Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:38

هەوڵەکانی دواخستنی هەڵبژاردن بۆچی؟

ترسی ئەم لایەنانە لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان گرەویان لەسەر باری ناهەمواری دارایی دەكرد
100%

 

وەك لای هەمووان ڕوونە و جێگەی تێڕامانیشە، ئەو لایەنانەی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن، لە رابردوودا حكوومەتی هەرێمیان بە شكستخواردوو ناوزەد دەكرد و وەزیرەكانیان لە حكوومەتی هەرێم كشاندەوە و داوای پێكهێنانی حكوومەتی رزگاریی نیشتیمانییان دەكرد، بۆیە هۆكارگەلێك لە پشت داواكاریی ئەم هێزە سیاسیانەوە هەیە كە وایان لێدەكات ئەم داوایە بكەن.

 

 لە دوای شكستە چاوەڕوانكراوەكەی ئەو لایەنانە لە دواهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جۆرێك لە شپرزەیی و جیاوازی لە بیروڕا لەناو سەركردایەتییاندا دروست بووە سەبارەت بە هۆكارەكانی شكستیان لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، لە هەمان كاتدا بڕوایان بە جەماوەرەكەیان نەماوە كە جارێكی تر دەنگیان پێ بدەنەوە و متمانە بە كاندیدەكانیان بدەن بۆ پەرلەمانی كوردستان.

 

دەكرێ ئاماژە بە راستییەكی نكۆڵینەكراو بكەین، ئەویش بریتییە لەوەی كە زۆربەی ئەو لایەنانەی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن، بە هێزی سیاسیی نزیك لە ئێران هەژمار دەكرێن، بۆ هەموو لایەكیش ئاشكرایە كە رەوشی ئێران ئێستا چۆنە، لە ڕووی ئابوورییەوە خەریكە هەرەس بێنێ و خۆپیشاندان لە شارەكان بەردەوامە و بە هۆی فشارەكانی ئەمەریكاوە كۆمپانیا جیهانییەكان ئێران جێدەهێڵن، ئەمە لە كاتێكدایە ئێران لە ئێستادا پێگە هەرێمییەكەی لە دەست داوە و خەریكی كێشە ناوخۆییەكانیەتی كە بەرۆكیان گرتووە، بەو حیسابەش بێ وەكو جارانی پێشوو ناتوانێ فریای هێزە نزیكەكان بكەوێت.

 

 ترسی ئەم لایەنانە لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان گرەویان لەسەر باری ناهەمواری دارایی دەكرد، كە وەك كاڵایەكی ئینتیخابی بەكاری بهێنن، بەڵام خۆشبەختانە بە هەوڵە بەردەوامەكانی سەرۆكی حكوومەت و وڵاتانی دۆست و فشارەكانی ئەمەریكا لەسەر عەبادی، توانرا ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت و دۆخی ئابووریی كوردستان باشتر بكرێت و پڕۆژەكانی خزمەتگوزاریش دەست پێبكەنەوە و پاشەكەوتی مووچەش كەم بكرێتەوە.

 

لەلایەكی ترەوە، گەلێك هێزی سیاسی لە كوردستان هەبوون، لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا هەموو ئۆمێدێكیان لەسەر ئەو كەلێنەی لە دوای ریفرادۆم لە نێوان پارتی و هێزە شیعیەكان دروست ببوو، هەڵچنیبوو و لەم ڕێگەیەوە ویستیان فشاری زیاتر بكەن بۆ لەباربردنی حكوومەتی هەرێم، بەڵام پاش ئەم هەموو هاتن و چوونە بۆ بەغدا، شتێكی خوارد و داستانی سحێلاو پردێ شیعەكانی ناچار بە دانوستان كرد و لە كۆتاییدا عەبادیش لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و سەرۆكەكەی رێككەوت.

 

بێهیوایی هەندێكی تریان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی كوردستان، بۆ هۆكارێكی زۆر سەرەكی دەگەڕێتەوە، ئەویش كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسییە لە هەرێم، ئەوان لە هەڵبژاردنەكانی عێراق پێیان وابوو كە پارتی و زۆرێك لە حیزبەكانی تری كوردستان هیچ نوێنەرێكیان نییە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆیە لەم ڕێگەیەوە توانرا لە زۆرێك لە شوێنەكان كاریگەری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست بكەن، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان جیاوازە و لەلایەن كۆمسیۆنێكی خۆماڵییەوە بەڕێوە دەبردرێت، كە هەر پێنج حیزبە سەرەكییەكەی كوردستان نوێنەریان هەیە لەم كۆمسیۆنەدا، بۆیە باش دەزانن ناتوانن ئەوەی لە هەڵبژاردنی رابردوو كردیان، ئێستا دووبارەی بكەنەوە.

 

لێرەوە دەتوانین بڵێین، داواكاریی دواخستنی هەڵبژاردن بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی كوردستاندا نییە و تەنها مەبەست لێی ئەوەیە، هەرێمی كوردستان بخەنە بۆشایی یاسایی و سیاسییەوە، هاوكات كورد بە بێهێزی بچێتە بەغدا و نەتوانێ بە پێی پێویست مافەكانی گەلی كوردستان بخاتە بەرنامەی حكوومەتی داهاتووی عێراقەوە، لە لایەكی ترەوە نایانەوێ حكوومەتێكی بەهێز لە كوردستان بێتە ئاراوە، كە توانای چارەكردنی كێشە هەنووكەییەكانی هەبێت، بە تایبەت ئەو ئاریشانەی كە لە ئێستادا ڕووبەڕووی كوردستان بوونەوەتەوە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.