەكان بخەینە روو‌و چارەسەریشیان بۆ بدۆزینەوە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.