ئامانجی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر تەنیا رادەستكردنی كەركووك نەبوو، بەڵكو كودەتایەك بوو دژ بە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و نەمانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو گۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا، ناحەزان و دوژمنانی كورد و كوردستان باش دەزانن، هەتا پارتی بەهێز بێت و هێزی سەرەكی بێت لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا، ئەوا ئەو ئامانجەیان بۆ نایەتەدی كە خەونی پێوە دەبینن.
لە 16ی ئۆكتۆبەر دوای داگیركردنەوەی كەركووك، فەرماندەكانی حەشدی شەعبی و راوێژكارە سەربازییەكانی حزبوڵای لوبنانی و سوپای پاسداران، لەو قەناعەتدا بوون دوای ئەوەی پارتی بەتەنیا وەك پارێزەری كوردستان لە گۆڕەپانەكە ماوە و ئەو كارەساتە گەورەیەش بەسەر كوردستاندا هاتووە، ئیدی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزی پێشمەرگە هێزی ئەژنۆیان شكاوە و بە ئاسانی دەتوانن هەولێر و دهۆك داگیربكەن و كۆتایی بە قەوارەی سیاسیی كوردستان بهێنن، هەر بۆیە كە یەك دوو رۆژ دوای 16ی ئۆكتۆبەر لە بەرەی (پردێ)وە خۆیان لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكانی پارتی تاقی كردەوە، بەڵام زیاتر لە 120 كەسیان لێ كوژرا و زیاتر لە 15-20 زرێپۆش و تانك و هامەریان تێكشكێندرا، كە لەناویاندا دەبابەیەكی ئابرامزی ئەمریكی بوو، كە بووە جێگەی سەرنجی هەموو جیهان و نەیاتوانی هەنگاوێك بێنە پێشەوە، بۆیە جارێكی دیكە خۆیان لە سەنگەرەكانی مەحمودیە نزیك كردەوە بەو نیازەی كە سنوورەكانی لە كوردستان دابخەن و لەوێوە زاخۆ و دهۆك داگیر بكەن، بەڵام ئەمجارەشیان پێشمەرگە قارەمانەكانی پارتی جوامێرانەتر لێیان هاتنە دەست و نزیكەی 250 كەسیان لێ كوشتن و دوو هێندە زیاتری شەڕەكەی پردێ تانك و زرێپۆش و هامەریان بە تێكشكاوی پێ بەجێ هێشتن.
ئەم نەبەردییەی پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساتەوەختێكدا بوو كە میدیا و تەلەفزیۆنی حزبە سەرەكییەكانی كوردستان هاوشانی هێزەكانی حەشد رووماڵی هێرشە داگیركارییەكەی حەشدی شەعبییان دەكرد و لەوێوە ورەی خەڵكی كوردستانیان دەڕووخاند، بەوەی پێشمەرگە شكاوە و هێزەكانی حەشدی شەعبی بەرەو هەولێر و دهۆك لە پێشڕەویدان، بەڵام جوامێریی پێشمەرگەكانی پارتی هەموو ئەو خەونانەی لە گۆڕنا و وانەیەكی ئەوتۆشی بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دا، كە جارێكی دیكە خۆیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەژێر فەرماندەیی پارتی دیموكراتی كوردستان تاقی نەكەنەوە.
كەواتە پارتی تەنیا هێزی سەرەكی بوو لە كوردستان كە توانی قەوارەی سیاسیی كوردستان بپارێزێت، پارتی بوو بە تەنیا كە شانی دایە بەر ئەم ئەركە قورسە و بە پشتیوانی خوا تیایدا سەركەوتوو بوو.
هەر بۆیە دەنگدەین بە پارتی لەبەر ئەوەی لەكاتی كارەسات و نەهامەتییەكاندا لە بەرپرسیاریەتی راناكات و جوامێرانە شانی دەداتە بەر و ئەندام و پێشمەرگەكانی بەگژ مەرگدا دەچنەوە و بەپێوە لەسەنگەرەكانی پێشەوە شەهید دەبن و دەبابەی ئابرامزی ئەمریكی تێكدەشكێنن.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە رۆڵی سەرەكی لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی كوردستاندا گێڕاو بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا رێبەرایەتی پرۆسەی ریفراندۆمی كرد بۆ سەربەخۆیی كوردستان و ئاكامی ریفراندۆمیشی وەك دیكۆمێنتێك پیشانی هەموو جیهان دا، دەمێكە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی ئەو ئەقڵییەتەی لە عێراقدا حوكمڕانی دەكات، بڕوای بە شەراكەت و پێكەوەژیان لە نیشتمانێكی هاوبەشدا نییە، هەروەها ئەو قەناعەتیشی هەیە، ژمارەی كورسییەكانی كوردستان لەناو پەرلەمانی عێراقدا (60 كورسی بێت، یان 100) كە هاتە سەر ئەوەی ئەقڵییەتی حوكمڕانیی عێراق بڕیارەكان بە كەمینە و زۆرینە تێپەڕێنێت، لیستی كوردستانی رۆڵێكی ئەوتۆی نابێت، بەڵام ئاشكرایە لەماوەی ئەم چوار پێنج مانگەی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر بەشێك لە حزبەكانی كوردستان ناسنامەی خۆیان بۆ شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق و چۆنیەتی پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستان ئاشكرا كردووە، بۆیە ئەگەر پارتی بەتەنیا بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی بكردایە، ئەوا كورسییەكانی پارتی كە هەموو كات كورسیی داكۆكیكردن بوون لە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان، دەبوونە پشكی ئەو حزبانەی كە هەموو پرسی نەتەوایەتی و بوون و نەبوونی دۆزە رەواكەمانیان لە پێدانی مووچەیەكدا كورت كردۆتەوە.
لای پارتی دیموكراتی كوردستان مووچە و بژێوی خەڵكی كوردستان هەموو كات گرنگ بووە و گرنگیش دەبێت، بەڵام مووچە و بژێوییەكی سەربەرزانە و لەناو كوردستانێكی سەرفراز و ئازاددا، نەك ملكەچ و سەرشۆڕانە. هەر بۆیە كاتێك سیاسەتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی فەرزی كردووە بە سەرماندا عێراق بۆ خەڵكی كوردستان ببێتە ئۆردوگایەكی زۆرەملێ و هەر دەبێت هەتا ئێستاش لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنینەوە، ئەوا پێویستە پارتی بەهێز بێت بۆ ئەوەی بۆ عێراق و هەموو جیهانی بسەلمێنێت، خەڵكی كوردستان بۆیە متمانە بە پارتی دەدات، لەبەر ئەوەی ئەوە تەنیا پارتییە وەك حزبی سەرەكی و یەكەم لە كوردستاندا داكۆكی لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكات، لە پێناوی بەدیهێنانی دەسكەوتی زیاتریش بۆ خەڵكی كوردستان بەشداریی پرۆسەی سیاسی دەكات.
كەواتە دەبێت دەنگ بدەین بە پارتی بۆ ئەوەی لایەنە بەهێز و سەرەكییەكەی نوێنەرایەتیی كورد بێت لە پەرلەمانی عێراقدا و بواری ئەوە نەدرێت كە حزبەكانی دیكە سازش لەسەر مافەكانی كوردستان بكەن، هەروەك چۆن لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر زۆریان كرد و ئاكامی نەبووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان لۆژیكانە و دووربینانە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی ناوخۆی كوردستان و تەواوی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەكات، هەست دەكات لەناو گۆڕانكارییە خێراكانی ناوچەكەدا ئەم هەڵبژاردنە ئەنجام دەدرێت، ئەو گۆڕانكارییەش (بە ئەرێنی و نەرێنی) كاریگەری خۆیان لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەبێت و، هیچ دوور نییە ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە، نەخشەیەكی نوێی سیاسی لە عێراقدا دروست دەكات، لەناو ئەم نەخشە سیاسییە نوێیەشدا كە دەرهاویشتەی ئەرێنی و نەرێنی گۆڕانكارییەكانی لەسەر دەبێت، دەرگایەكی ئومێد بە رووی كورد و دۆزە رەواكەیدا دەكرێتەوە، بۆیە گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو ئەم گۆڕانكارییە تازانەدا بەهێز بێت، بۆ ئەوەی بە نەفەسێكی درێژ و ماندوونەناسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە بكات و خزمەتی كێشەی رەوای نەتەوەكەمان بكات.
مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان بە درێژایی مێژووی زیاتر لە 70 ساڵی رابردوو ئەوەی سەلماندووە، لە هەر قۆناخێكدا پارتی بەهێز بووبێت، ئەوا كێشەی رەوای گەلەكەمان لەبەرەوپێشەوەچووندا بووە و دەستكەوتی زیاتر بۆ میللەتەكەمان بەدەست هاتووە، هەر كاتێكیش پارتی لاواز بووبێت، ئەوا دۆزی رەوای كوردستان لە پاشەكشەدا بووە و ناحەزان و دوژمنانی كوردستان، گەلی كوردستانیان چەوساندۆتەوە و ملكەچیان كردووە.
لەم روانگەیەوە پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا لایەنە كە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەناو شاری كەركووكی داگیركراودا دەكات، دەبینین تەنیا پارتییە كە ئەمری واقیعی داگیركاری كەركووكی دڵی كوردستان قبووڵ ناكات.
ئەوجا بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ملكەچی داگیركەران نەبینەوە و هەموو پێكەوە ئەمری واقیعی داگیركردنەوەی كەركووك قبوڵ نەكەین و دۆزە رەواكەمان هەر لەبەرەو پێشكەوتندا بێت، ویژدانمان داوامان لێدەكات، دەنگ بە پارتی بدەین، بۆ ئەوەی پارتی بەهێز بێت و رۆڵی سەرەكی لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان و عێراقدا هەبێت.