Erbil 15°C چوارشەممە 08 ئایار 03:07

گەڕانەوە بۆ ڕای میللەت لە دیدی پارتیدا

هەندێك لایەن بە بیانووی جیاواز داوای دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە دەكەن
100%

پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاكو دەگات بە ئەمڕۆ، باوەڕی تەواوی بە پرەنسیپەكانی دیموكراسی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات هەبووە و بەردەوامیش لەو پێناوەدا قوربانیی داوە و تێكۆشاوە.

 

پارتی، بە كردەوەش هەنگاوی بۆ ئەو مەبەستە ناوە، چونكە باوەڕی پتەوی بە جەماوەر و بە خۆیشی، وای كردووە كە هیچ كات ترسی نەبێت لەوەی میللەت چ بڕیارێك دەدات، چونكە سەرمەشق و بەدیهێنەری دیموكراسییە لە باشووری كوردستاندا.

ئەگەر ئاوڕ لە ڕابردوو بدەینەوە، دەگەین بەو بڕوایەی كە ڕای جەماوەر بۆ پارتی گرینگە، وەك لە وتارە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی كە لە بەهاری ۱۹۹۱ لە كۆیە پێشكەشی كرد، یەكەم سەركردە بوو كە ڕایگەیاند: "پێویستە هەرچی زووە هەڵبژاردن لە كوردستان ئەنجام بدرێت و میللەت چ بڕیارێك بدات، پێیەوە پابەند دەبین".

ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە پارتی لە هیچ كات و سەردەمێكدا، لە ئیرادە و ڕای میللەت نەترساوە، چونكە بە حەقی زانیوە و ئەو حەقەیشی بە ڕەوا داناوە، پێچەوانەی هەندێك حزب كە تەنیا بە قسە لەگەڵ ڕای میللەتن و، بە كردەوە دژی ئەو ڕایەن و بە میللەتی ڕەوا نابینن كە بڕیار لە پرسە چارەنووسسازەكان بدات و ترسیان هەیە لەو بارەیەوە.

بۆ نموونە كاتێك ئەو پرسە خرایە ڕۆژەڤەوە كە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و شێوازی حوكمڕانی چۆن بێت كە ئایا پەرلەمانی بێت، یان سەرۆكایەتی، لە پەرلەمان بۆچوونی جیاواز هەبوو، ئەوكاتیش پارتی بە تەنیا داوای دەكرد كە ئەو پرسە گرینگانە پێویستە ببرێنە بەردەم خەڵك و هاونیشتمانیان بڕیار بدەن كە چ سیستمێكیان دەوێ و سەرپشك بكرێن كە ئارەزوو دەكەن سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت یان لەلایەن خەڵكەوە؟

بەڵام ئەو لایەنانەی خۆیان بە ئاڵاهەڵگری دیموكراسی دەزانی و سەری زمان و بنی زمانیان بانگەشەیە بۆ دیموكراسی، هەر ئەوان بوون دژی ئەو هەوڵەی پارتی وەستانەوە و ڕای پەرلەمانتارانیان پێ گرینگتر بوو لە ڕای میللەت، لە كاتێكدا میللەت ئەوانی هەڵبژاردووە و بیریان چووبووەوە كە (گەل) سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە و قسەی یەكەم و كۆتایی لای میللەتە.

ئێستاشكە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نزیك دەبینەوە، كە بڕیارە لە ۳۰ی ئەیلوول ئەنجام بدرێت، هەندێك لایەن بە بیانووی جیاواز داوای دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە دەكەن، جگە لە پارتی كە پێداگری دەكات لەوەی دەبێت هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت و پێچەوانەی ئەو لایەنانە بیر دەكاتەوە كە داوای دواخستنی دەكەن، چونكە پارتی پێی وایە ئەمە حەقێكی شەرعیی خەڵكی كوردستانە و نابێت ئەو حەقەیان لێ زەوت بكرێت و نابێت كۆسپ لە بەردەمیاندا دروست بكرێ.

بەڵام ئەو لایەنانەی كە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن، ترسیان لێ نیشتووە كە جارێكی تر نەتوانن دەنگی پێویستی خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنن، چونكە لە ڕابردوودا زۆریان بەڵێنیان بە خەڵك دا و نەیانتوانی بەڵێنەكانیان بەرنە سەر و ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ دەنگدەرانی خۆیشیاندا، هەر بۆیە ترسیان لێ نیشتووە كە لەسەر سندووقی دەنگدان تۆڵەیان لێ بكرێتەوە، لەبەر ئەوەشە هەر ڕۆژەو بە بیانوویەك داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن.

بۆیە جیاوازیی پارتی و ئەو لایەنانە ئەوەیە، كە پارتی پێی وایە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە و پێویستە ئەو بڕیار بدات و سندووقی دەنگدان سەنگی مەحەكە، بەڵام لایەنەكانی تر خۆیان لەو ڕاستییە لادەدەن و پێیان وایە كە دەبێت لەگەڵ زرووف و بارودۆخی خۆیان بڕیار بدەن و هەر كاتێك ئەوان پێیان باش بوو، ئەوكات میللەت بڕیار بدات!؟

هەر بۆیە، گەڕانەوە لە هەر‌ بارودۆخێكدا بۆ ڕای میللەت، بە لای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، پێویستییەكی حەتمییە و دەبێت ڕێزی لێ بگیردرێت و نابێت لە هیچ كاتێكدا پێشێلی ئەو مافەی هاووڵاتیان بكرێ، لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەكدا.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.