دیراسه‌كردنی بارودۆخی ئێستا ده‌چێته ناو خانه‌ی توێژینه‌وه‌ی سیاسییه‌وه ، نه‌ك حاڵه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندن ،چونكه تائێستا له‌ناو ڕوداوه‌كاندا ده‌ژین و كۆتایی نه‌هاتووه ، كاركردن بۆ سه‌ربه‌خۆی كوردستان پرۆژه‌یه‌ك نییه كه به ڕوداوێكی وه‌كو ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌رو و ته‌یفیك له خیانه‌تكاری نیشتیمانی بسڕێته‌وه ، كۆتایی مێژووش نییه و پرسی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ته‌واو نه‌بووه ، به درێژای مێژووی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردستان توشی هه‌ورازو نشێوی بووه‌ته‌وه ، له هه‌ندێك وێستگه‌دا شۆڕش ڕاوه‌ستاوه‌و به هێزێكی پته‌و ترهه‌ستاوه‌ته‌وه‌و دوژمن و خیانه‌تكارانی ڕاماڵیوه ، به‌ڵام هه‌رگیز شۆڕش و به‌رخودان كۆتایی نه‌هاتووه .
۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر خیانه‌ت و ناپاكییه‌كی گه‌وره‌ی نیشتیمانی بووكه له كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كان ڕوویدا ، به ته‌واوی ده‌رئه‌نجامه‌كانیشه‌وه ئه‌و خیانه‌ته گروپێكی ناویه‌كێتی ئه‌ندازیارو نه‌خشه‌ڕێگای بۆ داڕشتبوو، كه تاهه‌نوكه ڕۆژدواى ڕۆژ ژماره‌ى كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان ته‌عریبكردنی كورد‌و پێكهكاته‌كانی تر جگه له عه‌ره‌ب و توركمان له زیادبووندایه ،سه‌رباری ئه‌وه‌ی فشاری حه‌شدی شه‌عبی له سه‌ر هاوڵاتیانی كورد له هه‌ڵكشاندایه و به‌رده‌وامیش له هه‌وڵی ڕاگواستنی كورد‌و هه‌ناده‌كردنی زۆرترین خێزانی عەرەبن بۆ ناوچه‌و گونده كوردنشینه‌كان ، ئه‌م خیانه‌ته نه شكستی ڕیفراندۆم بوو نه شكستی سیاسی سه‌ركردایه‌تی كورد‌و نه‌شكستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نه‌بوو، وه‌كی ئه‌وه‌ی كه گروپی خیانه‌تكارانی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن ، ئاخر ڕیفراندۆم به‌رسڤێكی ڕه‌واو مافێكی سروشتی هه‌موو گه‌لێكه كه پراكتیزه‌ی بكات و ڕیفراندۆم باشترین شێواز‌و ڕێبازی خه‌باته ،ئه‌سله‌ن ڕیفراندۆم ڕێگا دورودرێژه‌كانی كورت كرده‌وه‌و به‌ربه‌سته‌كانی هه‌ڵته‌كاند،له‌رێفراندۆمدا هه‌موو میله‌تی كورد به ته‌واوی پێكهاته‌كانه‌وه به زمانی دیموكراسی داوای مافه‌كانیان ده‌كرد و فه‌رهه‌نگی دیموكراسی له ناو جه‌سته‌ی میلـله‌تدا ئاوێته‌بوون ، پاشان كورد خاوه‌نی سه‌ركردایه‌تییه‌كی كاریزما‌و حه‌كیمی وه‌كو سه‌رۆك بارزانی یه كه دیپلۆماسێكی به‌تواناو كه‌سیش هێنده‌ی سه‌رۆك بارزانی شاره‌زای كێڵگه‌ی هه‌نده‌سه‌ی سیاسی ناوچه‌كه نییه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه شكستی سه‌ربازی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نییه ، به پێچه‌وانه‌وه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له (مه‌خمورو سحێلاو پردێ و زوممار) گه‌وره‌ترین داستانی قاره‌مانیه‌تی و به‌رخودانیان تۆمار كرد ، له‌به‌رامبه‌ردا كه‌سانێك ده‌یانه‌وێت كیانی مقاومه‌ت و به‌رگری له ناو خه‌ڵكی كوردستاندا خامۆش بكه‌ن ،به‌ڵام وره‌و ئیراده‌ی خه‌لكی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه به‌رزه‌و داستانی پێشمه‌رگه‌ش شاهیدی ئه‌و ڕاستییه‌ن گه‌لی كوردستان خاوه‌نی وزه‌و هێزو ئیراده و رۆحییه‌تی به‌رگری و توانای ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی هه‌یه .