Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:06

بەرەو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە نێوان ئەم هەموو کێسە سیاسیانەدا، هەرێمی کوردستان پێگەیێکی گرنگی هەیە لە لای ووڵاتانی کاریگەری ئەوروپا وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا
وژار فه‌هری
100%

لە دوای زیاتر لە چوار مانگ، سەرەنجام پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم بەرەو کۆتایی دەچێت. هەموو ئاماژەکان پێشبینی کابینەیێکی سەرکەوتوو دەکەن بەو پێیەی پارتی دیموکراتی  کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ریكکەوتوون، پەیوەندیەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند لە ئاستێکی باشدایە، پاشەکەوتی مووچە هەڵگیرا، بازار بووژاوەتەوە و زیاتریش دەبووژێتەوە، ئاسایی بوونەوەی پەیوەدنیەکانی گۆران لەگەڵ پارتی گرنگ بوو بۆ ئارامی کابینەی داهاتوو، لە هەمووی گرنگتر زۆرینەی پەرلەمان لە دەست پارتی دیموکراتی کوردستاندایە، گرنگە ئەمە چونکە لە کابینەی رابردوو بینیمان کە هیچ پارتێک زۆرینە نەبوو چۆن سازان تێکدرا و هەموو پارتەکان لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون.

ئێستا پێگەی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بەو پێیەی ووڵاتانی ناوچە دژی ئەمریکا و ئەوروپان، ئێران کە لە ژێر قەیرانی سیاسەتی ناوخۆ ودەرەوە و ئابووری دایە و رۆژ لە دوای رۆژیش بارودۆخی ناوخۆیی زیاتر ئالۆز دەبێت. ئەمریکا پێویستی بە هەرێمی کوردستانە لە دژی ئێران و ئێرانیش بەهەمان شیوە. سەبارەت بە عێراق، عێراق پێگەیێکی زۆر گرنگە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا چونکە عێراق بە دڵی خۆرهەڵاتی ناوەراست دادەنرێت بەهۆی پێگەی جوگرافییەکەی، هەندێک لایەنی شیعی دەیانەوێ لە رێگای پەرلەمانەوە هێزەکانی ئەمریکا لەناو خاکی عێراقدا بکەنە دەرەوە کە ئەمە زۆر نزیکە لە مەحاڵ، ئەمریکا رێکەوتنی ئەمنی و سیاسی لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە و بە هیچ شێوەیێک دەستبەرداری عێراق نابێت بە تایبەت لەم کاتەدا کە ئەمریکا پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا ئاڵۆزە و لەگەل ئێرانیش لە خراپترین ئاستدایە.

پەیوەندیەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لەگەڵ تورکیا لە ئاستێکی باشدا نییە، نزیکبوونەوەی تورکیا لە رووسیا، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆی نیگەرانکردووە. ئەمریکا و ئەوروپا باش تێدەگەن لە گرنگی پێگەی جیۆپۆلیتیکی تورکیا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەندامبوونی تورکیاش لە ناتۆ بەهۆی پێگە جوگرافیەکەی بووە، ئەمریکاش زۆر جار خاکی تورکیای بەکارهێناوە لە دژی نایارەکانی وەک دامەزراندنی چەکی ئەتۆمی لە ئەنتالیا و ئەنجەرلیک، هەروەها لەسەردەمی جەنگی سارد دا ئەمریکا خاکی تورکیای بەکارهێنان بۆ هەرەشەکردن لە رووسیا. تورکیا پێویستە بزانێت کە لە ئێستادا بەهۆی نالەباری بارودۆخی ئابووری خۆی باشتر وایە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا باشتر بکات و واز لە کرین و بەدەست هێنانی مووشەکی ئێس ٤٠٠ بێنێت لە رووسیا، چونکە ئابووری تورکیا گریدراوە بە ئەمریکا و ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان.

لە نێوان ئەم هەموو کێسە سیاسیانەدا، هەرێمی کوردستان پێگەیێکی گرنگی هەیە لە لای ووڵاتانی کاریگەری ئەوروپا وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا هەروەها ئەمریکاش کە هێشتا هەوپەیمانی پلە یەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە دەتوانێت لەو یاریە سیاسیەدا بە باشترین شێوە بەرژەوەندیەکانی خۆی بپارێزێت، بەرێزان مەسرور بارزانی و بەرێز نێچیروان بارزانی هەم بەهۆی پێگەی گرنگیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەمیش وەک کەسایەتی خۆیان، پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ کارەکتەرەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هەیە، هەبوونی پاڵپشتی جەنابی سەرۆک بارزانیش وەک پاڵنەرێک بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی ۆ ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا لە رادەبەدەرە گرنگە.

بۆئەوەی رۆلی بەرپرسیار بگێرێت لە سیاسەتی دەرەوەیدا گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم تیۆریانە رەچاو بکات:

١/ ئێمە پێویستە رێگری لە چی بکەین، ئەگەر ئێمە بە تەنیاش بین؟

٢ /ئێمە بەدوای کام دەستکەوت داین، ئەگەر لەلایەن کەسیش یارمەتی نەدراین؟

٣/ ئێمە دەتوانین چی بەدەست بێنین و رێگری لە چی بکەین تەنها لەکاتێکدا کە یارمەتی دەرەکیمان هەیە؟

٤/ ئێمە نابێت بەشدار بین لە کام هەڵوێستی سیاسی، هەم بە تەنیا و هەمیش لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان؟

٥/ گرنگتر لە هەموویان، ئەو بەرژەوەندییە چەندە گرنگە بۆ ئێمە و ئاییندەی وڵاتەکەمان کە دەمانەوێ هەوڵی بەدەست هێنانی بدەین؟

ئەم تیۆریانە رۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینن لە دارشتنی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.