Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 00:41

بۆچی بەشداری نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی میونشن گرنگ بوو؟

لە کاتێکدا عەبادی خۆشحاڵ نییە بەو پێشکەوتنەی نێچیرڤان بارزانی لەڕووی دیپلۆماسییەتەوە
پیران ئه‌میر
#7
100%

 لەکاتێکدا عەبادی هەموو هەوڵێکی دەدا کە فەشەل بە پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بهێنێت، بۆ ئەمەش دەستی لەگەڵ چەند حیزبێکی کوردستانی تێکەڵکرد، بەڵام عەبادی خۆی شکستی خوارد لەبەردەم دیپلوماسییەتی نێچیرڤان بارزانی، کە وای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووبارە رێز لە پێگەی هەرێم بگرنەوە دوای ئەوەی بەهۆی ریفراندۆم و 16ی ئۆکتۆبەرەوە هەندێک نیگەرانییان بەرانبەر هەولێر بۆ دروستبوو.

کۆنفرانسی میونشن زۆر گرنگە، لەو کۆنفرانسەدا پرسە گرنگەکانی جیهان تاوتوێدەکرێن بە تایبەتی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتان، بەشداری سەرۆکوەزیرانی هەرێمیش لەو کۆنفرانسەدا سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە هەولێر توانی بەسەر هەولەکانی عەبادی سەرکەوێت، بەتایبەتی سەبارەت بە گەمارۆکان، چونکە ئەوەتا هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی لە پێگەیەکی بەرزدا کۆمەڵێک دیداری گرنگی ئەنجامداوە، هەر ئەمڕۆ سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریكا لە میونیخ کۆبۆوە، وەک هەموو لایەکیش دەزانن وەزیری بەرگری ئەمەریکا پێگەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی ئەمەریکا و جیهاندا هەیە، هاوکات ئاماژەیەکە ئەمەریکا رێز لە هاوپەیمانێتی هەرێم دەگرێت و ئومێدیان بە نێچیرڤان بارزانی هەیە ئەو هاوپەیمانییە بپارێزێت.

هاوکات نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ولتر لینر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبۆوە، ئەمەش گرنگی خۆی هەیە کە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە، هاوکات هەر ئەمڕۆ لە میونشن له‌گه‌ڵ ئورسۆلا فۆندێرلاین وەزیری بەرگری ئەلمانیا لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە کۆبوونەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە هەولێر بوو، وەک یەکەم وەزیر دوای ریفراندۆم هاتە هەولێر.

دیدار و کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی زۆر گرنگ بوون، لە کاتێکدا عەبادی خۆشحاڵ نییە بەو پێشکەوتنەی نێچیرڤان بارزانی لەڕووی دیپلۆماسییەتەوە، وێڕای ئەم کۆبوونەوانە له‌گه‌ڵ ئاننە ئەریكسن وەزیری دەرەوەی نەرویژیش تاوتوێی رەوشی سیاسی عێراق و ناوچەکەیان کرد. هاوکات نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا دیداری ئەنجامدا، ئەمەش لەڕووی دیپلۆماسییەوە بە پێشکەوتنێکی دیکە دادەنرێت، چونکە پەرلەمانی ئەڵمانیا کاریگەری گەورەی هەیە.

هەر ئەمڕۆ، له‌گه‌ڵ ئه‌نجلینۆ ئه‌لفانۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا و شاندێكی یاوه‌ری کۆبۆوە. لێرەدا دەتوانین بڵێین دیپلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە پێی ناوەتە قۆناغێکی دیکەوە، بەو پێیەی عەبادی و بەشێک لە حزبە کوردییەکان دەیانویست کێشەی گەورە بۆ کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی دروستبکەن، بەڵام نەیانتوانی و بەپێچەوانەوە گەمارۆکان لەسەر دەستی نێچیرڤان بارزانی دەشکێن.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.