Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 05:43

دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا

ئەگەری سێیەم مەترسیدارترینە بەوەی کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوار بە هەڵگیرساندنی شەرێکی تازە لە سووریا دەدات
وژار فه‌هری
100%

دەرچوونی بەپەلەی هێزە زەمینیەکانی ئەمریکا لە سوریا زۆر لەناکاو بوو، پێش چەند رۆژێك برێت مکگورک رایگەیاندبوو کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا زۆر دەخایێنێت و دەمێننەوە تا ئەو کاتەی کە سەقامگیری جێگیر بێت. لە ماوەکانی رابردوودا جۆن بۆڵتۆن راوێژکاری ئاسایشی وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ناچنە دەرەوە تا ئەوکاتەی کە ئێران پاشەکشە نەکات بۆ ناو خاکی خۆی.

ئەم بریارەی سەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەی ئەمریکا، لایەنگرانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە بریارێکی هەڵە دادەنێن بەوپێیەی کە ئیدی دەسته‌ڵاتی روسیا و ئێران و ملیشیاکانی سەر بە رژێمی ئەسەد باڵادەستتر دەبن. هەرچەند نەیارانی ئەمریکا زۆر دڵخۆشن بەو بریارە، چونکە نەمانی هێزەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتن بۆخۆیان دادەنێن.کاردانەوەکانی ئەم بریارە زۆر ئاڵۆز دەبن بەوەی کە تەنها هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا نین، بەڵکو هێزەکانی فەرەنسی و بەریتانیش لە سوریا بوونیان هەیە و دەبێ ئەمە بە گرنگ دابنرێن.

دەرچوونی ئەمریکا چەندین گریمان دەخاتە روو بۆ ئایندەی سوریا بەتایبەتی و ناوچەکە بە گشتی، وەک:

١/ ئەمریکا بەو کارەی بوار دەداتە هێزە سەربازیەکانی ووڵاتانی عەرەبی کە زیاتر چالاکی سەربازییان هەبێت وەک دابەشکردنی بارگرانی لە نێوان هەموو هێزەکان لە ناوچەکە و ئەوانیش بۆ بەدەست هێنانی بەژەوەندیەکانیان هەوڵبدەن وەک سعودیە، ئیمارات و مصر.

٢/ پشتگیریکردنی دیبلۆماسی لە هێزە ناوخۆیەکانی سەر بە ئەمریکا و یارمەتیدانیان بۆ بەرێوەبردنی خۆیان بە دەستی خۆیان.

٣/ئەگەری سێیەم مەترسیدارترینە بەوەی کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوار بە هەڵگیرساندنی شەرێکی تازە لە سووریا دەدات.

سەبارەت بە ئەگەری یەکەم، لە ماوەکانی رابردوودا بینیمان کە ووڵاتانی عەرەبی ‌هێزێکی گەورەی سەربازییان دروست کرد بۆ رووبەروو بوونەوی مەترسیەکانی ناوچەیی و بەتایبەتی دژی ئێران، بە چوونە دەرەوەی ‌هێزە زەمینیەکانی ئەمریکا ئیتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و بەدیهێنانی ئامانجییان لە سووریا پێویستە دەست بە چالاکیەکانیان بکەن و رۆڵ بگێرن لە سووریا.

ئەگەری دووەم و لە پشتگیریکرندی دیبلۆماسیدا بۆ هیزە ناوخۆیەکانی سەر بە ئەمریکا، ئەمریکا دەتوانێت لە دانوستاندنەکانی نێوان زلهێزەکان مافی هاوپەیمانەکانی بەدەست بێنتەوە و کیانێکی سیاسی پێکبهێنن، چونکە سوریا ئێستا ووڵاتێکی دابەشکراوە لە لایەن زلهێزەکانەوە بەتایبەتی لە نێوان ئەمریکا و رووسیا و بەریتانیا و فەرەنسا، ووتووێژ و گفتوگۆی سیاسی کاریگەریێکی زۆری دەبێت بۆ ئەم بارودۆخە چەقبەستووەی سووریا.

ئەگەری سێیەم روودانی جەنگێکی دیکەیە لە سووریا کە زیاتر لە هەرکاتێکی تر نزیکە. بە دەرچوونی ئەمریکا لە سووریا، دەستهەڵاتی ئێران و سوریا هێزەکانی تری دژی ئیسرائیل زیاتر دەبێت و دەبێتە هەرەشە بۆ سەر ئیسرائیل، بۆ پاراستنی سنوورەکانی و دوورخستنەوەی مەترسیەکانی لەسەر خۆی، ئیسرائیل هەموو کارێک دەکات ئەگەر لێدان بێت لە هێزەکانی رژێمی سووریا، لە ماوەکانی رابردوو بینیمان کە هیزەکانی ئیسرائیل چۆن بەرەنگاری هێزەکانی ئێران و سووریا بوون لەسەر بەرزاییەکانی جۆلان.

تائێستا بەتەواوی هێزەکانی ئەمریکا نەکشاونەتەوە بەو پێیەی کە ‌هێزەکانی ئاسمانی درێزە دەدەن بە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ هاوکاری هاوپەیمانەکانیان لە دژی گروپە تیرۆرستەکان، بەڵام بەئەگەری زۆر ئەمریکا دیسان چۆن هاتەوە عێراق بەهەمان شێوە دێتەوە سوریا، چونکە ئێستا کاتی چوونە دەرەوەی ئەمریکا نییە لە سووریا. یەکێک لەو فاکتەرانەی کە وایکردووە ئەمریکا ببێتە زلهێزی جیهان بوونی هیزەکانیەتی لە هەموو ناوچەکانی جیهان، بۆیە ئەمریکا نایەوێ زلهێزی خۆی لەدەست بدات لە سیستەمی نوێی جیهاندا.

 

سوریا

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.