Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 17:21

ئەگەر 16 ئۆکتۆبەر ڕووینەدابا

بۆ راستیەکە ناڵێن کە ئیوە خیانەتان لە خۆتان کردووە، ئەوە ئێوە نین کە وەپێش سوپای عێراق کەوتوون و لە تەلەفزیۆنیش دەڵێن کەرکوک ئارامە؟
ئاسۆ حاجی
#7
100%

ئەگەر خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر ڕووی نەدابا بە دڵنیایەوە تا ئێستاش کوردستان سەربەخۆیی ڕانەدەگەیاند بەڵام دەکەوتە قۆناغی دانوستاندن لە پێگەیەکی بەهێزەوە لەگەڵ حکومەتی عێڕاقی دەربارەی دیاریکردنی چوارچێوە و ئادگاری قۆناغی داهاتوو،دوو رۆژ دوای خیانەتەکەی 16 ئۆکتۆبەر و ڕادەستکردنەوەی کەرکوک بە هێزی داگیرکەری عێڕاق و سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ هاوڕێیەکم لەگەڵ دبلۆماتکارێکی ئەمریکایی دانیشت بووین و قسەمان دەربارەی لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە دەکرد ئێمە گلەییمان کرد و گووتمان کە ئەمریکا جارێکی دیکە خیانەتی لە کوردستان کردەوە ئەو دبلۆماتکارە ئەمریکایە گووتی:"بۆ راستیەکە ناڵێن کە ئیوە خیانەتان لە خۆتان کردووە، ئەوە ئێوە نین کە وەپێش سوپای عێراق کەوتوون و لە تەلەفزیۆنیش دەڵێن کەرکوک ئارامە؟". گووتی با شتێکتان بە ڕاشکاوی پێ بڵێم ئەگەر پێشمەرگە شەڕی کردبا با توشی شکانیش هاتبا،با لە سەنگەرەکان پاشەکشێی کردبا بەڵام شەڕی کردبا ئێستا ئەو تەلەفۆنانەی بۆ عەبادی دەچن و پیرۆزبایی سەرکەوتنی بە سەر داعش و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێڕاقی لێدەکەن، تەلەفۆنەکانی هەر بۆ دەچوون بەڵام داوای ڕاگرتنی شەڕیان لێ دەکرد".

شازدەی ئۆکتۆبەر تەنها ڕادەست کردنەوەی خاک نەبوو بە داگیرکەر بەڵکو تێکشکاندنی کەسایەتی مرۆڤی و کورد و غروریەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو کە ئەوەی دووەمیان ڕوبەڕوبوونەوەی زۆر زەحمەت ترە لەوەی یەکەم.

هەرێمی کوردستان کە لە هەموو ڕوێکەوە کەوتبووە سەر ڕاستەڕێی پێشکەوتن و بەهێزبوون لە دەرەوە و لە هەموو ئاستەکانەوە زیاتر وەک وڵاتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرا ئەوەش ئاماژەی ڕوونی خواستی نێودەوڵەتی بوو لە ئامادەییان لە مامەڵەکردن لەگەڵ کوردستانێکی سەربەخۆ،بەڵام 16 ی ئۆتۆبەر هەموو ئەو سەرکەوتنانەی بۆ شکستی سەربازی و سیاسی و دبلۆماسی و دەروونی و ئابووری بەرەواژی کردەوە تەنها لە پێناو جێبەجێکردنی ئەجێندای وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بە تایبەتیش ئێران لە پێناو پاشەکشێ پێکردنی حیزبێکی ڕکابەریان.

سەرانی خیانەتەکەی 16 ئۆکتۆبەر کە سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بنەماڵەی دامەزرێنەرەکەی جەلال تاڵەبانیین ئەوە هەردووکیان یەکێتی و تاڵەبانیەکان زەرەمەندی یەکەمی ئەو خیانەتەن چونکە یەکێتی لە هێزێکی سەرەکی هەرێمی کوردستان و عێڕاق ئیستا بە ئارستەی بوونە حیزبێکی لۆکاڵی و بچووک کە لە چەند گردێکی سولەیمانی گچکە بکرێتەوە،لە حاکمی موتەلقی سلێمانی و گەرمیان بۆتە تەنها ژمارەیەکی گووماناوی لە نێو چەند ژمارەیەکی دیکە و ئەگەریش هەیە هێشتا پارچە ببێ و هێزی سەربازی و هەواڵگەری و دارایەکەش لە ژێر دەستی بنەماڵەی تاڵەبانی دەربچێ.

خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر هۆکاری وەدیارکەوتنی گووتاری عێڕاقچیانەی میراتگرانی یەکێتیە هەر لە هاوپەیمانێتیەکەی بەرهەم ساڵح و نەوەکانی شاسوار عەبدولواحیدوە بگرە تا بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەگات،ئێستا خەریکە حیزبەکانی سلێمانی کێبڕكێ و ململانێ لە سەر ئەوە دەکەن کامەیان عێڕاقی ترە و لە عەبادی یان مالیکی ئێستا عامڕی و عەماڕیشی هاتە سەر نزیکترن.

کاڵبوونەوەی گیانی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە دەڤەری بن دەسەڵاتی موشتەقاتەکانی یەکێتی لە خزمەتی عێراقە بەڵام لە بەرژەوەندی وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکا نیە کە بە ئاشکرا و ڕاشکاوی ئەوە دەڵێن کە نایەنەوێ هەرێمی کوردستان لە بەرمبەر عێڕاق لاوازبکرێ و ئەجێندای ئێرانی سەرکەوتوو بێ کە تا ئێستا سەرکەوتووە.

ئێران کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە دەبێتە هێزی یەکەم لە بەرامبەردا ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپی لە پاشەکشێدان تا ئەو ڕادەیەیەی ناتوانن عەبادی کە بژاردەی ئەوان و ویستی ئێران بوو ناچاری بکەن مل بۆ داوا دەستوریەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات لە پێدانی شایستە دارایەکانی و کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.