Erbil 15°C شەممە 04 ئایار 17:23

هەرێمی کوردستان ستەمکارە یان ستەملێکراو؟

حکومەتی عێراقی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاری بۆ نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرد
100%


لەم سەردەمەی کە وەک شاعیری ناودار و دیاری فەرەنسی 'بۆدلێر' دەڵێت: 'هەموشتێک لەم دنیایەدا تاوانی لێ دەتکێت، ڕۆژنامە و دیوار و ڕوخساری مرۆڤەکانیش' . گەلی کوردستان لە ٢٥/٩/٢٠١٧ هەستا بە ئەنجامدانی گشتپرسی کە بەپێی بنەماکانی شۆڕشی فەرەنسی ساڵی ١٧٨٩ و مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی ئەتڵەسی لەنێوان بەریتانیا و ئەمریکا و ڕوسیا لەساڵی ١٩٤١ ی زاینی، وە وتارە چواردە خاڵییەکەی سەرۆک وێڵسنی ئەمریکا دوای جەنگی جیهانی یەکەم و  پرۆتۆکۆڵی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئاینە ئاسمانییەکان نەک تاوانێکی نەکرد، بەڵکو مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆی پیادەکرد وەک نەتەوەیەکی سەرزەوی.

کاردانەوەی هەریەک لەوڵاتانی دراوسێ هەرچەندە بەرامبەر بەڕیفراندۆم توندبو بەڵام هێندەی ڕۆژئاواییەکان مایەی تێڕامان نەبو! لەکاتێکدا خۆیان خاوەن بنەمای فکرەی ڕاپرسی بون لە جیهاندا و لە سەدەی حەڤدەوە کاریان پێیدەکرد و چەسپاندیان، بەڵام لەئاستێکی چاوەڕوانکراودا پشتگیری هەرێمیان نەکرد و ئەمەش بەشێک بو لەوەی حکومەتی عێراقی پێداگیری زۆر و فشارەکانی بۆ سەر کوردستان زیاتر چڕکردەوە.

ئێمە دەزانین دیپلۆماسیەت و شێوازی نەرمونیانی لە گفتوگۆ وداواکاریدا جۆرێکە لەڕاکێشانی سەرنجی دەوروبەر و تەنانەت ئەگەر کەسێک - چ کەسی ئاسایی بێت یان مەعنەوی وەک هەرێمی کوردستان- ستەملێکراویش بێت نەک ستەمکار پێویستە هێزی نەرمی خۆی لەڕێگای گفتوگۆوە لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا ڕاستەوخۆ پیشان بدات بۆ ئەوەی بۆ دەوروبەری بسەلمێنێت کە سەرباری ئەوەی ستەمیشی لێکراوە بەڵام بەعەقڵ و مەنتیق و دانایی ئامادەی دانوستان و ڕێکەوتنە.

ئەمە ئەوخاڵە جەوهەرییە بو کە هەرێمی کوردستان لەڕێگای سەرەک وەزیرانەوە چ لەدانیشتنەکان و چ لە دیدارە تەلەڤزیۆنی و کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکاندا پیادەی دەکرد. هەرچەندە وەک هەرکارێکی تر سەرەتا کەوتە بەرتانە و تەشەری نەیارەکان گوایە هەرێمی کوردستان ملکەچی بەغدایە و بەهەموشێوازێک دەیەوێت ڕێبکەوێت! بەڵام ئەگەر خوێندنەوەی واقیعی بکەین دەبینیین باری ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی هەرێم لەئاستێکی خراپدایە و ئەوکەسەی نوێنەرایەتییان دەکات پێویستە ئەمەی لەبەرچاوبێت و ئامادەی تاڕادەیەک ئەوەی بەناوی قوربانی ناوزەددەکرێت قوربانیش بێت، لەبەر گۆڕانی بارودۆخی هەرێم لەقۆناغێکەوە بۆ باشتر یاخود ڕێگریکردن لە ڕودانی خراپتر.

ڕاستە ماوەی پێنج مانگە فڕۆکەخانەکانی هەرێم داخران و گەشتە ڕاستەوخۆکان وەستێنران بەڵام دەبێ لەبیرمان بێت حکومەتی عێراقی نەک بەوەوە نەدەوەستا بەڵکو ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاری بۆ نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرد و تەنانەت لەمیزانیەی ساڵی ٢٠١٨ و بەحکومەتی پارێزگاکان ناوی هێناو لە خوێندنەوەی وتاری کۆتایی هاتنی جەنگی دژی داعش لەلایەن سەرەک وەزیرانی عێراق ئامادەی ناوهێنانی پێشمەرگەش نەبو کەچەندین داستانی بێوێنەی تۆمارکردبوو دژی داعش!

بێ ئینسافییە ئەگەر بڵێین نەرمی وتاری هەرێم کاریگەری لەسەر ڕاکێشانی هەستوسۆزی یارەکانمان نەبوە و ئێمە تەنها شکۆمان شکاوە، بەڵکو وەک کورد دەڵێت زیان لەهەرجێگایەک بەری لێبگری بەقازانج دەپێورێ. و بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکان لەلایەن بەغداوە ئەگەرچی درەنگ وەختیشبێ بەڵام دەرخەری ئەوەی هێزی دیپلۆماسیەت دەتوانێ کاریگەری ڕاستەوخۆ بکاتە سەرداهاتو و داهاتی هەرێم.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.