Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:04

به‌ره‌ی پشتیوانی له‌ سه‌رۆک بارزانی فراوان ده‌بێت

 قۆناغی دووه‌م بریتی ده‌بێت له‌ ره‌وشی كه‌ركووك
100%

په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراق، جگه‌ له‌وه‌ی ده‌سكه‌وتێكی گرنگه‌ بۆ خه‌ڵكی عێراق، په‌یامێكی سیاسی و ئاشكراشی دایه‌ خه‌ڵكی كوردستان كه‌ بودجه‌ی كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ی كێشمه‌كێشی سیاسی ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوو به‌غدا گرتیه‌ به‌ر بڕینی بودجه‌ی كوردستان سزای سیاسی بوو، دیاریكردنی پشكی كورد له‌ بودجه‌ی گشتی عێراقدا، هه‌روا به‌ئاسانی نه‌بوو، كاری رۆژێك و دوو رۆژ نه‌بوو. یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر كۆتایی هێنان به‌ گرفتی بودجه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌سه‌ردانی بارزانی بۆ به‌غدا، راسته‌ په‌رله‌مانتارانی كورد له‌به‌غدا شه‌و نخونی و ماندووبوونی زۆریان كرد، به‌ڵام ده‌بێت خه‌ڵك له‌وه‌ دڵنابن كه‌ (ئه‌م پرسانه‌ به‌بێ رێككه‌وتنی سیاسی به‌هێز ئاسته‌مه‌)، چونكه‌ له‌ ساڵانی رابردوو په‌رله‌مانتاران زۆر هه‌وڵیاندا پشكی كورد له‌بودجه‌ی عێراق زیاد بكه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی سیاسی نه‌بوو نه‌توانرا ئه‌وه‌ بكرێت، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ره‌نگدانه‌وه‌ی خاڵی ئیجابی سه‌ردانه‌كه‌ی (بارزانی) بوو بۆ به‌غدا.

 قۆناغی دووه‌م، بریتی ده‌بێت له‌ ره‌وشی كه‌ركووك، (بارزانی) پلان و به‌رنامه‌ی تایبه‌تی بۆ دۆخی كه‌ركووك هه‌یه‌، كه‌رێگا چاره‌ی ئه‌و پرسه‌ ده‌بێت به‌گفتووگۆبێت له‌گه‌ڵ به‌غدا،  ره‌وشی كه‌ركووك ئاوانامێنێته‌وه‌، ده‌بێت دۆخی داسه‌پاوی سه‌ربازی به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا نه‌مێنێت و پارتی دیموكراتی كوردستان بگه‌رێته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌، پارێزگاری نوێ و ئه‌ركی هێزی پێشمه‌رگه‌ش له‌و شاره‌ دیاری بكرێت، بڕوام وایه‌ سه‌رۆك له‌و باره‌وه‌ ده‌ستپێشخه‌ری نوێی ده‌بێت، و له‌گه‌ڵ هێزی هاوپه‌یمانانیش له‌سه‌ر خه‌تن، ره‌نگ بێت دۆخی عێراق به‌شێوه‌ی ئێستا نه‌مێنێته‌وه‌، سوننه‌كان چاوه‌روانی بڕیاری نوێ ده‌كه‌ن، له‌چوار چێوه‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌دژی ده‌ست وه‌ردانه‌كانی ئێران ده‌یكات له‌ناوچه‌كه‌، شیعه‌كانیش له‌به‌رده‌م بڕیاری زۆر قورسدان، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و پرسی میلیشیكان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌،  ره‌نگ بێت دووباره‌ داوا له‌ (سه‌رۆك بارزانی) بكرێت، ده‌ستپێشخه‌ری بكات بۆ عێراقێكی نوێ.

ساڵی 2010 (بارزانی) ده‌ستپێشخه‌ری یه‌كه‌می كرد، ره‌نگ بێت بۆ 2019ش واته‌ دوای 9 ساڵ دووباره‌ ده‌ستپێشخه‌ری بكاته‌وه‌، چونكه‌ كاتی خۆی گوتی: "بابزانین دۆخه‌كه‌ چۆن ده‌بێت و به‌غدا چۆن دێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر زانیمان دۆخه‌كه‌ له‌باره‌ و گونجاوه‌ بیرێكی لێده‌كه‌ینه‌وه‌". به‌غدا له‌باره‌ی بودجه‌ی كوردستانه‌وه‌ بڕیارێكی باشی داوه‌، هه‌ماهه‌نگی سیاسی له‌گه‌ڵ كوردستان فراوان كردووه‌، ره‌نگ بێت ئه‌مانه‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی بن بۆ ئه‌وه‌ی (بارزانی) رازی بكرێت بۆ ده‌ستپێشخه‌ری نوێ له‌ عێراقدا، كه‌ ره‌نگه‌ ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌م جاره‌ به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌ عێراقییه‌كان و پرسی ماده‌ی 140 و ئارامی بۆ ناوچه‌كه‌ بێت، یه‌كێك له‌ هۆكاری سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئێران و فه‌ره‌نسا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست بووه‌، ئێران به‌په‌رۆشه‌ كه‌ (بارزانی) هاوسه‌نگی ناوچه‌كه‌ رابگرێت، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسی عێراق، ئه‌مه‌ریكاش به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌ستپێشخه‌ری پێ گرنگه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ئیراده‌ی سیاسییه‌ له‌ عێراقدا كه‌ تاچه‌ند ده‌یانه‌وێت كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ربكه‌ن؟.

تادێت به‌ره‌ی پشتیوانی له‌ (بارزانی) فراوان ده‌بێت له‌ ئاستی خه‌ڵكی كوردستانیش ئه‌و (ئیرهابه‌ فكریه‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌بوو له‌لایه‌ن چه‌ند هێزێكی لۆكاڵییه‌وه‌). ئه‌وه‌ش نامێنێت، چونكه‌ خۆشیان گه‌یشتنه‌ ئه‌و باوه‌ره‌ی ده‌بێت له‌گه‌ڵ پارتی و سه‌رۆك بارزانی مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، كاری سیاسی بریتی نییه‌ له‌ رق لێبونه‌وه‌ و سه‌نگه‌ر گرتن، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی گرنگه‌ هاوبه‌شی سیاسی هه‌بێت بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی، و گرفتی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌بنه‌ره‌تدا بریتی نییه‌ له‌ سه‌نگه‌ر گرتن له‌ هێزی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ڵكو كاری ئه‌وان چاكردنی و چاودێری كردنه‌ به‌سه‌ر حكوومه‌ت و باشتركردنی سیسته‌می حوكم رانییه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌م له‌ ئاستی عێراق و كوردستان و وڵاتانی دراوسێ و جیهانیشه‌وه‌ پشتیوانی له‌و به‌ره‌یه‌ فراوان ده‌بێت، زیاتر له‌ جاران باره‌گای (بارزانی) به‌رووی جیهاندا كراوه‌ته‌وه‌، ره‌نگ بێت ببێته‌ ناوه‌ندی بڕیاری گرنگ له‌ ناوچه‌كه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ گرنگه‌ به‌رنامه‌و ئه‌جێندای پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌به‌نی بكرێت بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ری و ئامۆژگاریانه‌ی سه‌رۆك كه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ جیاوازه‌كان ده‌یخاته‌روو، یه‌ك تیمی و یه‌ك شێوه‌ كاركردنی له‌ داهاتووی سیسته‌می سیاسی كوردستان و خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت یه‌كێك له‌به‌رنامه‌ هه‌ره‌ له‌پێشینه‌كانی پارتی بێت، چونكه‌ بۆ داهاتوو ئه‌ركی پارتی قورستر ده‌بێت، (ده‌بێت چاوێكی له‌ باشتربه‌رێكردنی حكومه‌ت بێت و چاوێكیشی له‌ به‌به‌غدا بێت) تا هاوسه‌نگی هێز له‌ناوچه‌كه‌ نه‌گۆرێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.