Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:13

نێچیرڤان بارزانی و ڕۆشنبیران

زۆریەک لە ڕۆشنبیرە دیارەکانی کوردی لە دەرەوەی وڵات گەڕاندەوە بۆ کوردستان و کار و پڕۆژەی گرنگی پێدان
سەنگەر قوباد
#7
100%

 لە ساڵانی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیی هەرێمی کوردستاندا، نێچیرڤان بارزانی پشتیوانێکی نمرەیەکی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بووە و، بە پشتیوانیی جەنابیان زۆر پڕۆژە و دامەزراوەی گرنگی هونەری و ڕۆشنبیری خرایە سەرپێ، بۆیە سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕۆڵی ئەرێنی لە بونیادنانی پرۆسەی ڕۆشنبیریشدا هەبووە.

ڕۆشنبیری و هەموو کایەکانی تر پێوەستن بە ئەدائی حکومەتەوە، لەگەڵ حکومەتیشدا سیاسییەکان دەتوانن کاریگەرانە پرۆسەی هونەر و مەعریفە پێش بخەن، چونکە ئەستەمە ڕۆشنبیری بەبێ پشتیوانیی سیاسەت یان حکومەت بتوانێ بژیت. لە هەر شوێن و زەمەنێکدا، تا سیاسەتمەداران و دەسەڵاتداران بایەخیان بە چالاکیی ڕۆشنبیری نەدابێ و پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی ڕۆشنبیرانیان نەکردبێ، هەرگیز کایەی ڕۆشنبیری ئاکتیڤ نەبووە و گەشەی نەکردووە. بەڵام لە هەر کات و شوێنێک دەسەڵاتدارانی سپێشەڵ ڕۆشنبیر بووبن و کایەی ڕۆشنبیرییان لا گرنگ بووبێت، بێ یەک و دوو ئەو کایەیە بووژاوەتەوە و شارستانیەتی ڕاقیی لێ کەوتووەتەوە.

ساڵانی دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق ساڵانێکی زێڕینی کایەی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستانە، چونکە لەو ساڵانەدا بایەخێکی ئێجگار گەورە بە چالاکییە ڕۆشنبیری و هونەرییەکان دەدرا و، کۆمەڵێک دامەزراوەی ڕۆشنبیری و هونەریی باش کرانەوە و، پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی نووسەران و هونەرمەندان و کار و چالاکییەکانیان دەکرا، ئەو قۆناغەیش بە پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکرا.

ئەو زۆریەک لە دەزگە ڕۆشنبیری و هونەرییەکانی دامەزراند و زۆریەک لە ڕۆشنبیرە دیارەکانی کوردی لە دەرەوەی وڵات گەڕاندەوە بۆ کوردستان و کار و پڕۆژەی گرنگی پێدان، بەمەیش بواری کولتووری بە شێوەیەکی بەرچاو بوژایەوە. ماوەی چوار ساڵە بواری ڕۆشنبیری و هونەر لە کوردستان بەرەو دوا دەچێ و، بەشێکی زۆری دامەزراوە کاریگەرەکانیش داخراون و بایەخ بە چلاکییە فەرهەنگییەکان نادرێت، ئەم پاشکەوتنەیش کاردانەوەی نەرێنی لەسەر کولتوور و هونەر دادەنێت، بەمەیش وڵات دوادەکەوێت. بەڵام لە ئێستادا کە هەنگاوەکان بە ئاڕاستەی باشتربوونی دۆخی ئابوری کوردستان دەچێت، بەدڵنیاییەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت هەوڵەکانی بۆ بوژاندنەوەی بواری فەرهەنگی دەخاتەوە گەڕ و گرنگییەکی زیاتر بە هونەر و ڕۆشنبیری دەدات.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.