چەرچڵ کە یەکێکە لەسەرکردە سیاسیە دیارەکانی بەریتانیا دەڵێت: دەبوایە بەشێوەیەكی دیپلۆماسیانە و كاریگەر كارم بكردایە و پلانەکانم جێبەجێ بکردایە بۆئەوەی ئامانجی وڵاتەکەم بهێنمەدی. ئەمە قسەی سەرکردەیەکە کە دووجار بۆتە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و هەتا لەدەسەڵاتدا بووە توانیویەتی خزمەتێکی دیار بە وڵاتەکەی بکات، وەک خۆی دەڵێت لەرێگەی دیپلۆماسیەتەوە توانیم ئەو هەنگاوە سەرکەوتوانە ببرم.
کاریگەری و ژیری دیپلۆماسیەت لەکاری سیاسی و دەوڵەتدا فاکتەرێکە بۆ بەرجەستەکردنی ئەو ئامانجانەی هەوڵی بۆ ئەدرێت. هەروەک بینیمان لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانەکان و کێشە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەولێر و ناوەندا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیدا هەوڵی زۆر درا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ ئەم گرفتە زەمینەی گونجاو خولقێندران بۆ نزیکبوونەوەی هەردوولا و دەستکردن بە دانوستاندن بۆ هێورکردنەوەی باردۆخی ئاڵۆزی نێوانیان.
دانوستاندن وەک پرۆسەیەکی گفتوگۆی زیندوو لەنێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا زەمینەیەکی گونجاو رەخسا بۆ لێک نزیکبوونەوەی بۆچونە جیاوازەکان و دانانی پلانێکی تۆکمە بۆ چارەسەکردنی گرفتەکانی نێوانیان. ئەوەی کاریگەری هەبوو لەسەرکەوتنی ئەم دانوستاندنانە رۆڵی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بوو چونکە توانی لەئەنجامی پیشاندانی بەردەوامبوون و پیداگیری لەکۆبونەوەکان ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەست بهێندرێت وەک بریاری کردنەوەی فرۆکەخانەکان، لەلایەکی دیکەوە خاڵێكی گرنگ بۆ ئێمەی کورد کە وەک دەستکەوتێک هەژماردەکردیت هەڵنەوەشاندنەوەی ئەنجامی رێفراندۆم و رادەستنەکردنی خاڵە سنوریەکانە، راستە کورد لەزۆر لایەنەوە کێشەی بۆ دروست بوو و ئابڵوقەی کاتی خرایە سەر خەڵک و هەرێمی کوردستان بەڵام گومانی تیا نیە داواکردنی جیابونەوە و سەربەخۆیی بەسانایی تێناپەرێت و پێشبینی ئەم گرفتانە هەردەکرێت.
لەم سۆنگەوە تێدەگەین لێهاتوویی لەدیپلۆماسیەتدا و بەکارهێنانی رێگای جیاواز فاکتەر بوو بۆ کاریگەربوونی بنەمای کارەکان، هاوکات بەرجەستەکردنی پلانی تۆکمە لەکاتی دانوستاندنە بەرچاوروونی ئەدات بۆ سەرکەوتنی پلانەکان. هەموو ئەم خاڵانە لەدانوستاندنەکاندا دەبیندران و توانرا دەرئەنجامەکەی لەبەرژەوەندی کورد بەرقەراربێت.
هەروەک ماكیاڤیلی و زۆربەی نوسەرەكان، جەختیان لەسەر هەندێك مەرج كردۆتەوە كەنابێت لەكەسی دیپلۆماسیدا هەبێت وەک ناراستگۆیی یان دۆزینەوەی رێگەی ناراست بۆ لەخشتەبردنی لایەنی بەرامبەر کەبەشێوەیەکی گشتی لە جیهاندا مانایەکی جوان نابەخشنە دیپلۆماتکار هەرلەبەر ئەم هۆکارە بوو کە وڵاتانی جیهان پالپشتی حکومەتی هەرێمیان دەکرد و جەختیان دەکردەوە لەسەرگەراندنەوەی مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان، بینییان هەمیشە نوینەرانی کورد کە بەشداری کۆبونەوەکان دەکەن لەسەر ئاستی ناوخۆ یان دەرەوە خاوەن دڵسۆزی و لێهاتووین ودەیانەوێت بەجدی کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکرێن، هەروەک نوسەر '' هارۆڵد نیکۆڵسن'' دەڵێت : دیپلۆماتکار دەبێت راستگۆبێت لەگەڵ زانیاریەکانی خۆی و نەتەوەکەی، بەپێچەوانەوە سیفەتی دیپلۆماتکاری لێدەسێندرێتەوە.
لەهەمانکاتدا حکومەتی هەرێم هێزی بەکارنەهێنا بۆ گەراندنەوەی بەشیك لە مافەکانی خۆی بەڵکو هونەرێكی تری بەکارهێنا ئەویش لەرێگەی كاریگەری دانان لەسەر رای گشتی و وڵاتانی جیهان کە وای لێکردن پشتگیری هەرێم بکەن بۆئەوەی ئامانجەكانی بەدەست بهێنێت، لەم خاڵەوە سەرکەوتووی دیپلۆماسیەت و سیاسەت دەردەکەوێت.
لەدواجاردا چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لەگەڵ بەغدا چووە قۆناغێکی دیکەوە، دەبێت بەئاسایی ئەوەش وەربگریت لەهەموو هەنگاوەکاندا ئەم هەوڵانە بەر رەخنەو توانج بکەوێتەوە بەتایبەت لەئێستادا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەئارادایە و سەرجەم هەوڵەکان لەلایەن نەیارانەوە بە بچوک لێیدەرواندرێت، لەکۆی سەرجەم کۆششەکاندا ئەوەی گرنگە سەرکەوتووی و کٶڵنەدانی حکومەتی هەرێم بۆ هێشتنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوو کە وەک دەنگۆیەک دەبیسترا حکومەتی ناوەند پیلانی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستانی هەیە لەرێگە و بەرنامەی جیاوازەوە کە ئەمەش کارێکی مەحاڵ و نادەستورییە.
ئەو رێکەوتن و هەماهەنگیەی نێوان هەردوو حکومەت بەشێوەیەکی ئەرێینی کاریگەری لەسەر بریارەکانی یەکتر هەیە، تێگەیشتن و هەستکردن بە کەشی دەربرین بۆ چارەسەکردنی کێشەکان، دۆخی قەیرانەکان بەرەو کاڵ بونەوە دەبەن، لەدواجاردا حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشانی بەغدای دا کە کورد بەهۆی لێهاتوویی لەدانوستاندن و دیپلۆماسیەتدا توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و لەهێنانەدی ئامانجەکەی کە سەربەخۆییە پاشگەز نابێتەوە.