Erbil 15°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 19:41

خەونی شیعەی عێراق لە بازنەی حوکمڕانییەکی سەرکەوتوودا

فەرەنسییەكان دوو زانایان رەوانەی ئەمریكای دیموكراتی و رووسیای قەیسەری كرد، بۆ ئەوەی بزانن كام سیستەمەیان بۆ فەرەنسای دوای شۆڕش دەشێت
100%

 

كاتێك دەڵێین هیچ لایەنێكی سیاسیی شیعە بڕوای بە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی نییە وەك سیستەمێك بۆ حوكمڕانی، ئەمە مانای ئەوە نییە ئەوان كوفری سیاسەتیان كردووە و، ئەوەشی بڕوای بە دیموكراتی نەبێت وەك سیستمێك بۆ حوكمڕانی، ئیدی ناتوانێت حوكمڕانی بكات، یان لە حوكمڕانیدا سەركەوتوو بێت.


لای شیعەی عێراق بە هاوشێوەی شیعەی سەرجەم دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاكستان و ئەفغانستان، ناسنامەی ئایینیی شیعەگەرایی جێگەی ناسنامەی نەتەوەیی گرتۆتەوە، ئەوجا چۆن هەر نەتەوەیەك ئامانجی ئەوەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا شكۆی ناسنامەی خۆی بەرجەستە بكات، ئەوا پێڕەوانی مەزهەبی شیعەش لە هەر كوێیەكی ئەم جیهانە بن بە شیعەی عێراقیشەوە دەیانەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی (ویلایەتی فەقیهدا) شكۆی مەزهەبگەرایی خۆیان پێناسە بكەنەوە. 


ئەم حاڵەتە تەنیا تایبەت نییە بە شێوازی بیركردنەوەی پێڕەوانی مەزهەبی شیعە، بەڵكو هەموو پێڕەوانی ئەو ئایین و مەزهەبانەی كە ئایین وەك ناسنامەی سەیر دەكەن، شكۆی ئایینی و نەتەوەیی خۆیان لەناو سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتیدا نابیننەوە، هەر بۆیە پەنا بۆ سیستمێكی دیكەی حوكمڕانی دەبەن، كە ئەو سیستمە بە بڕوای خۆیان دەبێتەوە بە چوارچێوەیەك بۆ پێناسەكردنەوەی شكۆی نەتەوەیی و ئایینییان، دەكرێت لەم رووەوە ئاماژە بە چەند نموونەیەك بكەین:


1. لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی فەرەنسا لە ساڵی 1789، فەرەنسییەكان دوو زانایان رەوانەی ئەمریكای دیموكراتی و رووسیای قەیسەری كرد، بۆ ئەوەی بزانن كام سیستەمەیان بۆ فەرەنسای دوای شۆڕش دەشێت، سەرەنجام ئەنجامی گەشتەكەی ئەلێكسی تۆكۆفیل (دیموكراتیەت لە ئەمریكا) پەسەند كرا، نەك شێوازی حوكمڕانیی قەیسەری لە رووسیا، لەگەڵ ئەوەی هۆكاری ئەم دەستنیشانكردنەی فەرەنسا بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە سیستمی حوكمڕانیی دیموكراتیی ئەمریكا لە سیستمی حوكمڕانیی قەیسەریی رووسیا باشتر بووە، بەڵام هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەمریكا و فەرەنسا هەردوولایان پێڕەوانی كریستیانی كاسۆلیكین، سیستمی دیموكراتیی ئەمریكا وەك سیستمێكی گونجاو بۆ شكۆی كریستیانی كاسۆلیكی پەسەند كراوە.


2. جووەكان لە ئەوروپا هەستیان دەكرد، سیستمی لیبڕاڵی ناتوانێت شكۆی نەتەوەییان وەك جوو بپارێزێت، بۆیە وێڵ بوون بەدوای دەوڵەتێكی نەتەوەییدا بۆ ئەوەی لە چوارچیوەی ئەو دەوڵەتەدا شكۆ بۆ ناسنامەی (جووبوونی خۆیان) بگێڕنەوە، ئەوە بوو لە ساڵی 1896 سیۆدر هرتزل وەك رێبەری زیندووكردنەوەی جوو كتێبی (دەوڵەتی جوو –Jewish State)ی دانا، ئەم كتێبە كە 56 ساڵ پێش راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 نووسراوە، بووە بناخەیەك بۆ جووەكان بۆ بونیادنانی شێوازی حوكمڕانی (دەوڵەتی جوو)، هەموو جووەكانی جیهانیش بە فەرمی دەوڵەتی ئیسرائیل بە دەوڵەتی خۆیان دەزانن و پێی دەڵێن (دەوڵەتی جوو)، هەر بۆیە (دەوڵەتی جوو) شێوازێكی دیكەی دەوڵەتداری و حوكمڕانییە كە تەواوی جووەكانی جیهان لە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بە باشتری دەزانن.
3. پێڕەوانی ئایینی ئیسلام - مەزهەبی سوننە، لەدوای رووخانی خەلافەتی عوسمانییەوە لە ساڵی 1922، هەموو هەوڵیان بۆ دووبارە گێڕانەوەی خەلافەتە وەك شێوازێكی تایبەتیی حوكمڕانی بە پێڕەوانی سوننە، هەر بۆیەشە لە تەواوی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی هەتا ئێستاش شێوازی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی وەك سیتمێك بۆ حوكمڕانی بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە لەلایەن خەڵكی ئەو وڵاتانە قبووڵ نەكراوە، تەنانەت لە كۆماری توركیای نوێدا لەدوای ساڵی 1923وە هەتا ساڵی 2002 هەموو هەوڵی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی توركیا بۆ ئەوە بوو ئاسەواری خەلافەت بسڕێتەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئاكپارتی لە دوای ساڵی 2002 و لە ماوەی 16ساڵی رابردوودا، هەموو هەوڵەكانی ئەردۆگان و ئاكپارتی بۆ ئەوەیە دووبارە بە شێوەیەكی نەرم توركیا بگێڕنەوە بۆ خەلافەتی ئیسلامی، شێوەی نەرمیش بەو مانایەی پێچەوانەی ئەزموونی ئیخوانی میسر دوای 2011 و رێكخراوی داعش لە دوای ساڵی 2014، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئاكپارتی بۆ دەیەوێت لە دیموكراتی دوور بكەوێتەوە و لە خەلافەتێكی نەرمی ئیسلامی نزیك ببێتەوە؟ بێگومان ئەردۆگان باش دەزانێت ئەگەر بتوانێت خەلافەتی ئیسلامی بگێڕێتەوە، ئەوا ناسنامەی ئیسلامی – سوننە لە تەواوی جیهانی ئیسلامی – سوننە، جێگەی ناسنامەی نەتەوەیی دەگرێتەوەو شكۆ بۆ نەتەوەی تورك دەگەڕێتەوە، وەك براگەورەی هەموو نەتەوەكانی پێڕەوی ئایینی ئیسلام – مەزهەبی سوننە.


4. ئەگەر هەر لەم چوارچێوەیەدا و سەیری رووسیای سەردەمی پوتین بكەین، دەبینین لەدوای ساڵی 2002 ەوە چیدیكە هەژموونی لیبڕاڵی رۆژئاوا و ئەمریكا قبووڵ ناكات، لەماوەی ساڵانی 1991-2002، ئەمریكا و رۆژئاوا ئامانجیان بوو كە سیستمی سیاسی رووسیا كۆپیكراوی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی رۆژئاوا بێت، ئامانجیان لەم كۆپیكردنە ئەوە نەبوو خەڵكی رووسیا ئازاد و خۆشگوزەران بێت، بەڵكو ئامانجیان ئەوە بوو شكۆی رووسیا وەك نەتەوە و وەك لانەكەی پێڕەوانی ئایینی كریستانی ئەرسەدۆكس بشكێنن و لەناو كەوانەی گەمارۆی ناتۆدا ملكەچی بكەن، بۆیە پوتین لە چوارچێوەی سیستمی (ئەسۆریتاریانزمێكی نەرم _ Soft (Authoritarianism توانی بە جۆرێك رووسیا بەهێز بكاتەوە و گەمارۆی كەوانەی ناتۆ بشكێنێت و بۆ شكاندنی ئەم كەوانەیەش لە 2008 بە هێزی سەربازی چووە ناو جۆرجیا و لە 2014 كریمای لكاند بە خۆیەوە، بەمەش شكۆی بۆ رووس و پێڕەوانی ئایینی كریستیانی ئەرزەسۆكس گێڕایەوە. 


5. چینیەكان سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتیان وەك سیستمێك بۆ حوكمڕانی پێ باش نییە، هەر بۆیە هەردوولایان چینی كۆمنیستی و تایوانی لەگەڵ ئەوەی سوودێكی هێجگار زۆریان لە سیاسەتی (ئابووریی بازاڕی سەرمایەداری) وەرگرتووە، بەڵام هەتا ئێستاش كۆماری چین پێڕەوی كۆمۆنیستی مائۆیی دەكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە چینییەكان كۆمۆنیستی مائۆیی وەك كۆمۆنیستێكی مۆدێلی چینی، نەك ماركسی سەیر دەكەن، ئەمریكا و رۆژئاوا ویستیان لەدوای ساڵی 1991 چینیش بە دەردی سۆڤیەتی پێشوو ببەن و سیستمە سیاسییەكەی بڕووخێنن، بەڵام چین خۆی راگرت و لە ئێستادا هێندە بەهێز بۆتەوە كە سیستمی حوكمڕانی چینی وەك بەدیل بۆ سیستمی حوكمڕانی لیبڕاڵ دیموكراتی رۆژئاوا سەیر دەكرێت.


لێرەوە ئەگەر سەیری تەواوی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا بكەین، هەر لە ژاپۆنەوە تا دەگاتە هیندستان، دەبینین ئەو دەوڵەتانە نەیانتوانیوە خۆیان بونیاد بنێنەوە و ببنە خاوەنی دەوڵەتی بەهێز كە لاسایی ئەزموونی لیبڕاڵیی رۆژئاوایان كردۆتەوە، یان هەوڵیانداوە لە وڵاتەكانی خۆیاندا ئەو سیتمە وەك خۆی كۆپی بكەنەوە، هەر بۆ نموونە هیندستان كە بە نیمچە كیشوەرێك ناوزەد دەكرێت، كێشەی گەورەی ئەوەیە كە سیستمیە دیموكراتییەكەی رێگای پێنادات، بڕیاری راست و خێرا بۆ بەڕێوەبەردنی دەوڵەتەكەی وەربگرێت.
ئاماژەكردنمان بۆ ئەم نموونانە بەو مانایە نییە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی، یان دامەزراوەكانی ئەم سیستمە بۆ دەوڵەتانی رۆژئاوای كریستیانی كاسۆلیكی نەبوونەتە هۆكاری خۆشگوزارنی و بەرزیی داهاتی تاك بۆ هاووڵاتیانی خۆیان، هۆكاری ئەم سەركەوتنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەزموونی لیبڕاڵ دیموكراتی لە جیهانی رۆژئاوای كریستانی كاسۆلیكی، پرۆسەیەكە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی دەستی پێكردووە و توانیویانە لەچوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا هۆز و گرووپە جیاوازەكانی نەتەوە لە چوارچێوەی ئینتمای نەتەوەییدا بكەن بە هاووڵاتی و ئینتیمای بۆ خاكەكەی هەبێت، دوای ئەمە ئەوجا هەوڵدراوە هاووڵاتیان وەك تاك (Individual) لەسەر بنەمای ماف مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، هەر بۆ نموونە ئەمریكا كە خۆی بە رێبەری دەوڵەتی لیبڕاڵ دیموكراتی دەزانێ، دوای ئەوەی سەربەخۆیی راگەیاندووە لە ساڵی 1776، لائیحەی مافەكانی (تاك)ی راگەیاندووە، وەك تاكێكی ئەمریكاو ئازاد، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەمریكا لەو سەردەمەی كە كۆلۆنیالییەكی بەریتانی بوو، لائیحەی مافی تاكی رانەگەیاند؟ وەڵامەكەی ئەوەیە: ئەوكات نەتەوەی ئەمریكا لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی ئازاددا هەستی بە هاووڵاتیبوون نەدەكرد، چۆن دەكرا وەك تاك مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئەمە بۆ هەموو نەتەوەكانی جیهان راستە، هەر بۆیە كاتێك لە دوای ساڵی 1991ەوە رۆژئاوا و ئەمریكا دەیانەوێت بە زەبری هێز سیستمی هەموو نەتەوەكانی جیهان بگۆڕن بۆ ئەو سیستمەی خۆیان مەبەستیانە لەژێر ناوی (بڵاوكردنەوەی دیموكراتی) ئەوا هاووڵاتیانی ئەو نەتەوانە ئەو سیستمە رەتدەكەنەوە، هەر ئەمەش هۆكاری ئەو داشكانە گەورەیە بووە كە لە ئێستادا بەسەر هەژموونی لیبڕاڵی لە جیهاندا شكاوەتەوە.


لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ عێراقی دوای 2003 و سەیر لە كاردانەوەی پێكهاتە سەرەكییەكان (كورد و شیعە و سوننە) بكەین، بەرامبەر ئەو سیستمە سیاسییەی ئەمریكا مەبەستی بوو لە عێراق بونیادی بنێتەوە، دەبینین هەردوو پێكهاتەی عەرەبی شیعە و سوننە، نەك هەر دژی ئەو مودیلە حوكمڕانیە بوون كە ئەمریكا مەبەستی بوو، بەڵكو هەردوولایان شەڕیان لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا كردووە و وەك داگیركەر مامەڵەیان لەگەڵ كردووە، بەڵام لایەنی كوردستانی پێشوازی لەو مودێلە كردووە كە ئەمریكا مەبەستی بووە بەپێی دەستوور لە عێراقدا بونیادی بنێتەوە.


پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: بۆچی لایەنی كوردستانی پێشوازی لێكردووە و عەرەبی شیعە و سوننە رەتیان كردۆتەوە؟ وەڵامەكە ئەوە نییە كە كورد خۆی بە دۆستی ئەمریكا زانیوەو شیعە و سوننە بە داگیركەریان داناوە، نەخێر، هۆكارە سەرەكییەكە ئەوەیە سیستمی سیاسیی كوردستان بەرهەمێكی لۆكاڵی خەڵكی كوردستانە و خەڵكی كوردستان خۆیان بونیادیان ناوە و ئەمریكا ئەم سیستمە خۆماڵیەی وەك سیتمێكی سیاسی سەركەوتوو سەیر كردووە و لەناو دەستووری عێراقدا جێگری كردووە، خۆ ئەگەر ئەمریكا هەموو سیستمە سیاسییەكەی كوردستانیشی رەتبكردایەتەوە و خۆی سیستمێكی سیاسیی تازەی بۆ كوردستان دابنایە، ئەوا خەڵكی كوردستانیش ئەو سیستەمەیان رەتدەكردەوە، هەروەك چۆن سیستمی فیدڕاڵیی پارێزگاكانیان رەتكردەوە.


بۆ ئێستای لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق كە هەموویان خوازیاری بونیادنانی سیتمێكی (ویلایەتی فەقیهـ) بە هاوشێوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، باش دەزانن بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و ناوچەكە و نێودەوڵەتیش ئەمەیان لێ قبووڵ ناكات، بۆیە بە هاوشێوەی ئەو دەوڵەتانەی وەك (چین و رووسیا و پۆڵەندا و هەنگاریا و دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا و تا رادەیەكی زۆریش توركیا) كە بە شێوازی نەرم خۆیان لە لیبڕاڵ دیموكراتی دوور خستۆەوە، لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق پێڕەوی ئەو سیاسەتە دەكەن كە لە رووی سیاسییەوە سیستمی (ویلایەتی فیقهـ) لە سندوقە رەشەكەی حكومەتدا دەشارنەوەو لە رووی سیاسەتی ئابووریشەوە پەیڕەوی لە سیاسەتی (ئابووریی بازاڕی سەرمایەداری) دەكەن، كاتێك بەهۆی پێڕەوكردنی سیاسەتی ئابووریی بازاڕی سەرمایەدارییەوە، ژێرخانی ئابووریی وڵات رێكدەخەنەوە، ئەوا سیستمە سیاسسیەكە لە سندوقە رەشەكە دەردەهێنن و بە ئاشكرا پێناسەی حوكمڕانیی خۆیان دەكەنەوە.

جیهان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.