Erbil 15°C یەکشەممە 28 نیسان 19:15

بۆ ده‌بێ سه‌رۆکی حکومه‌ت هونه‌رمه‌ند ببینێ؟

دەبێ بەهەمان شێوە لە دیدارەکانی دەوڵەتمەدار لەگەڵ تەواوی توێژەکانی تر بڕوانین
پیران ئه‌میر
100%

ڕوون و ئاشکرایە هونەر بە گشتی و میوزیک بە تایبەتی، بەشێکه لە پێویستییەکانی ناسین و کرانەوەی نەتەوەکان بەڕووی جیهاندا و کاریگەریی لەسەر پەیوەندی نێوان نەتەوەکان دروست ده‌كات.

بێگومان لە ئاستی باڵای هەموو حکومەتێک، هونەر و وەرزش گرنگی زۆریان پێ دەدرێت، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ ئاستی کاریگەری ئەو دوو پیشەیە کە بە زمانی هاوبەشی نێوان گەل و نەتەوەکان دادەنرێت و توێژی گه‌نجان هه‌میشه‌ له‌ ده‌وری ئه‌و دوو پیشه‌یه‌دا كۆ بوونه‌ته‌وه‌، حكومه‌تی ژیر، ده‌بێ ڕێز له‌ هه‌ر به‌هایه‌ك بگرێ كه‌ گه‌نج به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌. هەموومان بینیمان لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی سوید، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەپاش دیدار و گفتوگۆ فەرمییەکان، سەردانی هونەرمەند "زەکەریا عەبدوڵا"ی لە ماڵەکەی خۆیدا کرد.

ئەم بابەتە لە میدیای سویدی بە گرنگییەوە باسی لێ کرا، چونكه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كه‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ی وڵاتی ئه‌وانی هه‌یه‌، به‌ پردی پێوه‌ندی نێوان دوو گه‌ل ته‌ماشای ده‌كه‌ن. هەروەها کاتێک سەرۆکی تورکیا لە ماڵەکەی خۆیدا، سەردانی "تاتلیسیس" دەکات و لە تەندروستی دەپرسێت و باسی هونەر و دوایین کاری لەگەڵ دەکات، تەواوی لاپەڕەی ڕۆژنامەکان بە کارێکی پۆزەتیڤ پێناسەی دەکەن و سه‌رۆكه‌كه‌یان به‌ كه‌سێكی دڵسۆز ده‌بینن، چونكه‌ ڕێزی له‌ خۆشه‌ویستێكی ئه‌وان گرتووه‌. نموونەیەکی تر، پێشوازیی "ڤلادیمێر پوتن" لە یاریزانی تێنسی سەرزەوی وڵاتەکەی "مارا شاراپۆڤا" بە گرنگترین دانیشتنە ناسیاسییەکانی سەرۆکی ئەو وڵاتە دانرا و له‌ گفتوگۆكه‌دا، سه‌ری خۆی پێ به‌رز ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ به‌ وه‌رزش، شكۆی وڵاتی به‌رز كردووته‌وه‌ و له‌ به‌رده‌میدا به‌ ڕێزه‌وه‌ دانیشت. دوایین دیداری بەڕێز "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هونەرمەند "نەڤید زەردی" دەنگدانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە، هەندێ خۆشحاڵ و هەندێکیش ڕەخنە دەگرن و دیداری دیكه‌ بە پێویستر دەزانن.

بە بۆچوونی من، دوای باسكردنی ئه‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه‌، دەبێ نرخاندنێکی بابەتیانە بۆ گلەیی و ڕەخنە و پێشنیارەکان بکرێت و مافی ئەوە بە هەموو هاووڵاتییەک بدرێت کە عاشقی بینینی سەرۆک حکومەتەکەیەتی و بە تاکە فریادڕەس و کاریزمای وڵاتەکەی دادەنێت و ناتوانێ ئارەزووی بینینی لە ناخیدا قڵب بکاتەوە و راستەوخۆ ئەو ئارەزووە بەیان دەکات و بۆ ئەمەش دیدارەکەی دەوڵەتمەداری لەگەڵ ئەو هونەرمەندە کردووه‌تە سەرپشکی باسەکانی، لەگەڵ ئەوەی ئەو ڕەخنە و بابەتانە بە حەقێکی بێ ئەندازەی خاوەنەکانیان دادەنێم، بەڵام نابێ ئەوەشمان لەیاد بچێت سەرۆکی حکومەت، موڵکی هەمووانە، بێ جیاوازی و لە خەمی پێشخستنی هەموو سێکتەر و بابەتەکانە، بۆیە کاتێک هونەرمەندێکی کاریگەر و دۆستی گه‌نجان، داوای بینینی دەوڵەتمەدار دەکات، بێگومان دەبێ ئەو دەرفەتەی بۆ بڕەخسێ. لێرە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت ڕێزدار سەرۆک وه‌زیران، هەمیشە گرنگی زۆری بە هەردوو بواری وەرزش و هونەر داوە، هونەرمەندانیش بە گرنگییەوە ئەم بابەتەیان نرخاندووە، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لە ئاستی بەرپرسیارییەتی باڵادایە و موڵکی تەنیا لایەن و بوارێکی دیارکراو نییە، بۆ سەرۆکی حکومەت گرنگ و پێویست و جێی بایەخە کە هەموو سێکتەرەکان شان بەشانی سیاسەت بەرەو پێشەو بڕۆن و پێناسەی گرنگی خۆیان لەدەست نەدەن. ئه‌وه‌یش زۆر جێی بایه‌خه‌، هونه‌رمه‌ندێكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، داوای بینینی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات، كه‌واته‌ نه‌وه‌ك خه‌ڵكی باشوور، خه‌ڵكی پارچه‌كانی دیكه‌ی وڵاتیش به‌ هه‌مان هیواوه‌ ده‌ڕواننه‌ به‌ڕێزی. گرنگە وەک چۆن لە ڕابردوودا جگە لە نووسینگەی تایبەتی خۆی و لە کۆڕ و کۆنفرانس و یادەکاندا سەرۆکی حکومەت دەرفەتی لەو شێوەیەی بۆ کەسی تر ڕەخساندووە و بە بینینی وێنەکان لە دڵەوە خۆشحاڵ بووین، دەبێ بەهەمان شێوە لە دیدارەکانی دەوڵەتمەدار لەگەڵ تەواوی توێژەکانی تر بڕوانین.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.