Erbil 15°C سێشەممە 07 ئایار 23:51

ستراتیژییەتی پێکەوە ژیان

ئەوەی لەرێگەی پەیرەوکەرانی هەندێک لەئاینەکانەوە ئەنجام ئەدرێت، ئەمە خودی ناوەرۆکی ئاینەکە نیە
ناسك سه‌عید
100%

پرسی پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن وەک دوو دەستەواژە گرێدراون بەژیان و دنیابینی هەرتاکێکەوە،  پاشان جەختکردنە لەسەر پرسی یەکترقبوڵکردن بۆ هەر بیروباوەری ئاینی و کلتوری جیاواز لە کۆمەڵگەدا.

کۆمەڵگەی کوردی بە بەراورد بە کۆمەڵگەکانی دیکە خاوەن پرسێکی یەکگرتوی پێکەوە ژیانە، شک نابرێت لەسەر ئەوبابەتە کێشەوگرفت خوڵقابێت، ئەمەش بۆتە مۆرکێکی واقعی بە هەرێمی کوردستانەوە.

پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاین وتەنانەت جیاوازی لەزمان و کلتوریش لەهەرێمی کوردستان بۆتە چەقی ئاشتی و پێکەوە هەڵکردن، سنوری ئەم پرسە گەیشتۆتە ئاستی تێکەڵبونی کلتور و ئایین و نەتەوە جیاوازەکان، ئەمانە هەمووی بە دیاردەیەکی سروشتی هەژمار دەکرێت، ئەم دیاردە جڤاکییە لەزۆربەی کۆمەڵگەکانی جیهاندا بەرچاو دەکەوێت و بۆتە مەڵتی کەلتور.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەهەرێمی کوردستاندا لەگەڵ هاتنی شەری داعش فکری تێرۆر لە متیۆدی جیاوازدا خۆی دەرخست، هاوردەکردنی فکری تێرۆر لەلایەن هەڵگران و باوەربون بەو فکرە هەوڵیاندا لەرێگەی ناراستەوخۆ لەناو کوردستان بنیادی خۆیان بنێن، بەڵام لەلایەن خەڵکەوە فکرێکی پەسەندکراو نەبوو لەبەر ئەم فاکتەرە هەرزوو خرایە دەرەوەی بیرکردنەوە و پەسەندکردن.

ئەم رێگریکردنە هەروا کاری سانا نەبووە، لەلایەن حکومەت و دەزگاکانی پەیوەست بە ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەرێگەی پلانێکی ستراتیژییەوە بەر لەهاوردەکردن و گەشەسەندنی ئەم فکرە کرا. هەوڵی زۆر درا لەلایەن حکومەتەوە کە لەرێگەی مینبەرەکانەوە مەسجی پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن پیادە بکرێت و ئایین وەک سەرچاوەی یەکترقبوڵ کردن و ئاشتی سەیر بکرێت نەک وەک ئاینێێکی توندرەو کەلەلایەن چەند گروپێکی تیرۆریستیەوە وەک سەرچاوەی لەناوبردنی ژیان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. لەم سۆنگەوە لەشەشەمین کۆنگرەی یەکێتی زانایاندا، پەیام و مەسجی خودی سەرۆکی حکومەت تەرکیزکردن بوو لە دنیابینی بۆ پرسی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان ئایین و مەزهەبە جیاوازەکانی کوردستان، هاوکات بەراوردکردن بە رۆژهەڵاتی ناوەراست  لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا کە چۆن بۆتە مەیدانی ململانێی و رووداوی کارەسات ئامێز، لەروانگەی جیاوازی بیرکردنەوەی ئاینی و پەسەند نەکردنی بیری توندرەوەی کوردستان بۆتە چەقی پێکەوەژیان بەشێوازێکی ئاشتیانە.

لەلایەکی دیکەوە، دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکومەت سەرنجمان بۆ خاڵێک رادەکێشێت کە تایبەتە بە مەهامی دەستەواژەی پێکەوەژیان، دەبینین لەکوردستاندا سەرەرای هەبونی ئاینە جیاوازەکان لەنێوان ئاینە ئاسمانی و زەمینیەکاندا تەنانەت جیاوازی لەدروشم و پەرستشدا، لەکۆی ئەم خاڵە جیاوازیانە، پۆینتی هاوبەش بونی هەیە ئەویش کۆکردنەوەی پەیرەوانی ئاینە جیاوازەکان لەسەر بنەمای خۆشەویستی و یەکترقبوڵکردن، رەنگە ئەم دەستەواژەیە لەرێگەی هاندانی پەیرەوکەرانیانەوە بێت بۆ گرنگیدان بە بەهەند وەرگرتنی ئایدیای یەکتر و دووربون لەئاژاوە و یەکتر رەدکردنەوە، لەم لایەنەوە حکومەتی هەرێم بە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیانی ئایینەکان، وەزارەتی ئەوقاف، لەپاش دەرچوونی یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی تایبەت بە مافی پێکھاتەکان، هەوڵێكی جدی حکومەتە بۆ ئەو پرسە لەپێناو ڕێزگرتن لە مافی پێکھاتە ئایینییەکانی تری عێراق و ھەرێمی کوردستان.

ئەوەی لەرێگەی پەیرەوکەرانی هەندێک لەئاینەکانەوە ئەنجام ئەدرێت، ئەمە خودی ناوەرۆکی ئاینەکە نیە، بەڵکو پەیرەوکاری ئاینی بەهۆی دەمارگیری توندو بۆ ئایینەکەی و بەهۆکاری هەڵە حاڵیبوون لە ئایینزاکەی بەرەو توندوتیژی لە بیروکرداردا و ئایین و ئایینزای ئەوانی دیکە ڕەت بکاتەوە, بەڵام دەبێ ئەوە بزانین ئەمە ڕەفتاری تاکێکە و ھەڵسوکەوتی پەیڕەوکارێکە و نوێنەری کۆی ئایینەکە نیە, چونکە ڕێنمایی و پەیامی ئایین بەگشتی ھاندەر و پاڵنەری پێکەوەژیان و لێبوردەییە.

هەرێمی کوردستان لەم جۆرە پەیرەوکارانە بەجۆرێک خاڵیە کەلەسەر ئاستی جیهان وەک سەنتەرێکی ئاشتی لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دانراوە. ساڵی پار لە مانگی سێپتمبەردا لەهەولێری پایتەخت لە رێورەسمێکی ئایینی گەورەدا، بە ئامادەبونی نوێنەری ڤاتیکان مەراسیمی گواستنەوەی کورسی مەرجەعی ئاشورییەکانی جیهان و ناوەندی کڵێسای رۆژهەڵات لە ئەمریکاوە بۆ هەولێر ئەنجامدرا. ئەمە ئەو راستییە دەردەخات، کە هەرێمی کوردستان پێگەی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوەژیانی سەرجەم ئایین و نەتەوەکانە، چونکە لە ساڵی ١٩٣٣وە بارەگای سەرەکی پاتریاکی ئاشورییەکانی جیهان لە عێراق چووبووە دەرەوە بۆ شیکاگۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٨٠ ساڵ ناوەندەکە بۆ عێراق گەڕێندراویەوە و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا، ئەزمونی حوکمڕانی چەند ساڵی رابردوو ئەوەی سەلماندووە، کە باشترین شوێنی پێکەوە ژیانی ئایین و نەتەوەکانە.

خاڵێکی دیکەی وتارەکەی سەرۆکی حکومەت، تایبەت بوو بە دانانی ستراتیژیەتی نیشتیمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەرچەندە هەرێمی كوردستان یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەیە، بەڵام لەسەر ئاستی مەدەنی و كۆمەڵگاش، ستراتیژیەتێك پێویسته‌.

ئەو ستراتیژییەتە دەبێ بایەخ بە لایەنی پەروەردەیی، كولتووری، ئابووری، بەرنامە و پاككردنەوەی فیكری بدات و له‌ ڕووى فیكرییه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى تیرۆر ببێته‌وه‌. لەبەرئەوەش دەبێ ئەو ستراتیژیەتە تۆڕی كارێكی هاوبەش و هەمەلایەنە بێت، لەنێوان دەزگا حكوومی و كۆمەڵگەییەكاندا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی. دروستبونی ئەو هەماهەنگیە و دەرخستنی فکری نوێی تێرۆر بەتایبەت داعش وەک فکرێکی نوێی مۆدێلی تێرۆر، کارێکی گشتیگیری دەخوازێت. گرنگە بوترێت خستنەرووی ئەم پلانە دەکرێت بکرێتە بەرنامە و پرۆژەیەکی جدی بۆ سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان تا بە هاوکاری حکومەت و هاوڵاتیان رەگی فکری تیرۆر و توندرەوی هەڵبکێشرێت، ئەم جۆرە ستراتیژیانە تەنها لەوڵاتانی پێشکەوتوو دەبیندرێت و ئەجێندای بۆ دائەنرێت، کەواتە کاتێک حکومەت خۆی پێشنیاری دەکات و دەیخاتە پێش چاوی لایەن پەیوەندیدارەکان، گرنگە زوو بەدەنگەوەهاتنی هەبێت و کاری لەسەربکرێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.