Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 05:10

ئایا کێشەی کەرتی تەندروستی تەنها نۆرینگەی کارمەندانی تەندروستیە؟

هەمیشە ئەرکەکانی کارمەندانی تەندروستی بە واجب دەزانرێت و ئەرکی پزیشکانیش وەکو چاکە و پیاوەتی
مەحەمەد مەلا
100%

لای هەموو چین و توێژێک ئاشکرایە، کە ڕۆڵی کارمەندانی تەندروستی لە ناوەندەکانی تەندروستی و دەرەوەی ناوەندەکانی تەندروستی هیچ کەمتر نیە لە ڕۆڵی پزیشکان، ئەگەر پزیشکان بە زانستی زیاتر و ئەزموونی زانستیانەوە خزمەت بە نەخۆش دەکەن، ئەوا هاوشێوەی پزیشکەکان، کارمەندانی تەندروستی بە کاتی زیاتر و ڕەچاوکردنی باریی دەروونی و جەستەی خزمەت بە نەخۆش دەکەن، کەوا بوو دەتوانین بلێن: پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دووتایی هاوکێشەیەکن و هەر یەکێکیان ئەوی تر پاسادان دەکات، نەمانزانیوە و نەمانبینوە لە ناوەندێکی تەندروستی تەنها پزیشکان یان تەنها کارمەندانی تەندروستی خزمەتگوزاری پزیشکی و تەندروستی پیشکەش بە نەخۆش بکەن و سەرکەوتوش بوو بێ!!

بۆیە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری تەندروستی بەشێوە ستاندارد و زانستیەکەی پیشکەش بە نەخۆش بکرێ، ئەوا پێویستمان بە پزیشکی لێزان و کارمەندی تەندروستی دڵسۆز دەبێ.لەگەڵ ئەوەشدا چەندین هۆکاری تر هەن وەکو کارای یاریدەدەر وان بۆ سەرخستنی سیستەمی تەندروستی، لەوانە بەرزی کوالێتی دەرمان و بینای نەخۆشخانەکان و ئیکوپمێنتی پزیشکی و سیستەمێکی کارگێری دادپەروەر و دابینکردنی مافی نەخۆش و ستافی نەخۆشخانە، بەڵام کاتێک سەیری سیستەمی شکستخواردووی تەندروستی هەریم دەکەین، کۆمەڵێک لەو فاکتەرانەی باسمان کرد بۆ سەرخستن و،پیشخستنی کەرتی گشتی تەندروستی دەبینین یان وجودیان نیە یاخود بە شێوەی ستاندارد و زانستی نین، بۆیە بۆ هەڵستاندنەوە و ڕاستکردنەوەی ئەم کەرتە کە زۆرترین چاوی میدیا و گازاندەی هاوڵاتیانی لەسەرە پێویستە چەند هەنگاوێکی جددی و بڕیاڕێکی سیاسی هەیە،بڕیارێک کە تەنها و تەنها بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی و پێشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزاریە بەشێوەیەکی پیشکەوتوو و مۆدیر بێ.

 بەڵام دەرکردنی هەر بڕیاریک لە هەر ئاستێکی ئیداری بێ، ئەگەر ڕەچاوی گشت چین و توێژەکان بە یەکسانی نەکات ئەوا ئەو بڕیارەش دەبێتەوە گرفتێکی تر بۆ کەرتی تەندروستی، زۆرجار و بۆ دواین جاریش بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ نەهێشتنی نۆرینگەی کارمەندانی تەندروستی، لە قازانجی توێژێک و بە زەرەری کەرتی تەندروستی و نەخۆش و توێژەکانی تر بوو، بۆیە ئەگەر بڕیار بێت چاکسازی لە کەرتی تەندروستی بکرێت، ئەوا دەبێت بڕیارێک بێت چاو نەبۆشێت لەهیچ کەس و توێژیک کە ڕێگر دەبێ یاخود ڕەچاوی زەرەری هیچ لایەنێک نەکات، ئەگەر بڕیارەکە بۆ مافی گشتی و نەخۆش بێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بە هۆی باڵا دەستی پزیشکان لە وەزارەتی تەندروستی و ئەنجومەنی وەزیران کۆی بڕیارەکان بۆ چاکسازی تەنها لە بەرژەوەندی پزیشکان یان تویژێک لە پزیشکان دەردەچێت و ڕەچاوی هیچ لێکەوتێک و دەرئەنجامێک ناکرێت کە زۆرینەی تر لە ناوەندەکانی تەندروستی زەرەرمەند دەبن،پێشوەخت گوێ بۆ داوا و پێشنیاری پەرستاران و کارمەندان ناگرێت و ڕەچاوی ئەو دڵسۆزی و ماندوبوون و شەونخونی کارمەندانی تەندروستی ناکرێت،هەمیشە ئەرکەکانی کارمەندانی تەندروستی بە واجب دەزانرێت و ئەرکی پزیشکانیش وەکو چاکە و پیاوەتی پزیشکان لێکدەرێتەوە!! کوردگوتەنی: بانێک و دوو هەوا !!

ناکرێت کارمەندانی تەندروستی لە دەرەوەی شار و لە کاتی شەڕ ڕۆلی پزیشکانیان پێبسبێردرێت و دواتریش دوای شەڕ و دوا دەوامی فەرمی ڕێگەنەدرێت کەوا نەخۆش ببینێت و لە سنوری زانستی و پیشەیەکەی خۆی کار بکات! مەگەر ئەو کارمەندە نیە لەشەڕ ڕۆلی پزیشک دەبینی؟؟ یاخود ئەو کەسانەی چارەسەردەکرێن لە کاتی شەڕ و برینداری بە دەستی کارمەندانی تەندروستی مافی هەمان نەخۆش و برینداری نیە کە لەشار بە هەر هۆیەک بێت نەخۆش دەکەون و بریندار دەبن؟؟

 

 
کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.