Erbil 15°C سێشەممە 07 ئایار 20:22

پێگه‌ی کوردستان دوای گه‌مارۆکانی سه‌ر ئێران

عێراق ناتوانێت دوای ئه‌و 45 رۆژه‌ی كه‌ ئه‌مریكا بۆی دیار كردووه‌ په‌یداویستییه‌كانی خۆی دابین بكات
100%

دوای كێشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران، كۆشكی سپی دووباره‌ بڕیاری سه‌پاندنی گه‌مارۆی له‌سه‌ر ئێران ده‌ركرد و گه‌مارۆكانی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران كه‌رتی وزه‌ و بانكداری ئێرانی كردووته‌ ئامانج. بێگۆمان سڕینه‌وه‌ی ئێران له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه‌، كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر هاوسه‌نگییه‌ سیاسی و بازرگانییه‌كان ده‌بێت، بێجگه‌ له‌م دوو كه‌رته‌، كه‌رتی بانكداری ئێران به‌ تایبه‌ت له‌ بواری ته‌حویل كردنی دیجیتاڵی دراودا، كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئابووری بۆ ئێران لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بانكی ناوه‌ندی و بانكی میللی ئێران كه‌ دوو بانكی گه‌وره‌ی ئێرانین و به‌ هۆی گه‌مارۆكانه‌وه‌ له‌ سیسته‌می ته‌حویلی دیجیتاڵی جیهان ده‌ركراون، كه‌رتی بانكداری ئێرانی تووشی زه‌ره‌ر و زیانی گه‌وره‌ كردووه‌.

ئه‌وه‌ی دیار و به‌رچاوه‌ ئامانجه‌كانی ئه‌م گه‌مارۆیانه‌ن، هه‌ر چه‌ند به‌رپرسانی ئه‌مریكی باس له‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ئامانج له‌ گه‌مارۆكان ئه‌وه‌یه‌ تا ئێران ده‌ستبه‌رداری پشتگیریكردنی گرووپه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌ و رادیكاڵه‌كان بێت و سیاسه‌تی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهاندا بگۆڕێت، به‌ڵام دواجار ئامانجی سه‌ره‌كی گه‌مارۆكان وه‌كو راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا جۆن بۆڵتۆن باسی لێوه‌ كردووه‌، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئێرانه‌ به‌ رێگه‌ی خه‌ڵكی ئێرانه‌وه‌.

 بابه‌تی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و چۆنێتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئێران بابه‌تێكی دیكه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌ پێویسته‌ باسی له‌سه‌ر بكرێت پێگه‌ی كوردستانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا دوای گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران. ئایا ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ كاریگه‌ری سیاسی و ئابوورییان به‌سه‌ر كوردستاندا ده‌بێت یانا؟

 ئایا له‌م پڕۆسه‌یه‌دا كوردستان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت یاخود پڕۆسه‌كه‌ ده‌رفه‌تێكی زێڕینه‌ كه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌م كورد بۆ به‌هێزتر كردنی پێگه‌ی خۆی به‌ تایبه‌تی له‌ بواری وزه‌وه‌؟

 ئایا كوردستان ده‌توانێت له‌مه‌و به‌دواوه‌ كارته‌كانی خۆی له‌ دژی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌كار بهێنێت و مه‌رجی قه‌بووڵ كردنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت؟

ئه‌مریكا بۆ ماوه‌ی 45 رۆژ مۆڵه‌تی به‌ عێراق داوه‌ تا بتوانێت سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ بۆ دابین كردنی كاره‌با له‌ ئێران بكڕێت، دوای ئه‌و 45 رۆژه‌ عێراق بۆی نییه‌ هیچ جۆره‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئێران بكڕێت، ئه‌مریكا شه‌ش مانگی به‌ توركیا داوه‌ تا نه‌وت و غازی سروشتی له‌ ئێران بكڕێت و ئه‌م شه‌ش مانگه‌یش كاتییه‌ و دوای ئه‌مه‌ توركیایش بۆی نییه‌ هیچ جۆره‌ به‌رهه‌مێكی نه‌وتی و وزه‌ له‌ ئێران بكڕێت.

ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌مریكا له‌ راستیدا خێرێكی خواداوه‌ بۆ كورد به‌ مه‌رجێك كورد بزانێت چۆن سوودی لێ وه‌ربگرێت. عێراق و توركیا دوو هاوپه‌یمانی دژی كورد و سه‌ربه‌خۆیی كوردستانن و ساڵی رابردوو چه‌ندین پلانی هاوبه‌شیان بۆ تێكدان و له‌ناوبردنی پێگه‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد دانا به‌ڵام پێلانه‌كانیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، نه‌ له‌ بواری سه‌ربازی، نه‌ له‌ بواری سیاسی و ئابووریدا.

 

ده‌وران هه‌ڵسووڕاوه‌ته‌وه‌ و به‌ هۆی ئه‌و گه‌مارۆیانه‌وه‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ محتاجی بێ قه‌ید و شه‌رتی وزه‌ی كوردستانن، نه‌وت و غازی كوردستان له‌ دوای گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران ده‌بنه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ پێگه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كه‌ی كوردستان به‌هێزتر له‌ جاران بێت و بێگۆمان به‌هێزبوونی پێگه‌ی كوردستان له‌ بواری سیاسی و وزه‌دا ده‌بێته‌ هۆی قیرتاو كردنی رێگه‌ی كوردستان له‌ بواری دیپلۆماسیدا.

عێراق به‌ هۆی ئاڵۆزی و شڵه‌ژاوی دۆخه‌كه‌یه‌وه‌ ناتوانێت له‌ نه‌وت و غازی باشوور، دوای ئه‌و 45 رۆژه‌ی كه‌ ئه‌مریكا بۆی دیار كردووه‌ په‌یداویستییه‌كانی خۆی دابین بكات، بۆ عێراق ئه‌رزان نابێت كه‌ له‌ سعوودییه‌ یا وڵاتێكی دیكه‌ ئه‌ وسه‌رچاوانه‌ دابین بكات، تاقه‌ شوێنی گونجاو و ئه‌رزان بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بتوانێت ئه‌و سه‌رچاوانه‌ دابین بكات كوردستانه‌، هه‌ر بۆیه‌ پێده‌چت كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا عێراق له‌سه‌ر نه‌وت و سه‌رچاوه‌ وزه‌كانی كه‌ركووك مه‌رجه‌كانی كورد قه‌بووڵ بكات و له‌گه‌ڵ كورد رێك بكه‌وێت، ئه‌مه‌ ده‌ستكه‌وتێكی زۆر گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ كورد بۆ ئه‌وه‌ی گوشار بخاته‌ سه‌ر عێراق و ناچاری بكات بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی دیكه‌ هه‌نگاوی گورج و گۆڵ بنێت.

توركیایش كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كڕیاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌وت و غازی ئێران، له‌ دوای شه‌ش مانگ ئێتر بۆی نییه‌ نه‌وت، به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان و غاز له‌ ئێران بكڕێت، پڕۆژه‌ی تورك ئاقمی كه‌ له‌ رووسیا و ئازه‌ربایجانه‌وه‌ دێته‌ توركیا، له‌ دوای شه‌ش مانگ به‌ كۆتا نابێت كه‌ توركیا بتوانێت په‌یداویستییه‌كانی خۆی دابین بكات، هه‌روه‌ها وڵاتێكی دیكه‌ نییه‌ كه‌ توركیا بتوانێت په‌یداویستییه‌كانی خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی پارێزراو و گونجاو له‌ كاته‌ ساتی پێویستدا دابین بكات. تاقه‌ ئاڵترناتیف و رێگه‌چاره‌ له‌ به‌رده‌م توركیایش هه‌ر كوردستانه‌. 

بۆیه‌ ئه‌و توركیایه‌یش كه‌ له‌ كاتی رێفراندۆمدا هه‌ڕه‌شه‌ی برسی كردنی له‌ كورد و كوردستانیان ده‌كرد، وه‌كو زامدارێكی زام وه‌ره‌نگازبووی محتاجی كوردستان و سه‌رچاوه‌ وزه‌ییه‌كانی كوردستانه‌، زیاتر له‌مه‌ توركیا حاڵی حازر له‌ نێو خۆیدا تووشی قه‌یرانێكی قۆرسی ئابووری، گرانی و بێكاری بووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌نجامدانی ئاڵوێری بارزگانی له‌گه‌ڵ كوردستان ده‌بێته‌ پاڵنه‌رێك بۆ سووك كردنی بارگرانی ئابووری، گرانی و بێكاری له‌ توركیا، ئه‌م چوار فاكته‌ره‌ وا له‌ توركیا ده‌كه‌ن كه‌ توركیایش وه‌كو عێراق به‌ ملكه‌چی روو له‌ كوردستان بكات، خۆ توركیا ناتوانێت به‌و سیاسه‌تانه‌ی كه‌ له‌ دوای رێفراندۆمه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر كوردستان په‌یڕه‌وی كردبوون روو له‌ كوردستان بكات و درێژه‌ به‌ ئاڵوێری بازرگانی خۆی بدات، ناچاره‌ گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له‌ سیاسه‌ته‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ كوردستان بكات كه‌ ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ ده‌رفه‌ت بۆ كوردستان تا بتوانێت مه‌رجه‌ سیاسی و دیپلۆماتیكییه‌كانی خۆی بخاته‌ روو  و به‌مجۆره‌ رێگه‌ی كاروانه‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌موارتر بكات.

بێجگه‌ له‌م خاڵانه‌، خاڵێكی زۆر گرنگی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش دۆخی ناوخۆیی كوردستان و گۆزه‌رانی خه‌ڵكه‌، بێگۆمان گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا سه‌ر ئێران و دانانی ماوه‌ بۆ وڵاتانی ده‌راوسێ ئێران بۆ كڕینی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ له‌ ئێران، ده‌بنه‌ هۆكاری گه‌رموگۆڕبوونی بازاڕی وزه‌ی كوردستان، گه‌رم بوونی بازاڕی وزه‌ی كوردستان به‌ مانای هاتنی پاره‌یه‌ بۆ نێو بازاڕه‌كانی كوردستان كه‌ پاره‌ هاته‌ بازاڕه‌وه‌، حكوومه‌ت له‌ كاته‌ ساتی خۆیدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌بێ پاشه‌كه‌وت ده‌دات، كه‌ مووچه‌ له‌ كاتی خۆیدا درا، هه‌موو ئه‌ڵقه‌كانی دیكه‌ی بازاڕ یه‌ك له‌ دوای یه‌ك به‌ خێرایی ده‌ست به‌ سووڕانه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ هۆی بووژاندنه‌وه‌ و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی زیاتری كوردستان.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.