Erbil 15°C شەممە 04 ئایار 19:15

کاک ئیدریس مێژوێکی زێڕین و تەمەنێکی کورت

میوانی مام سەلیم ئەسعەد خۆشەوی بووم و کاک محمدی برا بچوکیشی لەوێ بوو باسی هەندێک لە خەسڵەتە تایبەتەکانی کاک ئیدریسی بۆ کردم
100%

هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی شۆڕش و بەرخودانی کوردستان زۆرێک لە کەڵەپیاوانمان پێ ئاشنا دەکات ، هەموویان زۆر هەوراز و نشێویان بڕی هەم سەروەریان بۆخۆیان و بۆ گەلەکەیان تۆمار کردووە ، چ لە نوسینی رۆژنامەنوسانی بیانی چ گەڕیدەکان ئەوانەی ڕێیان کەوتۆتە ناو شۆڕش باسی جوامێری و لێزانی دیبلۆماسیەتی کاک ئیدریسی رەحمەتی دەکەن ، هەندێک جاریش شتی زۆر ورد و تایبەتی کاک ئیدریس ئەگێڕنەوە، بۆنمونە تۆڵد ڤاڵستڕۆ رۆژنامەنوسی سویدی کاتێک سەردانی شۆڕش دەکات لە کتێبی کێوەکان تاقە دۆستی ئێمەن نوسیویەتی زیاتر لە پەنجا رۆژ لەناو شۆڕش مامەوە هەموو بەرەکانی شەڕم کردن و دیدارم لەگەڵ سەرکردەکان ئەنجامدا ، بەڵام نەمدیت هیچیان بەقەد ئیدریس بارزانی سیاسی بن و بە زمانی دیبلۆماسی قسەبکەن ، هاوکات لە گوفتارەکانی ورد ئەبومە خوێندنەوەی جیاوازم بۆ ئەکرد ، دواتر تێگەیشتم کە ئەو پیاوە سیاسەت ئەکات ، بەو سیاسەتە سەرنجی دەوروبەری رائەکێشێت.

چەند ساڵێک پێش ئێستا لە مەسیف میوانی مام سەلیم ئەسعەد خۆشەوی بووم و کاک محمدی برا بچوکیشی لەوێ بوو باسی هەندێک لە خەسڵەتە تایبەتەکانی کاک ئیدریسی بۆ کردم کە لە ئاوارەیی بەیەکەوە بوون ، مام سەلیم گوتی ،جارێکیان لەگەڵ کاک ئیدریس بەیەکەوە بووین بەرەو شوێنەک ئەڕۆیشتین تازە سەرەتای دروست کردنەوەو خۆڕێکخستنەوەبوین لە شۆڕشی گوڵان پێی گوتم ئەوەی هەمانە و لەتوانامان دایە دەبێت بۆ سەرخستنی ئەو شۆڕشەبکەین ده‌بێت پارەو چەک بۆ پێشمەرگە پەیا بکەین ، منیش گوتم ئێستا ئەچینە کوێ ، کاک ئیدریس گوتی ئه‌چین ئەرکی سەرشانمان جێبەجێ ئەکەین ئەوکات تێگەیشتم هەندێک چەکی پەیا کردیە و ئەچین دەیهێنین ، کاک محمدیش سەربردەیێکی گێڕاوەو گوتی کاک ئیدریس بانگی کردم و گوتی محمد ئەتو کوڕەکی ئاقڵی بەڵام ئەو ئامۆژگاریانەت ئەکەم لەگوێیان بگرە ، هەرگیز ناحەقی قبوڵ مەکە ، هاوکاری هەژاران بکە ، دەست پاکبە ، کەسە ئازیزەکانت هەرگیز لەبیر مەکە ، قەت ئەو ئامۆژگاریانەی لەبیرناکەم. ئەمڕۆ بۆکارێکی دێکۆمێنتاری چاوپێکه‌وتنێکم لەگەڵ مەلا یوسف کرد لە ساڵی ۱۹۷۱ لەبەغدا بەشداری خولی کادیرانی کردبوو ، گوتی ئەوکات کاک ئیدریس دەیویست سەردانی ئێمەبکات ، بەڵام حکومەتی ئەوکات هەوڵیاندا تیرۆری بکەن ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون ، ئەوکات قەناعەتی سەرانی بەعس ئەوەبوو دەیانگوت ئەگەر ئیدریس بارزانی نەمێنێت ئیدی ئەو شۆڕشە بەبێ پلان داڕێژەر دەمێنێتەوەو هەرەس دێنێت . کۆچی دوایی کاک ئیدریسی جوانەمەرگ لەدەستدانی گەوهەرێکی سیاسی کوردستان بوو هەرچەندە پێشتر ئاشتی کۆمەڵایەتی سیاسی کوردستانی هێنابووە وجود ،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەسارەتێکی گه‌ورەبوو ....

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.