Erbil 15°C شەممە 27 نیسان 17:04

بەرگری شارستانی لە نێوان چەواشەکاری میدیا و کەموکوڕیەکانی

هەمان کەناڵ بە هەڵڕشتنی فرمێسکی تیمساحی مایک هەڵدەگرێت و خۆی دەکات بە برای پشتێ
مەحەمەد مەلا
100%

 میدیا وەکو دەسەڵاتی پێنچەم دەتوانێ ڕۆلی خێر و شەڕ، خراب و باش ببینێ لە هەر ڕووداوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سروشتی، بەڵام بە داخەوە مدیای ئۆپۆزیسیۆن ئەگەر نەشڵێم هەمیشە بەڵام زۆرجار لە تەختیەکردنی رووداوەکان ڕۆلە نێگەتیڤەکەی بەسەردا زاڵە، ڕووداوە نەخوازراوە دڵتەزێنەکەی بازاڕی لەنگەی هەوڵێر بە نموونە.

بەر لە دووساڵ بە وتارێک لە ژێرناوی (بەرگری شارستانی هەولێر لەژێر هێلی هەژاریدایە) باسی تەواوی ئەم کەموکوڕیانەی ئەم بەڕێوەبەرایەتیەم کرد، بەڵام بێ ئەوەی تۆزقاڵێک لە دڵسۆزی و ماندووبوون و ئینسان دۆستی کارمەندانیان کەم بکەمەوە، ئەو کات زۆرێک لە سایتەکان ئامادەنەبوون ئەو وتارە ڕەخنەیەم بڵاوبکەنەوە، کەچی ئێستا بۆ سواربوونی شەپۆلی توڕەیی کاسبکاران و زیانلێکەوتووان نەک هەر ڕەخنە بەڵکو بوختان و تەشهیر بۆ دەزگایەکی وا مڕۆیی و شارستانی هه‌لده‌به‌ستن، بە شانازیەوە قسەی هاوڵاتیەک دەگوازنەوە کە وەکو ئەوەی لە داعشێکی دابێت، دەڵێ: ئوتومبێلی حریقی هات ئاوی پێنەبوو، ئەوانیش تێرو پڕیان لێدا!!

ئەی ئەو کارمەندەش هەر هاوڵاتی ئەم هەرێمە نیە؟ ئەگەر هەمان هاوڵاتی بەیانی سزایەکی ماددی بدرێت، هەمان کەناڵ بە هەڵڕشتنی فرمێسکی تیمساحی مایک هەڵدەگرێت و خۆی دەکات بە برای پشتێ، بەندە زیاتر لە سێ ساڵ وەکو تیم و سەڕۆک تیم لە بەرگری شارستانی دەوامم کردووە و زیاتر لە هەزار رووداوی جۆراوجۆر بەشداربوومە و دواتر وەکو تیمی فریاکەوتنی خێرا خولی فریاکەوتنم بینیوه‌و یەکەمین ئەرکی کارمەندان و سەرۆک تیمی هەر بنکەیەکی ئاگرکوژێنەوە لە کاتی وەرگرتنی ئەرکی ڕۆژانە لە پۆستی ڕۆژی پیشووتری بریتیە لە ڕاپۆرتی ڕووداوەکان و دەرچوونەکان، بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە چەند گاز و ئاو و فۆم و ماددەی تری لەبەردەستدا ماوە بۆ ڕووداوەکانی ئەمڕۆ، ئەمە جگە لەوەی دواتر سەرۆکی بنکە چێکی هەموو ئوتومبێلەکان دەکاتەوە لە بڕی ئاو و ماددەکان و پێداویستیەکانی تری ئاگرکوژێنەوە وەکو سۆندە و سەری سۆندە و باڵتە و کڵاو و جزمە...تاد. ته‌حه‌دای هەر کەناڵێک و هاوڵاتیەک دەکەم ، كه‌ بڵێت" حریق هاتووە بۆ ئاگرکوژێنەوە و ئاوی پێ نەبووە، ئەوە لە حالەتێک زیاتر نیە ئەویش کاتێک ئوتومبێلێک (تەنکەر) کە کاری تەنها گواستنەوەی ئاوە، ئاو دەهێنێت بۆ ئوتومبێلی ئاگر کوژێنەوە و خەڵکی داوای لێدەکەن ئاگربکوژێنێتەوە بۆ ئەوەی پەرچەکردار دروست نەبێ، ڕەنگە یەکێک لە پاساوەکانی ئەوە بێت بلێ من ئاوم پێ نیە، ئەویش لە ترسی پەلاماردانی خاوەن رووداوەکان، کە ئەمەش زۆر دەگمەنە، بەڵام بەداخەوە ئەوە چەندین جارە ئەو تۆمەتە دەدرێتە پاڵ بەرگری شارستانی کە دەگایەکی حکومی خزمەتگوزارە و دەزگایەکی مڕۆییە، من تێناگەم بۆچی میدیا چەواشەکارەکان ئەوەندە کار بۆ نەهێشتنی متمانەى هاوڵاتیان بە دام و دەزگاکانی حکومەت دەکەن! لە کاتێکدا دەشێت کەموکوڕی لە هەر دەزگایەکی تری حکومی و تایبەتى هەبێت و کەمتەرخەمی هەبێت، بەڵام فۆکس خستنە سەر کەموکوڕیەکان و گەورەکردنیان بەمشێوەیە خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات و تەنها متمانەی هاوڵاتیان بە کاری حکومی کەم دەکاتەوە، هەر کاتێکیش متمانە لە نێوان هاولاتی و حکومەت نەما، ئەوا دەبێت چاوەڕێی کارەساتی زۆر گەورەتر بكه‌ین، وەکو ئەوەی چاوەڕێی چارەسەری کەموکوڕیەکانی بین.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.