Erbil 15°C یەکشەممە 28 نیسان 03:01

چاکسازی و پێنج ملیۆنەکەی پەڕلەمانتاران

گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو دەیڵێن لەوەی ئەندامەکانیان دەنگیان بەو پڕۆژەیە نەداوە ڕاست نیە
ئاسۆ حاجی
100%

هەموو ئەو بەهانانەی لەلایەن ئەو فڕاکسیۆنانەی دەڵێن دەنگیان بە یاسای خانەنشینی پەڕلەمانتاران نەداوە فریایان ناکەون چونکە دوورن لە ڕاستی،ڕاستیەکە ئەوەیە کە هەموو فڕاکسیۆنەکان دەنگیان بە یاساکە داوە، هەندێک زانیاریش هەیە کە دوای خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژەکە ڕێکەوتنی سیاسی لەسەر کراوە و هەموو حیزبەکانیش لەو ڕێکەوتنە بەشدار بوونە، ڕێکەوتنەکەش لە نێوان فڕاکسیۆنەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و فڕاکسیۆنەکانی پەڕلەمان کەمنەکردنەوەی موچەی خانەنشینی پەڕلەمانتارانیان وەک مەرجی تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایە بەسەر حکومەت سەپاندووە.

بە گوێرەی ئەو پڕۆژە یاسایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داویەتیە پەڕلەمان دەربارەی یاسای خانەنشینی پەڕلەمانتاران هاتووە کە هەمان یاسای پەڕلەمانی عێڕاق جێبەجێ بکرێ کە نابێ پەڕلەمانتار تەمەنی لە پەنجا ساڵ کەمتر بێ و لە پازدە ساڵیش کەمتر خزمەتی هەبێت،بەڵام پەڕلەمانتارانی سەرجەم فڕاکسیۆنەکان ئەوەیان ڕەت کردۆتەوە بۆیەشە ئەو پڕۆژە یاسایە کە دەبوایە وەک هەموو پڕۆژە یاسایەکی دیکە تەنها پازدە رۆژ لەلای لێژنەکان بمێنێتەوە ئەوە هەڤدە رۆژ ماوەتەوە چونکە لێژنەکان ئامادە نەبوون کاری لەسەر بکەن تا لە سەر بڕگەی هێشتنەوەی خانەنشینی ئەندامانی پەڕلەمان بەو شێوەیەی ئێستا گرێنتیان وەرنەگرت.

پرۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین وئیمتیازاتەکانی بەشی دووەم،بواری خانەنشینی،مادەی سێ یەمی لە  کە تایبەتە بە خانەشینی پەڕلەمانتاران کە لە پێنج بڕگە پێکهاتووە  و مادەی سێیەمی دەبێتە شەش بڕگە کە مەرجەکانی خانەنشینی تێدا دیاری کراوە،دەرئەنجامەکەی بەو شێوەیەیە کە بڕی موچەی پەڕلەمانتاران دەگاتە بن پێنج ملیۆن دینار کە جیاوازیەکی ئەوتۆی نیە لەگەڵ ئەو بڕەی ئێستا وەک موچەی خانەنشینی وەریدەگرن.

مادەی سێیەم کە هەشت رۆژ بەر لە پەسندکردنی تێکڕای پڕۆژەکە دەنگی لە سەر درا بوو تەنها بیست و هەشت ئەندام بە نەخێر دەنگیان لە دژی داوە کە ئاماژەیەکی ڕوونە ئەوەی فڕاکسیۆنەکانی ( گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو) دەیڵێن لەوەی ئەندامەکانیان دەنگیان بەو پڕۆژەیە نەداوە ڕاست نیە چونکە ژمارەی ئەندامەکانی هەر سێ لا سی و حەفت کەسە،بە گوێرەی زانیاری دروست لە ناو فڕاکسیۆنی یەکێتی و پارتی ژمارەیێک ئەندام بە نەخێر دەنگیان داوە.

 لە ماوی ئەو هەشت ڕۆژەدا نە هیچ فڕاکسیۆنێک و نە هیچ پەڕلەمانتارێک هیچی دەربارەی ناڕازی بوونی لەسەر ئەو مادەیە نەگووت و روونکردنەوەیان نەدا،تا ئەو کاتەی پڕۆژەکە بە دەنگی بەڵێی حەفتا و هەشت ئەندام پەڕلەمان پەسند کرا و دواتر ناڕەزایەتی خەڵکی بەدوای خۆدا هێنا کە ڕوبەری ناڕەزایەتیەکە چوارچێوەی حیزبەکانی بڕیوە و خەریکە دەبێتە ناڕەزایەتیەکی میللی بۆ بەلاڕێ دابردنی ڕای گشتی فڕاکسیۆنەکان کەوتونەتە کێبڕکێ لە دەرکردنی ڕوونکردنەوە و ئەنجامدانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بۆ سەلماندنی ئەستۆ پاکی خۆیان.

راگەیاندنی فڕاکسیۆنەکان بەوەی کە ئەوان دژی ئەو مادەیە بووینە ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەوان هەلەیەکی گەورە و ناحەقیان بەرامبەر بە دەنگدەرانی خۆیان کردووە،ئەوەش دەسەلمێنێ کە پڕۆژەکەی حکومەت زیاتر لە داخوازی خەڵک نزیک بووە و عەدالەتی زۆرتری تێدا ڕەچاو کراوە کە لە بەرژەوەندی گشتی دابێت نەک بە تەنیا لە بەرژەوەندی توێژێکی دیاریکراوە.

ئەوەی جێی سەرنجە لەو مادەی خانەنشین کردنی ئەندامانی پەڕلەمان بڕگەیێک هەیە کە تێیدا هاتووە خانەنشین بوونی ئەندامانی پەڕلەمان ئیختیاریە واتا پەڕلەمانتاران دەتوانن خۆیان خانەنشین نەکەن و بگەڕێنەوە سەر کاری پێشووی خۆیان،ئەوە ئێستا پرسیارە گەورەکەیە کە پێویستە خەڵک لەو پەڕلەمانتارانەی بکات کە دەڵێن دژی ئەو مادەیە دەنگیان داوە کە ڕایبگەیێنن کە ئەوان دوای تەواو بوونی کاریان لە پەڕلەمان خۆیان خانەنشین ناکەن.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.