رۆژی 11/ ئازار ئەو ساتە وەختەیە یان ئەو رۆژەیە لەمێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا كاریگەریەكی زۆر گەورەی هەیەو بەپیرۆزیەوە مامەلەی لەگەل دەكرێت چونكە لەم رۆژەدا چەندین رووداوی گرنگی مێژووی بۆ نەتەوەكەمان تۆماركراوە.
رێككەوتنامەی یانزەی ئازار ئەو ڕۆژە مێژووییەیە كە بۆتە سمبولی خەبات و بۆنەیەكی نەتەوەیی چونكە لەم رۆژەدا دوو رووداوی گرنگ تۆماركراون كە هەردووكیان شایەنی ستایشكردن بۆ هەتا هەتایە چونكە یەكەمیان رێكەوتننامەی (11)ی ئازاری ساڵی (1970) كە لەنێوان سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلولی مەزن بەسەرۆكایەتی سەرۆك (مستهفا بارزانی نەمر ) لەگەل حكومەتی ئیراق ئیمزا كرا، كە بریتیبوو لەڕێكەوتنامەیەكی زۆر گرنگ و مێژووی و تایبەتمەند كە لەچەندین بڕگەی گرنگ پێهاتبوو سەرجەم برگەكان بۆ چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان بوو، هەروەها رووداوی دوومیان رۆژی 11/ ئازاری 1991 كە جەماوەری شاری هەولێر راپەڕینێكی مێژوویی تۆماركرد و حكومەتی بەعسی بۆ هەتا هەتایی راماڵی، لەم شیكردنەوەیەدا دەمەویت بەووردی لەهەردوو رووداوەكە بەكورتی بدۆێم خالە گرنگەكانی بۆ خوینەرانی بەریز بخەمەروو.
ئەگەر چاوێك بەمێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا بخشێنین دەبنین رێكەوتننامەی (11)ی ئازاری ساڵی (1970) هەنگاوێكی زۆر گرنگ بوو بۆ چەسپاندنی مافی میللەتی كوردستان ، چونكە ئەم رێككەوتنامەیە ڕژێمی ئێراقی ناچاركرد دان بەمافەكانی گەلی كوردستاندا بنێت و فەرمانرەوایی خۆبەڕێوهبردن (ئۆتۆنۆمی)بۆ گەلی كوردستانى لێكهوتهوه و زمانی كوردی وەكو زمانێكی فەرمی له عێراق ناساند و دهبوایه دەستوری تێدا ههموار بكرابایه و له ئهنجام خۆى لهوه ببینابایهوه كه كه خەڵكی عێراق لەدو نەتەوە پێكهاتون ئهویش بریتین لە نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كورد.
تەنانەت زۆربەی چاودیرانی سیاسی وشرۆڤەكارانی سیاسی باس لەوە دەكەن ئەو رێككەوتنامەیە لە دوای پەیمانی سیڤەر بە دوەمین دەستكەوتی رێككەوتنامەیەك دادەنرێت كە تێیدا حكومەتی عێراق بە فەرمی دانی نا بە مافە نەتەوەیەكانی گەلی كوردا، چونكە بەیاننامەكەی (11)ی ئازار لەو كاتە دا بە دەستكەوتێكی گەورە بۆ كورد هەژماركرا، چونكە لە ساڵی (1970)دا كوردەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان مافەكانیان بە تەواوەتی پێشێلكرابو و بە ئیمزاكردنی ئەو رێكەوتنامەیە بە شێوەیەكی فەرمیی دان بە مافی كورد نرا لە كوردستانى عێراق و ئەویش بوە قۆناغێكی نوێ بۆ گەلی كوردستان بۆ بەردەوامبون لەسەر بەدیهێنانی مافە رەواكانی، هاوكات به درێژایى ئەو ماوەیە، تاڕادەیەك ئاشتی باڵی بەسەر باشوری كوردستاندا كێشابوو، رێكەوتنامەی (11/ ئازار) بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و تێكۆشانی شۆرشی ئەیلول بوو ئەو شۆرشەی كەمێژوویەكی لەخەبات بۆ میللەتەكەمان دروستكرد، ئەو شۆرشەی كە مێژوویەكی لەخەبات بنیادنا كه بەهەرمەكەی هەستی پیدەكرێت .
كەركوك دڵی كوردستانە
حكومەتی ئێراقی بەنیازێكی خراپ هاتە ناو ڕێكەوتنامەكە چونكە نەیدەویست تەواوی خاكی كوردستان بەگەلی كورد ببخەشێت بەڵكوو زۆر كێشەی دروستكرد لەوانە دەیویست كەركوك لەخاكی كوردستان داببڕێت و بەناوی ئەوەی كە ئەم شارە چەند نەتەوەیەكی جیاوازی تێدایە ، بۆیە سەركردایەتی سیاسی بزاڤی رزگاری خوازی كورد بەسەركردایەتی ( سەرۆك مستهفا بارزانی نەمر) هەر زوو وەڵامی دانەوە و جەختی لەوەكردەوە كە كەركوك شارێكی كوردستانەو بەدروشمی ( كەركوك دڵی كوردستانە) وەڵامی ئەوكاتی حكومەتی ئێراقی دایەوە، بەمەش حكومەتی بەغدا تێگەیشت كە باوكی ڕۆحیمان ( سەرۆك مستهفا بارزانی نەمر) بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر خاكی كوردستان ناكات و ئامادەنیە تەنیا یەك بستی خاكی كوردستان بێت، بۆیە دوای ماوەیەك حكومەتی بەغدا كەوتە پیلانگێڕان و بەشێوازی جیاواز بەندەكانی رێكەتنامەكەی پێشیل دەكرد.
ئەگەر تەماشای ئەو هەڵوێستەی ئەوكاتەی سەركردەی شۆرشی ئەیلول و بزاڤی رزگاری خوازی كورد ( سەرۆك مستهفا بارزانی نەمر) بكەین نموونەی خۆشەویستی بۆ خاكی كوردستان بوو كە ئامادەنەبوو سازش لەسەر یەك بست لەخاكی كوردستان بۆ حكومەتی ئیراقی بكات.
ئەو هەڵویستە مێژووییەی ( سەرۆك مستهفا بارزانی نەمر) هاوكاتە لەگەل هەڵویستی سەرۆكی هێژا رێزدار (سەرۆك مەسعود بارزانی ) كەئەمڕۆ بەهەموو شێوەیەك بەرامبەر بەحكومەتی ئێراقی وەستایەوە و ئەوەی سەلماند كەبەهیچ شێویەك سازش لەسەر خاكی كوردستان ناكات، ئەم هەڵویستەی سەرۆكی هێژا رێزدار (سەرۆك مەسعود بارزانی ) درێژەپێدەری هەڵویستی باوكی رۆحی نەتەوەی كوردە كە هیچ كات ئامادە نەبوو سازش لەسەر خاكی كوردستان بكات.
هەروەها ئەوەی گرنگ بوو ئەم رێكەوتنامەیە هەر لەدەسپێكەوە سەركردەی شۆرشی ئەیلول و بزاڤی رزگاری خوازی كورد ( سەرۆك بارزانی نەمر) زۆر بەحەكیمانە مامەڵەی دەكرد و هەستی بەوە دەكرد كە حكومەتی ئیراقی نایەویت بەندەكاتی وەك خۆی جێبەجی بكات، بەلام لەگەل ئەوەشدا بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان توانی گوشارێكی گەورەو بە هێز بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی عێراق، لە ئاكام دا دوژمن چۆك دابنێت لهبهرامبهر مافە رەواكانی گەلی كوردستاندا ،ئەمە یەكەم جار بوو لە مێژووی سیاسی عێراق دا كورد بتوانێت مەسەلەی رەوای خۆی وەك دۆزی نەتەوەیێكی بەش خوراو و زولم لێكراو وەك دۆزێكی سیاسی بە هەموو جیهان و جیهانیان بناسێنێت .
هەولێر و 11/ ئازار
بەربەیانی رۆژی 11/ ئازار جەماوەری شاری هەولێری هۆلاكۆ بەزێن ڕژانە سەرشەقامەكان كەوتنە جموجۆل و كاتیك كە یەكەم گزنگی خۆی بەرەبەیان دەركەوت لەو رۆژە پر هەستیارەدا لەم شارە مێژووی نوێ دەسی پێكرد ئەویش خرۆشانی جەماوەری بوو چونكە ترس و دڵەراوكەو بێ ئومێدی و هەرەس، باڵی كێشا بوو بەسەر پیاوانی رژێم و هێزە سەربازییەكانیان زۆری پێنەچوو توشى ههرهس هاتن، تەواوی شار لەدوژمن پاكرایەوە و ڕزگاركرا.
راپەرینی هەولیر گرنگی خۆی هەبوو چونكە هەولێر گەورەترین شاری هەرێمی كوردستان بوو لەلایەكی تریشەوە بەشیكی زۆری دام و دەزگا هەستیارەكانی حكومەتی ئیراقی لەم شارەدابوون بێجگە لەوەی ژمارەیەكی زۆری هێزی سەربازیش لەم شارەدا كۆكرابوونەوە بۆیە ڕزگاركردنی شاری هەولیر مێژوویەكی نوێی لەخەباتی رزگاری خوازی گەلی كوردستاندا تۆماركرد .
دكتۆرە مەیادە محەمەد نەجار
سەرۆكی رێكخراوی ئاریانا بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان