لەم ڕۆژانەدا نە چاو نە گوێ نە زمان فریای یەكتر ناكەون لە نیشاندان و گەیاندن و چرپاندنی ڕووداوەكان بە جۆرێك هەر یەكێكیان بە داماو بزانی ئەڵێت لە من داماو تر ئەوی ترە ڕووداوەكانی ئەم چەند ڕۆژەی كوردستان بە تایبەت هەولێر جێگای هەڵوەستە كردنە لە سەری، باوەڕ ناكەم كەسێك هەبێ لەم كوردستانە دژی مافە ڕەواكانی بەرزترین و پیرۆزترین توێژی كۆمەڵگا بێت ئەویش مامۆستایە .
لەوەتەی هەم شانازی بە مامۆستاكانم دەكەم بەڵام داخەكەی گرانه ئەوەی نە دەبوو ڕووبدا و چاو وێنای كردبا ڕوویدا ، مامۆستا زۆر گەورەترە لە هەموو لایەنێك و مەرامێك، با تۆزێك وردتر بچینە ناو بابەتەكەوە، مامۆستاكان مافی ڕەوای خۆیانە بە هەر شێوازێكی مەدەنی و ئاشتیانە تەعبیر لە داواكاری و داخوازیەكانیان بكەن، هەر كەس و لایەنێك لە دژیان بوەستێتەوە باجێكی قورس دەدات، و نەزان و نەخوێندەوارەیش هێشتا تێنەگەیشتوە مامۆستا كێیە و چەند پیرۆزە ...
زۆر دەمێكە خەون ئاڵۆزەكان ئەیانەوێت سەر خەوێك لە هەولێری پایتەخت و ناوەندی بڕیار بشكێنن هەر بۆیەش ئەمجارەیان ویستیان مامۆستا بكەنە سەرین و پزیشك بكەنە ڕاخەر تاوەكو خەونە ئلبَۆز و بۆگەنەكانیان ببینن بەڕاستی شەرمە و داوەشینە بەم جۆرە ناوی مامۆستا و پزیشك لە كەدار دەكەن .
هەموومان ئەو ڕاستیە باش دەزانین مامۆستا هاتۆتە سەر شەقام لە داخ بەتاڵی گیرفانی و بژێوی خێزانەكەیەتی سەرەڕای سەختی گوزەرانی، بەڵام بە شێوازێكی دیموكراسی و مەدەنیانە پێداگری لە مافی خۆی دەكات كهچی كێشە ئەوەیە هەر كاتێك توێژێكی پیرۆز و خاوەن حەق خۆپیشاندان دەكەن لێشاوێك لە (خوێن نیشاندەر) خۆیان دەخزێننە ناویان بەڵێ لێشاوێك لە ڕق ڕق لە دڵەكان و شكست خواردووەكانی ڕابردوو مەكینە شڕ و دووكەڵ دارەكانیان بە گەڕ دەخەن و دەیانەوێت پاكتاوی ڕووداوەكانی دەیەكانی ڕابردوو لە سەر جەستەی مامۆستای هەژار پاك بكەنەوە. من ئەمانە ڕێك وەك ئەو داعشە ئەبینم كاتێك لە سەر منارەی مزگەوتێك تەقە دەكا و خەڵك دەكوژێت و تۆش بۆت نەبێت وەڵامی بدەیەوە چونكە ناكرێت تەقە لە مزگەوت بكرێ .
شەرم و مردنە بۆ كەسێك دژی مافە رشەواكانی مامۆستا بوەستێتەوە چونكە ئەوان دوێنی ئێمەیان پێگەیاند و بەیانیش منداڵانی ئێمە و لە داهاتوودا نەوەكانمان. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە دوایی 3 ڕۆژ لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی عەبادی بۆ هەولێر و دوای وتارەكەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە نەورۆز ئەم پشێوی و نا ئارامییە سەری هەڵداوە لای هەمووان ئاشكرایە نێچیرڤان بارزانی چەندین بەڵێن و ئاماژەی دڵخۆشكەری بۆ هاوڵاتیان ڕاگەیاند هەموو ئەمانەش وای لە خەون ئاڵۆزەكان كرد هەستی پیرۆزی مامۆستا و گوزەرانیان بقۆزنەوە و سواری شەپۆڵە ڕەوا و دەنگە پڕ ئازارەكانیان ببن تا وەكو بتوانن ڕێگری لە هەوڵە دڵسۆز و جدیەكان بكەن.
نەیانهێشت تاكە ڕەگێكی بچووكی ئومێدی چارەسەری قەیرانەكان لە دڵی هاوڵاتیاندا بچەقێت هەر زوو هەڵسان بە ڕاگەیاندنی (خوێن نیشاندان) و وێران كردن و ڕووخاندنی ڕەگی هیواكان، ئەمانە ئابڕووی دیموكراسیان بردووە ،عەرەب دەڵێت (مصائب قوم عند قوم فوائد) مامۆستا بێ مووچەیە و بارودۆخی لەو پەڕی خراپیدایە و هاتۆتە سەر شەقام كەچی كابرای كاندید زۆر بێ شەرمانە لە جیاتی سندووق كاسەیەكی لە دەست گرتووە و هاتوە قیڕە قیڕ دەكات و چاوهڕێیە بە خوێن پڕی بكاتەوە .
تخوا لێگەڕێن خەڵك خۆپیشاندان بكا، تخوا لێگەڕێن با خەڵاك داوای مافی ڕەوای خۆی بكا، تخوا لێگەڕێن با خەڵك پەیڕەوی مافە مەدەنی و دەستورییەكانی بكات، چونكە ئێستا لای هەموو كەس ڕوون و ئاشكرایە ئێوە خوێن نیشاندەرن و چاوتان هەڵنایە بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی مەدەنیانە .