مێژوویەکی ئەوەندە نزیکە کە بەتەواوی لە بیر مێشکی هەر تاکێکی ئەو کوردستانەدا ماوە و بۆ دەیان ساڵی تریش ڕەگی داکوتاوە، ئەوسا لەسەروبەندێکدا بووین کە حکومەتی عێراق بە پاساوی بێ بنەما چەندین ڕێکاری نادەستوری و دژ بە یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان گرتە بەر، هەنگاوەکانی بەجۆرێک نامڕۆڤانە بوون کە ڕێگەی بازرگانی لە خاڵە سنوریەکان داخست و فڕۆکەخانە و هێڵی ئاسمانی بەتەواوی لە کوردستان پچڕاند، هەموو ئەمانە درێژە پێدەری سیاسەتی برسی کردنی خەڵکی کوردستان بوو کە چوار ساڵ پێشتر بە بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم دەستی پێکردبوو.
لەبیری هیچ کەسێک ناچێتەوە کە سەرباری ئەو دۆخە ناهەمووارە ئابووریە و ئەو قەیرانە سەختانە ڕاستەوخۆ لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش ئەمجارە توشی شەڕێکی تری نەخوازراو بووین و لە ڕێکەوتنێکی ژێربەژێری نا بەرپرسانەدا لەلایان بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی نیوە خاکی کوردستان خرایە بەر زوڵم و زۆری و ڕەشبگیری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەمەش حکومەتی هەرێم جگە لە داگیرکردنی خاکەکەی نیوەی ئەو ئابوریەشی لەدەست دا کە چوار ساڵ بوو ئیدارەی کات و ژیانی خەڵکی کوردستانی پێ دەکرد.
بەڵێ ڕێک لە ناوەڕاستی ئەو ڕووداوە سامناکانەدا سەرۆکی حکومەت ڕێزدار "نێچیرڤان بارزانی" وەک کاریزمای چارەسەری گرفتەکان شانی لەژێر ئەو بارپرسیاریەتە قورسە لانەدا و لەخۆبوردوانە و پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانی خۆی بەگەڕ خستەوە و بەشێوەیەک کە بەخەیاڵی بەغدا و هیچ کەسی تردا نەدەهات بە ئۆتۆمێل و لەڕێگەی وشکانیەوە چووە وڵاتی تورکیا و لەوێشەوە بەفڕۆکەیەکی سەرۆکایەتی کە پێشتر لە وڵاتی چاوەڕێوە بۆی دابین کرابوو بەرەو فەڕەنسا ڕۆیشت و لەکۆشکی "ئیلزێ"ی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بە ڕاخستنی فەڕشی سوری ئەوروپیانە و دانانی ئاڵای کوردستان و ڕێنوسی کوردی لەلایەن "ئیمانوێل ماکڕۆن"ەوە پێشوازی گەورەی لێ کرا.
بێگومان ئەو سەردانەی دەوڵەتمەدار ئەگەر سێ مانگ پێشتر بایە بە ڕووداوێکی ئاسایی دەبینرا، بەڵام وەک لە ڕاگەیاندنەکانی جیهاندا دەنگی دایەوە گرنگی وبایەخی گەورەی ئەوسەردانە ئەوە بوو کە بەغدا فشار و ئابلوقەیەکی گەورەی لەسەر کوردستان و سەرکردایەتیەکەی دانابوو، هەروەها لەدوای ڕووداوەکانی16ی ئۆکتۆبەر جۆرێک گەلەکۆمەکی کرا بە ئامانجی ڕوخاندنی حکومەتی کوردستان و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی ئیدارەی سیاسی و جوگرافی کوردی لە ناوچەکە، بەڵام ئەو سەردانە و ئەو پێشوازیە گرنگە دەری خست کە کوردستان پێگەی سیاسی و دیبلۆماسی گرنگی لە جیهاندا هەیە و ئەستەمە بکەوێت، بە هەموو جیهانی ڕاگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن کاریزمایەک سەرۆکایەتی دەکرێت کە پێشمەرگە ئاسا خۆی بۆ هیچ ئاریشە و ئابلوقەیەک ناچەمینی.
بەڵێ "نێچیرڤان بارزانی"ئیرادەی هەبوو بە پشت بەستنی بەو لۆبیە گرنگە دیبلۆماسیەی چەندین ساڵ بوو کاری بۆ دەکرد و بەرەو پێش و فراوانی کردبوو، توانی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لە لێواری داڕوخانێکی گەورە بباتە کەنارێکی ئارام و بەرەو سەرکەوتنی مەزن هەنگاو بنێت، سەرکەوتنێک ئەگەر چی سەرباری دووژمنە دەرەکیەکان لەناوخۆشدا پیلانی لەدژ دادەنرا و هەر ڕۆژە لایەنێک بۆ شکست هێنان بە هەنگاوەکانی دەوڵەتمەدار ڕوویان لە بەغدا دەکرد و بە کۆمەڵێ فایل و کۆمپیوتەر و لاپ تۆپەوە لە حزوری عەبادیدا داوایان دەکرد کە مامەڵە لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانیدا نەکرێ" بەڵام لەکۆتایدا هەر ئیرادەی خەڵکی کوردستان سەرکەوت و دەوڵەتمەدا بە تەنها توانی بەغدا بەچۆکدا بهێنێت و ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەکان لاببات و دەروازە سنوریەکان بکاتەوە، هەروەها توانی لەدوای چوار ساڵ بەغدا ناچار بکات بەشێک لە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.
ئەمانەی سەرەوە مشتێکە لە خەرمانێک سەرکەوتنەکانی ماوەی یەک ساڵی ڕێزدار "نێچیرڤان بارزانی" کە بە پاڵەوانی چارەسەری کێشەکان ناسێنرا و توانی هەرێمی کوردستان بە بەرز و شکۆوە بهێڵێتەوە و بەڵکو شکۆدارتریشی بکات.