Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:38

پارتی 26 ساڵە حزبی فەرمانڕەوایە.. بەڵام نەیانهێشتووە حوکمڕانی بکات

ئەم حزبە لۆكاڵانە بەتایبەتی دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان توانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەت بكات، بناخەی سیاسەتی حوكمڕانی لە سلێمانی لەبەریەك هەڵوەشاندەوە
100%

فەرهاد محەمەد
لەماوەی 26 ساڵی رابردوودا، لە هەرێمی كوردستان تەنیا چوار پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام دراوەو هەشت كابینەی حكومەت پێكهێنراوە، لە هەڵبژاردنی یەكەمدا پارتی دەنگی یەكەمی هێناوە، لە هەڵبژاردنی دووەم و سێیەمدا پارتی و یەكێتی بە یەك لیست بەشدار بوون و لە هەڵبژاردنی چوارەمیشدا كە لە ئەیلوولی 2013 بەڕێوەچوو، لەگەڵ ئەوەی بە دوو لیستی جیاواز بەشدار بوون و دیسان هەر پارتی دەنگی یەكەمی هێناوە.
ئاكامی ئەم چوار هەڵبژاردنە بێجگە لە دووبارەكردنەوەی ئەزموونی هەڵەی (50 بە 50) بە ناو و شێوازی جیاواز، نەك هەر گۆڕانكاری لە سیاسەتی حوكمڕانیی كوردستان دروست نەكردووە، بەڵكو هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن ژینگەی دژە حوكمڕانی و ئاستەنگ دروستكردن بۆ پیادەكردنی حوكمڕانی بە جۆرێك بووە كە هەموو حزبە سیاسییە بەشدارەكانی حكومەت بە شەرمەوە بەیانیان لەناو حكومەت بوون و بەشێك بوون لە حوكمڕانی، پاش نێوەڕۆش دەستیان كردۆتەوە بە پیادەكردنی سیاسەتی دژە حوكمڕانی و ئاستەنگ دروستكردن بۆ ئەوەی حوكمڕانی لە كوردستاندا پەك بخرێت.


قسەكردن لەسەر سیاسەتی حوكمڕانی و جیاكردنەوەی لە سیاسەتی حزبایەتی، بۆ ئەوەیە راشكاوانە بڵێین، شێوازی پیادەكردنی سیاسەت لەلایەن حزبەكانی كوردستانەوە، هیچ بوار و پانتاییەكی بۆ سیاسەتی حوكمڕانی نەهێشتۆتەوە، هەربۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگیری لەسەر سیاسەتی حوكمڕانی دەكات بۆ ئەوەیە خەڵكی كوردستانیش پیشانی جیهانی بدەن كە دەتوانن خۆیان بەڕێوەبەرن. كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەموو توانای خۆیەوە پشتگیری لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان دەكات و دەیەوێت بە هەر نرخێك بێت ئەم دوو دامەزراوەیە وەك سیستمی بنەڕەتیی حوكمڕانی لەكوردستاندا بمێننەوە، ئەوا لەناو گێژاوی سیاسەتی هەڵەی دژە حوكمڕانی حزبە لۆكاڵەكانی سلێمانیدا، پارتی یەكسان بووە بە حوكمڕان و ئەوەشی پشتگیری لە حكومەت و پەرلەمانی خۆی بكات، وەك پارتی دیموكراتی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.


ئەو حزبە لۆكاڵانەی كە تەنیا لەسەر ئاستی سلێمانی كاریگەرییان هەیە، وەك (بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و باڵی سلێمانی یەكگرتووی ئیسلامی و بەمدواییەش قەوارەكەی بەرهەم ساڵح) بە تەواوەتی گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە نە دەبنە حزبی یەكەم لە هەڵبژاردنەكاندا بۆ ئەوەی ببنە حزبی فەرمانڕەوا و حوكمڕانی بكەن، نە دەشتوانن حوكمڕانی بكەن، بۆیە ئامانجیان ئەوەیە هەرچەندی بۆیان دەكرێت، رێگە نەدەن لە كوردستاندا حوكمڕانییەكی نیشتمانی هەبێت و حوكمڕانی كوردستان بكات.


ئەم حزبە لۆكاڵانە بەتایبەتی دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان توانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەت بكات، بناخەی سیاسەتی حوكمڕانی لە سلێمانی لەبەریەك هەڵوەشاندەوە، ئەوا وەك دەبینین لەماوەی كەمتر لە دوو ساڵدا دووجار پارێزگاری سلێمانی دراوەتە بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام ناتوانن حوكمڕانی بكەن، یان لانیكەم سیاسەتێكی حوكمڕانی بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگای سلێمانی دابڕێژن، بە پێچەوانە، پارێزگاری یەكەمیان دوای چەند مانگێك دەستی لە كاركێشایەوە، ئەمەی دووەمیشیان كە ئێستا پارێزگاری سلێمانییە تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی هەڵنەگرتووە كە پیشانی بدات توانای ئەوەی هەیە لە حوكمڕانییەكەی سەركەوتوو بێت، لەمەش خراپتر ژینگەیەكی ئەوتۆی دژە حوكمڕانی لە سلێمانی دروستكراوە، كە بە ئاسانی نەتوانرێت پرۆسەی حوكمڕانی لەو شارەدا راست بكرێتەوە. ئەوجا بۆ شاردنەوەی شكستی حوكمڕانی لەو شارەدا، حزبە لۆكاڵەكان ئۆباڵی هەموو شكستەكانی خۆیان دەخەنە ئەستۆی پارتی و بە سیاسەتی دژە حوكمڕانی پەردەپۆشی دەكەن.
دیارە یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە بە كردەیی سەركەوتن و شكستی حوكمڕانی ئەو دەڤەرە رووی ئەو دەگرێتەوە، زۆر باش دەزانێت لەو ژینگە ئاڵۆزەی ئەو حزبانە دروستیان كردووە، بە ئاسانی بۆی راست ناكرێتەوە، بۆیە جۆرێك لە بێدەنگی و خۆگونجاندنی لەگەڵ ئەو ژینگە ئاڵۆزە هەڵبژاردووە و بە بیانووی ئەوەشی كە ژینگە و بارودۆخی ئەو ناوچەیە جیاوازە و دەبێت رەچاوی باری تایبەتی یەكێتی بكرێت، بەمەش گلەیی و گازندەكانی پارتی لە خۆی دوور خستۆتەوە.


پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەم قۆناخەدا بۆتە پێشەنگ بۆ پاراستنی شەرعییەتی حوكمڕانی لە كوردستان و بەشی هەرە زۆری تەحەددییەكانی حكومەتی بەغدای خستۆتە سەر شانی خۆی، دەبێت ئاگاداری ئەوەش بێت كە پارێزگاریكردن لە شەرعییەتی حوكمڕانیی كوردستان و هەوڵەكانی بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم حوكمڕانی و گۆڕینی ئاراستەی زاڵی سیاسەتی دژە حوكمڕانی بۆ پشتگیری تەواوی خەڵكی كوردستان بۆ حوكمڕانی كوردستان، كارێك نییە بە تەنیا تێیدا سەركەوتوو بێت، دەبێت ئاگاداری ئەوە بێت، ئاراستەی زاڵی سیاسەتی دژە پارتی كە بە دژە حوكمڕانی بانگەشەی بۆ دەكرێت، بە ئاستێك شەرمی نیشتمانی هەڵماڵیوە كە ئەو حزبە لۆكاڵانە بە پشتگیری ئەو خەڵكانەی كە لەناو یەكێتی نیشتمانی-شەوە لەگەڵ ئەوان یەكدەگرنەوە، كە بۆ دژایەتی پارتی و هەڵوەشانەوەی حكومەتی كوردستان سڵ لە هیچ كار و كردەوەیەكی نانیشتمانییانە نەكەنەوە.


پارتی بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخەی ئێستا و چارەسەركردنی كێشەكانی حوكمڕانی و هەوڵدان بۆ چارەسەكردنی كێشە سیاسی و ئابوورییەكان، پێشنیاری ئەوەی بۆ حزبەكانی كوردستان كردووە كە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە هیچ حزبێكی سیاسی لە كوردستاندا بە دەنگ پێشنیارەكەی پارتییەوە هات بۆ ئەوەی زەمینەی هەڵبژاردن خۆش بكرێت و سندوقەكانی دەنگدان هەموو كێشە و قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكان چارەسەر بكات؟ بێگومان واقیعی ئێستای كوردستان پێمان دەڵێت، حزبە سیاسییەكان نەك هەر بەدەنگەوەهاتنیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە پیشان نەداوە، بەڵكو دۆزینەوەی بڕوبیانووە جیاوازەكانیان ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەتا ئەگەر بارودۆخی كوردستان ئاساییش بێت و هیچ گرفتێكی نائاسایی لە كوردستان نەیەتە پێشەوە، ئەوا ئامانجیان ئەوەیە رێگە نەدەن لەدوای تەواوبوونی ماوەی درێژكراوەی پەرلەمانیش لە ئەیلوولی داهاتووش هەڵبژاردن بكرێت.


بەڵام ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین كە هیچ چارەیەك نییە و دەبێت لە ئەیلوولی داهاتوو هەڵبژاردن بكرێت، دیارە پارتی بەوجۆرە سەیری ئەم هەڵبژاردنە دەكات، وەك هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، یان بە مانایەكی دیكە بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم حوكمڕانی لە كوردستاندا، ئەمەشی گرێداوەتە بەوەی ئەگەر پارتی نەشتوانێت زۆرینەی رەهای دەنگەكانیش بەدەست بهێنێت، ئەوا پارێزگاری بە دەنگەكانی ئێستایەوە دەكات و لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەكی تازە حكومەت پێكدەهێنێت و بەرنامەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەخاتە واری كردارییەوە، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر پارتی بە تەنیا ریژەی 1+50%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بواری ئەوەی پێدەدرێت كە خۆی حكومەت پێكبهێنێت و ئەو سیاسەتی حوكمڕانییەی دایدەڕێژێت، دەتوانێت بە سەركەوتوویی جێبەجێی بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەزموونی 26 ساڵەی حوكمڕانی لە كوردستان دەیداتەوە بەوەی مەحاڵە ئەو حزبە لۆكاڵانەی سلێمانی بواری ئەوە بدەن كە نەك هەر پارتی سیاسەتی حوكمڕانی خۆی پیادە بكات، بەڵكو رێگەنادەن سیاسەتێكی سەركەوتووی حوكمڕانی لە كوردستان بوونی هەبێت.


لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تێگەیشتنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی دەسەڵات لە نێوان پارتی و یەكێتی كە لە ساڵی 1998 لەچوارچێوەی رێككەوتنی واشنتۆن ناوبژیوانیی نێوان پارتی و یەكێتی كردووە، دەبینین ئەو رێككەوتنە وەك قۆناخی یەكەم ئەوەی بە كێشە نەزانیوە لە هەرێمی كوردستان دوو ئیدارەی (هەولێر و سلێمانی) بوونی هەبێت، بەڵكو ئەوەی لە تێگەیشتنی ئەو رێككەوتنە بۆ چارەسەری كێشەی دەسەڵات لەنێوان یەكێتی و پارتی بە گرنگ زانراوە، كە ئیدارەی (هەولێر و سلێمانی) ببنە دوو بازنەی پەرەپێدانی سیاسی بۆ دروستبوونی دوو شێوازی جیاوازی سیاسەتی حوكمڕانی، بۆ ئەوەی سیاسەتی دژە حوكمڕانی كۆتایی پێبێت، ئەمەش مانای ئەوەیە رێككەوتن و پێكەوە كاركردن لە نێوان دوو سیاسەتی جیاوازی حوكمڕانی دروست دەبێت، كە ئەمەش لە چوارچێوەی رێككەوتنی ستراتیژی پارتی و یەكێتی بەدیهات، بەڵام ئەوەی هەرگیز لە نێوان سیاسەتی حوكمڕانی و سیاسەتی دژە حوكمڕانی پێكەوە كاركردن و رێككەوتن دروست نابێت، بە زۆریش دروست بكرێت، ئاكامەكەی وەك رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان دەبێت كە بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم كردیان.


رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی لەگەڵ ئەوەی لە تێكەڵكردنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی بە رووكەش سەركەوتوو بوو، بەڵام خاڵی لاوازی ئەو رێككەوتنەش لە گەوهەردا، هەڵوەشانەوەی ئەو دوو ئیدارەیە بوو لە چوارچێوەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ئەمەش لەبەر ئەوەی چەمكی ئیدارە چەمكێكە بۆ بەڕێوەبردن و كارگێڕی، نەك ئاماژەیەكی سیاسی بۆ دابەشكردنی كوردستان، هەر بۆیە هەر لەكابینەی پێنجەمدا چەند ئیدارەیەكی دیكە وەك (ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و سۆران) دامەزران، بۆیە لەبری هەڵوەشانەوەی ئێدارەی (سلێمانی و هەولێر) دەبوو جۆرێك لە ئیدارەی لامەركەزی زیاتر بكرێت، هەر بۆ نموونە ئیدارەی هەولێر تەنیا ئیدارەی هەولێری بكردایە و دهۆكیش ئیدارەی خۆی هەبوایە، سلێمانیش ببوایە بە ئیدارەیەك لەگەڵ ئیدارەكانی گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین، پاشان هەردوولا پارتی و یەكێتی حكومەتێكی هاوبەشیان پێكبهێنایە بۆ چاودێریكردن و بەڕێوەبردنی كۆی ئیدارەكانی كوردستان، خۆ ئەگەر ئەمە بكرایە، ئەوا بوار بۆ ئەوە دروست نەدەبوو كە خوالێخۆش بوو نەوشیروان مستەفا، لەسەر بنەمای سیاسەتی دژە حوكمڕانی كۆمپانیایەك بۆ بەرهەمهێنانی چەمكی دژە حوكمڕانی بەرهەم بهێنێت و سەرەنجامیش ئەوەی پێی كرا لە زۆنی سلێمانی و راپەڕین و گەرمیان، بە جۆرێك بووە كە بارودۆخەكەی بە جۆرێك ئاڵۆز كرد، كە نەتوانرێت باس لە سیاسەتی حوكمڕانی بكرێت.


پارتی دیموكراتی كوردستان دەمێكە خۆی ئەو راستییەی ئاشكرا كردووە كە حوكمڕانی لە كوردستاندا بە بێ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناكرێت و یەكێتیش گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە بەبێ پارتی حوكمڕانی لەكوردستاندا ناكرێت، لەگەڵ ئەوەی ناكرێت گەیشتنی هەردوولا بەم قەناعەتە لەیەك تای تەرازوودا بەراورد بكرێت، لەبەر ئەوەی قەناعەتی پارتی كە دەڵێت بەبێ یەكێتی حوكمڕانی كوردستان ناكرێت، ئەگەر قەناعەتی هەموو ئەندامەكانی پارتیش نەبێت، ئەوا هەیكەلەی رێكخستنی پارتی بەو جۆرەیە دەبێت هەموو ئەندامانی پێوەی پابەند بن و پێوەی پابەندیش دەبن، بەڵام هەیكەلەی رێكخستنی یەكێتی پێشتریش بەو جۆرە بووە كە مەرج نییە ئەو قەناعەتەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی هەیەتی، رەنگدانەوەی قەناعەتی هەموو سەركردایەتی و ئەندامانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت، بۆیە ئەمە گرنگە و دەبێت یەكێتی بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ قەناعەتەكەی پارتی دەكات و پارتیش دەبێت بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ قەناعەتەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەكات.


ئەوەی بۆ پارتی گرنگە لەم هەڵبژادنە بەدەستی بهێنێت، لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم حوكمڕانی كوردستانە، ئەوجا لەمەش گرنگتر دەستنیشانكردنی ئەو میكانیزمەیە كە ئەو ئاستەنگانەی پێ لادەبرێت، بێگومان ئەو ئاستەنگانەش بەوە لادەبرێن كە پارتی و یەكێتی پێكەوە لەسەر نەخشەڕێگەیەك رێكبكەون كە ئیدارەی شارەكانی كوردستان لەسەر بنەمای پشتگیری بۆ حوكمڕان و هەڵەتەكاندنی سیاسەتی دژە حوكمڕانی دووبارە پێناسە بكەنەوە، ئەوجا ئەگەر دوای هەڵبژاردن بڕیاریان دا پێكەوە حكومەت دروست بكەن و مەبەستیان بوو لایەنەكانی دیكەش بەشداری پێبكەن، ئەوا دەبێت حكومەتی داهاتوو لەسەر ئەو بنەمایە پێكبهێنرێتەوە كە ببێتە چاودێر و حەكەم بەسەر كۆی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی لەشارەكانی كوردستاندا، لەم حاڵەتەشدا كە زۆنگاوی پۆخڵی دژە حوكمڕانی بە سیاسەتی پشتگیری بۆ حوكمڕانی پڕدەكرێتەوە، ئەوا پارتی دەتوانێت نموونەی حوكمڕانیی خۆی پیشانی حكومەتی كوردستان بدات، یەكێتیش دەتوانێت نموونەی حوكمڕانی خۆی پیشانی حكومەتی كوردستان بدات، هەردوو نموونەكەش لەبەر ئەوەی دوو شێوازی سیاسەتی حوكمڕانین، سەرەنجام سیاسەتی حوكمڕانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پتەوتر دەكات.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.