Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 05:57

لە مەزاری نەمران چیم بینی !

مام عه‌بدولڵا گوتی: مەلا مستەفا کە بە چۆمان ڕەتدەبوو تەنها شەش کەسی لەگەڵدابوون، لای هەموو کەس ڕادەوەستا و سەلامی لە منداڵانیش دەکرد
كه‌ریم سمكۆ
100%



وێنەکان، هەر تابلۆ نەبوون، هزر و ئەندێشەیان دەبردمەوە سەردەمی شاخ، کاتێک پیرەمێردێکی ئێزدی، لە ناوچەیەکی موسڵماننشین لەگەڵ مەسیحییەک خاکێکی دەپاراست، کە تەنها تۆز و خۆڵی مابوەوە.

لەگەڵ ئاپۆڕای سەردانیکەران دەڕۆیشتم و سەیری شاکارەکانم دەکرد، گوێم لە قسەکانی ڕێبەری گەلەرییەکە بوو، کە چەکێکی کۆنی پێشمەرگەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی بە دەستەوەبوو، لەبەردەم دوو منداڵی چاوگەش ڕاوەستابوو، مقۆ مقۆیان بوو.

سمینۆف
، رەشۆکی (تفەنگە ڕەشکە)، جفتە، ئینگلیزی کورت و درێژ، قەربوون، ئوبلی و چەند چەکێکی کۆنی دیکە لەسەر مێزەکە داندرابوون، ئەو پیاوە جەمەدانی سوورە تەمەن کامڵبووە، وەکئەوی لەبەردەم چەند پیاوێکی بەتەمەن ڕاوەستابێت، بە ڕێزەوە جۆرە چەکەکەی بۆ ئەم چاوگەشانە شیدەکردەوە.

من گوێم هەڵخستبوو، پیاوەکە دەیگوت: ئەو چەکە باب و باپیرانی ئێمە لەدژی دوژمنەکان بەکاریان هێناوە، تا خاکی کوردستان لە چنگیان ڕزگار بکەن و هێرشەکانیان تێکبشکێنن و گەلی کوردستان لە دەستیان بپارێزن.

من هەروا خۆم دەخافڵێنم و گوێدەگرم، خۆم زیاتر نزیک دەکەمەوە، منداڵەکان وەکئەوەی یەکەمجاریان بێت مێژووێکی وەهایان پێ ئاشنا بکرێت، چاوێکیان لەسەر پەلاپیتکەی چەکەكە و چاوێکیشیان لەسەر زاری پیاوەکەبوو و هەموو بیر و ئەندێشەیان بەم سپاردبوو، ئەویش بە هێورییەوە بۆ منداڵەکان زیادی دەکات: ڕاستە ئێوە دەبێت ئاشنای مێژووی قارەمانێتی پێشمەرگەکان و ئەمجۆرە چەکانە بن، بەڵام ئێستا چەکی دەستی ئێوە، بەردەوامبوونە لە خوێندن، هەر وشەیەک گوللەیەکی ئەم چەکانەیە بۆ دوژمنانی گەلی کوردستان، ئەوان پێشتر چۆن خەباتیان کرد و قوربانیاندا، ئێوەش دەبێت خەباتی ئەوان لەبیر نەکەن و درێژە بە زانست و خوێندن بدەن تا کوردستان بگەیەننە ئاواتی لەمێژینەی خۆی.

یەکێک لە منداڵەکان کاک محەمەدی کوڕی کاک سەباحی هاوڕێمە، لەم تەمەنەدا زمانی عەرەبی دەزانێ و هەمیشە بەدوای زانیاریدا وێڵە، پرسیارکردنەکانیشی لەم گەلەریە لە رۆشنبیربوونی سەرچاوە دەگرێ.

جارێک لەگەڵ مام عەبدوڵڵا وەردی، چاوپێکەوتنم کرد لەسەر کەسایەتی مستەفا بارزانی لە باڵەکایەتی، ئەویش گوتی مەلا مستەفا کە بە چۆمان ڕەتدەبوو تەنها شەش کەسی لەگەڵدابوون، لای هەموو کەس ڕادەوەستا و سەلامی لە منداڵانیش دەکرد، هەر کەسێکیش لەهەر پلە و نەتەوەو ئایینێک بوایە، کە لە دیلمان سەردانی بکردایە بە دیدەنی شاد دەبوو.
ئەم سادەیی و رێز و ئیحترامە بۆ هەموو کەسێک، لە سەرۆک بارزانیش ڕەنگی داوەتەوە، کە لەگەڵ هەموو کەسێک بێ جیاوازی دانیشتن دەکات و ڕێز لەهەموو کەسێک دەگرێ سەردانی بکات و چاوی پێ بکەوێت.

بارزانییەکان
وان، خاکەڕایی و سادەیی و ڕێزگرتنیان کردۆتە بنەمای ژیان، لەمڕێگایەشەوە درێژە بەم کاروانە دەدەن کە کوردستانی پێوە سەقامگیر بکەن و بیگەیەننە ئاواتی خۆی، كە سەربەخۆیی كوردستانە.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.