دەهۆڵلێدان بۆ بەدووئیدارەكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شەڕی براكان، لە ئێستادا هەموو لایەكی سەرقاڵ كردووە، بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە، كە سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریان داوە جارێكی تر شەڕی براكانیان ناكەنەوە.
لە ڕووداوەكانی ۱٦ی ئۆكتۆبەردا، هەوڵێكی لەم جۆرە بۆ هەموو لایەك ئاشنا بوو، كۆمەڵێك سەركردەی سەربازی لە رێگەی رێككەوتنێكی نهێنییەوە، چاوساغی و پێشڕەوایەتیی هێزەكانی عێراقیان كرد بۆ داگیركردنی كەركووك، لەگەڵ ئەوەی گەورەترین زیانی بۆ كورد هەبوو، كەچی وەلام نەدرانەوە، دواتر پلانێك بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ كەركووك لە ئارادا بوو، بەڵام چی ڕووی دا؟ پێش گەیشتن بە هێزە عێراقییەكان، براكانیان لە بەردەم خۆیاندا دۆزییەوە و دووبارە شەڕی براكان رەت كرایەوە.
لە سەردەمی حكوومەتەكەی مالیكی و دواتر عەبادی، بە تایبەتی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، كاری جددی بۆ بەدووئیدارەكردنی هەرێم و بەریەككەوتنی نێوان هێزە جیاوازەكان كرا، جارێك بە پێشوازی لە شاندە حیزبییەكان و بانگەشەی ناردنی بودجەی سلێمانی و جارێكی تر بە جوڵاندنی هێزەكانی حەشد بۆ ناو قوڵایی هەرێم و دەرئەنجام بە مامەڵەی دروست لەلایەن پارتی دیموكرات و سەرۆك بارزانی، ئەم هەوڵە شكستنی هێنا و كوردستان لە دابەشبوون و شەڕێكی ناوخۆیی پارێزرا.
لە شنگال پاش هەموو شەڕٍفرۆشتنێك بە هێزەكانی پێشمەرگەی كورستان و دروستكردنی ئاستەنگ بۆ ئیدارەی شەرعیی قەزاكە و رێككەوتن لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و دروستكردنی ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان، بەڵام بڕیاری سەرۆك بارزانی بۆ هەموو هێزەكان ئەوە بوو، خۆ بەدوور بگرن لە هەموو گرژییەك كە ببێتە هۆكاری شەڕێكی نەخوازراو.
لە رۆژئاوای كورستان، دووبارە هەوڵێكی لەم جۆرە هەبوو بۆ پەلكێشكردنی پارتی بۆ چوونەناو شەڕی ناوخۆیی بە گەڕانەوەی پێشمەرگەكانی ڕۆژ بۆ رۆژئاوای كوردستان، بەڵام پارتی دیموكراتی كورستان و سەرۆك بارزانی، سەرەڕای گوشارێكی زۆر لەسەر ئەندام و لایەنگرانی ئەنەكەسە، بە هەموو شێوەیەك بیرۆكەی گەڕانەوەی هێزەكانی رۆژیان بۆ رۆژئاوا رەت كردەوە بە بێ ڕێككەوتن لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەر.
لێرەوە دەكرێ پرسیارێكی جەوهەری بكەین، ئایا كێ سوودمەندە لە بەدووئیدارەكردنی هەرێم و خزاندنی كوردستان بۆ ناو شەڕێكی ناوخۆیی؟ وەڵامەكە لای هەمووان ڕوونە، ئەوانەن كە مەبەستیانە بەردەوام بن لە بەهەدەردانی سامانی وڵات و نایانەوێت حكوومەتێكی سەرتاسەری و بەهێز لە كوردستان بوونی هەبێ، بەڵام لە كۆتاییدا بە هەوڵی خەمخۆرانی ئەم هەرێمە، شكست بەو هەوڵە نەزۆكانە هێنراوە و دەهێنرێت.