Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 05:42

یادێک بۆ راپه‌رینى  چوار قه‌زا

له‌پاڵ تفه‌نگى پێشمه‌رگه‌و هه‌ڵمه‌تى گه‌نج و لاوانى شارو دێ
هه‌ژار عه‌لی
100%

ئه‌وێ رۆژێ  10-3-1991 خه‌ڵكى سۆران، رواندز، چۆمان و مێرگه‌سۆر  بوێرانه‌ رووبه‌رووى دامه‌زراوه‌ داپلۆسێنه‌ره‌كانى رژێمى به‌عس بوونه‌وه‌و توانرا له‌ماوه‌یه‌كى كه‌م هه‌ر چوار قه‌زاكانى سۆران، چۆمان، مێرگه‌سۆرو رواندز به‌ گشت شاره‌دێ و گوندو ئاواییه‌كانیان ئازاد بكرێن.

له‌پاڵ تفه‌نگى پێشمه‌رگه‌و هه‌ڵمه‌تى گه‌نج و لاوانى شارو دێ، ئافره‌تانیش به‌هاوارى به‌رزو ناخى پڕ له‌ قین رووبه‌رووى رژێمى به‌عس بوونه‌وه‌و ده‌ست له‌ملانێى جه‌ماوه‌رو پێشمه‌رگه‌ هه‌موو پێكه‌وه‌ ته‌پڵى سه‌ركه‌وتنیان لێدا.

راپه‌ڕینه‌كه‌ چه‌خماغه‌ى ئاگرى هه‌ڵگیرساوى ناخى جه‌ماوه‌ر بوو، ده‌ڤه‌رى سۆران تینووى ئازادى بوون، بۆیه‌ به‌ده‌ركردنى دوژمن و ده‌ست گرتن به‌سه‌ر باره‌گاكانیان ئاگرى ناخیان دامركانده‌وه‌.

راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ى گه‌لى كوردستان ئه‌و شۆڕشه‌ بوو كه‌زۆر ئامانجى به‌خه‌یاڵ دانه‌هاتووى هێنایه‌دى، ئه‌م راپه‌رینه‌ به‌ سه‌رپه‌رستى سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان، كه‌ خۆى له‌ به‌ره‌ى كوردستانى ده‌بینیه‌وه‌ پلان دانه‌رى ئه‌و شۆرشه‌جه‌ماوه‌ریه‌ بوو به‌پاڵپشت به‌گه‌لى كوردستان.

گه‌لى كوردستان، به‌ راپه‌رینى ئازارى سالى(1991) كۆمه‌لێ ده‌سكه‌وتى به‌ده‌ست هێنا، له‌سه‌رووى هه‌موویان ئازادى، رزگارى نیشتیمانى، به‌هۆى ئه‌م راپه‌ڕینه‌وه‌ كوردى له‌ نائومێدى و چاوه‌ڕوانى رزگارى كرد، هاوكات دامه‌زراندنى حكومه‌ت و په‌رله‌مانى كوردستانى لێكه‌وته‌وه‌و بۆ یه‌كه‌مین جاریش كورد پشتیوانى نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست هێنا.

بۆ ده‌ڤه‌رى سۆرانیش جگه‌ له‌وه‌ى ئازادى، ئاوه‌دانى و خۆشگوزه‌رانى وه‌به‌رهێنا ( قه‌زاى سه‌دیق)ى سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس كرده‌ شارێكى گه‌وره‌ى وه‌ك سۆران، رواندزى له‌ ناحیه‌وه‌ كرده‌ قه‌زا، تێكڕاى گوندو ئاواییه‌كانى ده‌ڤه‌رى باڵه‌كایه‌تى، برادۆست و بارزانى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، كه‌ پێش راپه‌ڕین له‌لایه‌ن رژێمى به‌عسى رووخاو دانیشتوانه‌كه‌ى بۆ ئۆردوگا زۆره‌ملێكان راگواستران و خانوو ره‌زو باخى گونده‌كانیش سووتێنران. هه‌ر به‌هۆى راپه‌ڕینه‌وه‌ چه‌ندین شاره‌دێى تازه‌ش دروستكران و خزمه‌تگوزارییه‌كان گه‌یشتنه‌ دورترین ئاوایی و سه‌دان خێزانى كوردستان كه‌ په‌ناهه‌نده‌ى وڵاتى ئێران بوون، گه‌ڕانه‌وه‌و به‌ زێدى خۆیان و كه‌س و كاریان ئاشنا بوونه‌وه‌و له‌ شارى سۆرانیش نیشته‌جێبوون.

راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ى شارى سۆران و ده‌وربه‌رى به‌ خوێنى سێ شه‌هید له‌ دوژمن پاككرایه‌وه‌، ئه‌وانیش هه‌ریه‌ك له‌شه‌هیدان ( باقى بارزانى، شاكر ئه‌حمه‌د باڵه‌كى، تاهیر عه‌بدوڵا پیرسوه‌یی)بوون.

له‌ كاتێكدا 27 ساڵ به‌ سه‌ر راپه‌رینى جه‌ماوه‌رى كوردستان تێپه‌رده‌بێت، دواى ئه‌م هه‌موو شۆرش و به‌رخودانه‌، ئێستاش جه‌ماوه‌رى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان پێویستیان به‌ شۆڕشێكى جه‌ماوه‌رى هه‌یه‌ بۆ رزگاركردنى ئه‌و به‌شه‌ خاكه‌ى كه‌ له‌ 16 ى ئۆكتۆبه‌ر داگیركراوه‌، سه‌رخستنى ئه‌م پلانه‌ش یه‌كریزى كوردى ده‌وێ، وه‌ك چۆن له‌ راپه‌ریندا به‌ یه‌كگرتوویی و ته‌بایی دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سكى حیزبایه‌تى كوردستان ئازادكرا، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ناوچه‌ داگیركراوه‌كانیش  هه‌مان ئه‌و هێزو تواناییه‌ى گه‌ره‌كه‌. 

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.