Erbil 15°C دووشەممە 06 ئایار 02:29

بۆ مووچە بێت یان پڕۆژە؟

ئەگەر ملیارێك دۆلار لە رێگەی پڕۆژەكان بخرێـتە بازاڕەوە 50 هەزار كەس دەرفەتی كاری بۆ دەڕەخسێت
شوان به‌رزنجی
100%

هەموو لایەك دڵمان بەوە خۆشە، وردە وردە هەرێمی كوردستان تەپوتۆزی قەیرانی دارایی لێ دەبێتەوە و هەناسەیەكی بەبەردێتەوە، هەروەها مووچەخۆرانیش دڵیان بەوەخۆشە پاشەكەوتی مووچەكانیان كەم كراوەتەوە و چاویشیان لەوەیە مووچەكانیان وەك جارانی لێ بێتەوە.

ئەگەر مووچەی فەرمانبەران وەكو خۆی لێ بكرێتەوە لانی كەم پێویستی بە 200 ملیار دیناری مانگانە دەبێت، ئاسایی كردنەوەی مووچەو لابردنی یەكجارەكی سیستەمی پاشەكەوت مافێكی یاسایی هەموو فەرمانبەرانە، بەڵام دەبێت پرسیارێكی جدیی و راشكاو بكەین ئایا لە هەرێمی كوردستان تەنها فەرمانبەر هەیە تاوەكو پارە بە كەسی تر نەدرێت؟.

بێگومان لە كوردستان بەشێك لە خەڵك لە بازاڕ و كەرتی تایبەتن، بە تایبەت چاویان لە پڕۆژە و هاتنی پارەیە بۆ بازاڕ، هەروەها خەڵكێكی زۆری بێكار هەیە و دەیانەوێت هەلی كار زیاد بكات و دەستیان لە كارێك گیربێت.

ئەگەر لە جیاتی ئەوەی مووچە وەكو جارانی لێ بكرێتەوە، مانگانە 200 ملیار دینار یان 10 بۆ 20 ملیۆن دۆلار بدرێتە پڕۆژە و بەڵێندەران ئەوە زۆر ئامانج دێتەدی، بەڵام ئەگەر تەنها بدرێتە مووچە رەنگە یەك ئامانجی بچوك بپێكێ.

ئەگەر پارە بدرێتە پڕۆژەكان بازاڕ و هەلی كار دەبوژێتەوە و شوێنەوارەكانی قەیرانی داراییش دەسڕێنەوە، چونكە وەستانی زیاتر لە 3 هەزار پڕۆژە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەكی جدی و خەمخۆرانە هەیە، لەو پڕۆژانە خەڵكێكی زۆر هەیە ئێستا لە ماڵەوەیە و بێكارن، ئەگەر مانگانە پارە بۆ دەستپێكردنەوەیان تەرخان بكرێت ئەو كاتە بە هەزاران خێزان ژیانیان باشتر دەبێت.

بۆ نمونە ئەگەر ملیارێك دۆلار لە رێگەی پڕۆژەكان بخرێـتە بازاڕەوە 50 هەزار كەس دەرفەتی كاری بۆ دەڕەخسێت، ئەوەش لە رووی ئابووری دەستكەوتێكی گەورە دەبێت بە تایبەت ئێستا كێشەی بێكاری و وەستاوی بازاڕ هەیە، بەڵام ئەگەر ئەو ملیار دۆلارە بە تەنها بدرێـە مووچەخۆران ئەوە تەنها مووچەخۆران لێی سودمەند دەبن و بەس.

دڵنیام ئەوەی ئێستا بەلای مووچەخۆرانی حكوومەت گرنگە مووچە بە 30 رۆژ جارێك دابەش بكرێت و مووچەش كەم نەكرێتەوە و پاشەكەوتی مووچەش بكرێتە چەك، خواستی زیادكردنی مووچە بەو جۆرە نیە،كە ئەگەر نەكرێت مانگرتن و كیشەی تێ بكەوێت، ئەوەی بەلای كۆی خەڵكەوە گرنگە جولانی بازارە بۆِ  دەستەبەركردنی هەلی كار بۆ بێكاران و دەرچوانی زانكۆكان.

گرنگە حكوومەت بە پلانێكی ئابووری تۆكمە هاوسەنگی رابگرێت لە نێوان مووچەی فەرمانبەران و دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان، دەبێت وانەی باشی لە قەیرانی دارایی وەرگرتبێت و ئەو داهاتەی دەستی دەكەوێت وەكو جاری جاران تەخشان و پەشخانی نەكات.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.