Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:02

حکوومەتمەدار

هەولێر وەکو پایتەخت سیمای شاری بۆ دروستکرا، لەبواری بیناسازیی و رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەشێوەیەک گەشەی کرد
غازی حەسەن
#7
100%

لەئیدارەدا دوو قۆناغ زۆر گرنگە لەچۆنیەتی بەرێوەبردنی دەوڵەتدا، یەکێکیان کە بارودۆخ ئاساییە‌و هیچ گرفتێکی گەورەی وەکو جەنگ‌و قەیرانی دارایی‌و دیبلۆماسی لەگۆڕێدا نییە، ئەوی دیکەشیان ئەو کاتەیە، کە قەیران هەموو بوارێکی گرتۆتەوە، جەنگ لەئارایە، کێشەی دارایی هەڕەشە دەکات، ناکۆکی سیاسی بەهۆی قەیرانی دارایی و فڕکان فڕکانێی ئایدیۆلۆجی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن حزبەکانەوە لەئەوپەڕی توندی دایە.

لە هەرێمی کوردستاندا، نێچيرڤان بارزانی لەدوو قۆناغی جودا، حکوومەتی بەرێوەبردووە، یەکەمیان لەسەردەمی گەشەکردن و بوژاندنەوە و پەرەپێدان و بیناکردنەوەی وڵاتێکی خاپوور بوو، قۆناغی دووەمیش سەردەمی قەیرانەکانە بەهەموو جۆر و ئاستەکانییەوە.

لەقۆناغی یەکەمدا، لەگەڵ گەشەکردنی وڵاتدا، گەشەکردنی سیاسی و پەرەپێدانی ئابووری و زۆربوونی توانا داراییەکان و بواری دیبلۆماسی و بازرگانی پەرەی سەند، ئەمانە هەر تەنیا کاریگەریان لەسەر گیرفانی هاووڵاتی نەبوو، بەلَکو خەریکبوو شێوازی ژیان و بیرکردنەوە و کەسایەتی تاکیشی دەگۆڕی، گۆڕانکاریش هەمیشە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی لەخۆدەگرێت، بەڵام بەگشتی دەرفەتێکی فراوان لەبەردەم هاووڵاتی دروستبوو، کە بتوانێت توانا داراییەکانی پەرەپێبدات، ئەم پەرپێدانە داراییەش، کاریگەریی لەسەر خوڕەوشت و شێوەی ژیان و بەرنامەی رۆژانەی خەڵک و تەنیا لەهەندێک بواردا کەسایەتی و باری دەروونی هەندێکیش دانابوو.

هەولێر وەکو پایتەخت سیمای شاری بۆ دروستکرا، لەبواری بیناسازیی و رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەشێوەیەک گەشەی کرد، کە هەولێر لەسیمایەکی نوێ دەرکەوت، بەڵام دیسان ئەمە نەبووە هۆکارێک، کە گەندەلَی و خراپ بەکارهێنانی توانا داراییەکان روو نەدات، پەرەپێدانی مرۆیی لەئاستی پێویست نەبێت،ئەمە سەرەتایەکی نوێ بوو، هەر ئەو کاتیش لەتەک کارکردن بۆ سوپایەکی راهێنراوی پڕ چەک، ئاسایش و هەواڵگرییەکی پتەوی کارا، کە هەندێکجار وەکو دەزگا بەنێوبانگەکان ئاماژەی پێدەکرێت، کاریش بۆ سەربەخۆیی ئابووریش کرا، وەکو بنەمایەک بۆ دروستکردنی دەوڵەت.

لەمانەدا هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورەی نا، کە هەنگاوەن بێ دژایەتی دەرەکی  و ناوەخۆیی نەبوون. بەغدا و هێزە هەرێمایەتییەکان لەڕوانگەی دوژمنکارانە کاریان بۆ پاشەکشەپێکردنی ئەم دەستپێکە کرد، کە خەرێک بوو لەهەموو بوارەکاندا هەولێر لەبەغدا بەهێزتر و چالاکتر و ئارامتر و پڕ لەئاسایش تر دەردەکەوت.

قۆناغی دووەم، سەردەمی قەیرانی هێرشی داعشە، کە پێش ئەویش دەتوانم بڵێم قەیرانی دەرکەوتنی بەنێو ئۆپۆزسیۆن بوو، کە ئامانجی تێکشکاندنی هەموو ئەو گەشەکردنە گەورانە بوو، لەڕوانگەی فەلسەفەی گۆڕینی سیستەمی حووکمڕانی، بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان، کە وەکو رەمز و باڵادەستی سەرەکی دەسەڵات تێیدەڕواندرێت. دوای دەرکەوتنی داعش، بەشێوەیەکی سەرەکی و لەناکاو ئەو ناوچانە کرانە ئامانج، کە پارتی تێیدا باڵادەستە.

یەکێک لەقەیرانەکانی دیکە فەشەلی حووکمڕانی هاوبەش و تەوافقی سیاسی لەهەرێم بوو، چونکە هەندێک لەو لایەنانە لەبنەڕەتدا بۆ دەسەڵاتداری دروست نەکراون، بەقەد ئەوەی حزب و گروپی فشار و ئاژاوە و هەڵوەشاندنەوەن، ئەمە پەیوەندی بەفەلسەفەی تێڕوانین و دونیابینی و کارکردنی ئەو لایەنانەوە هەیە، سەرباری ئەوەی هەندێک هەمیشە کاریان کردووە، قەیرانە حزبییەکانیان بکەنە بەشێک لەسیستەمی حکوومەت و ئیدارەی دەوڵەتدا.

سزادانی دارایی لەسەردەمی مالکی و قوڵبوونەوەی پتر لەسەردەمی عەبادی و هێرشە سەربازییە هاوبەشەکەی سوپا و حەشد بەپاڵپشتی ئێران و تورکیا بۆ سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەرێمی کوردستانی رووبەڕووی قەیرانێکی راستەقینەی دارایی و سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازیی کردەوە، سەرباری بەکارهێنانی موچە و کێشەی هاووڵاتی لەلایەن هەندێک لایەنی کوردییەوە بۆ خراپ  و خراپترکردنی قەیرانەکانی ناوەخۆ دژی دەسەڵات لەپێش هەموویانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان.

نێچيرڤان بارزانی، کە بەسەرکردیەکی گەنج حسێب دەکرێت، شانازیی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانی پێدەبڕێت، کە دووریش نییە لەرەخنە لێگرتن، چونکە هەمیشە ئەوانەی کار دەکەن، رەخنەیان لێدەگیرێت، ئەوانەی بەرپرسن، پرسیاری بەردەوامیان ئاڕاستە دەکرێت.

ئێستاش بەهۆی دانبەخۆداگرتن و دیبلۆماسیەتی زۆر کارکردن و کەم قسەکردن، توانی قەیرانەکانی هەرێم رابگرێت و لەبەشێکیشدا وەکو دیبلۆماسی و کرانەوەی فڕۆکەخانەکان و بەتاڵکردنەوەی هەڕەشە بەنێوی دەستور و یاسا تێپەڕێنێت، لەبیری نەکەین لەهەمان گاڤدا هەڕەشە و ناکۆکییە ناوەخۆییەکان هیچیان لەهەڕەشە دەرەکییەکان کەمتر نییە.

دەڵێم حکومەتمەدار، چونکە هێشتا دەوڵەتمان نییە، بەڵام بەکردەوە وەکو سەرکردەیەکی بەتوانای دەوڵەتمەدار، پشت ئەستور بەکۆمەڵێک بنەمای بە‌هێز، کار بۆ دەربازکردنی هەرێم لەقەیرانەکان دەکات، هەرچەندە ئێرە کۆتایی کیشەکان و چارەسەرییەکان نییە، بەڵام فشارە مەترسیدارەکان بەرەبەرە لەکزبوون دایە. ئەرکی دەسەڵات دەربازکردنی وڵاتە لەقەیران، ئەرکی سیاسییەکانیش بەشدارییە لەپەرەپێدانی پڕۆسەی سیاسی، ئەرکی ئۆپۆزسیۆنیش بنکۆڵ نەکردنی وڵاتە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.