Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:02

 19ساڵ راستگۆیی وبه‌رپرسیاریه‌تیی بۆ گه‌یاندنى په‌یامى نه‌ته‌وه‌یه‌ک

هەر لە دەسپێكی دامەزراندنیەوە، رەچاوی بە دروستی هەست و چاوی بینەرانی كردووەو هەوڵی ئەوەی داوە متمانەی بینەرانی لەدەست نەدات
100%

ئه‌مرۆ راگه‌یاندن وه‌ك ده‌سه‌ڵات و زمانێكى كاراو به‌هێزه‌ بۆ گه‌یاندن په‌یامى رووداو و پێشهاته‌كان بۆ ده‌سه‌ڵات و نێو ماڵى هه‌ر تاكێك . له‌ هه‌مووشى گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و په‌یام و هه‌واڵانه‌ به‌راستگۆیی و دوور له‌ چه‌واشه‌كارى بگاته‌ شوێنى مه‌به‌ست. نۆزده‌ ساڵ لەمەوبەر یەكەمین كەناڵی ئاسمانی لە كوردستان بە ناوی "سه‌ته‌لایتى كوردستان بەزمانی زگماكی كوردییەوە دەستی بە پەخشی خۆی كرد، ئەم كەناڵە بەدەستكەوتێكی مێژوویی لە رۆژنامەگەریی كوردیدا دادەنرێت، بۆ یەكەمین جار لە ڕێی وێنەوە كوردو كەلتوورو فەرهەنگ و خەباتە مێژووییەكەی كوردستانی نیشانی هەموو دنیا دا، بەرادەیەك لەو سەردەمەدا سنوورە پۆڵاینەكانی تێكشكاندوو ناسنامەی نەتەوەیەكی بەجیهانی دەرەوە ناساند. كوردستان تیڤی بوو لە نێوان هەرچوار پارچەی كوردستان و رەوەندانی كوردی وڵاتانی ئەوروپا، بەمەش ئەم سەتەلایتە بە یەكەمین كلیلی كردنەوەی یەكەمین دەرگا دادەنرێت لە گەیاندنی رەنگ و دەنگی رەسەنانەی كوردستانی بۆ سەرتاپای جیهان گواسته‌وه‌ ، ئەمە لە كاتێكدا خەڵكی لەكوردستان لەو سەردەمەدا چاوەڕوانی گۆڕانكاریی گەورە بوون لەهۆیەكانی راگەیاندندا؛ كوردستان تیڤی لە رێگای بەرنامەكانیەوە توانیویەتی میدیای كوردی لە قۆناغی لۆكاڵی تێپەڕێنێت بەرەو میدیای گڵۆباڵ هەنگاوی پێ بنێت، ئەمەش خۆی لەخۆیدا پەرەپێدانێك بووە لەمیدیای كوردستانی و دەكرێت بە وەرچەرخانێك دابنرێت لەناو هۆیەكانی راگەیاندنی كوردیدا، كە لەماوەیەكی زۆر كەمدا بە بەهێزێتی كارایی خۆی سەلماندووە، دواتر بوو بە سەكۆیەك بۆ وتووێژكردنی نێوان بۆچوونە جیاوازەكان و گوێ بۆ دەنگە جیاوازەكانیش ڕابگرێت و بە بێ جیاوازی لە نێوان هەموو ئیتنی و ئاینزاو بیروڕا جیاوازەكانی گەلی كوردستان گرنگی دا بە كوردانی هەرچوار پارچەكەی كوردستان.

 هه‌ر  لەسەرەتای پەخشیى سه‌ته‌لایتى كوردستانه‌وه‌  بەحەوت زمان و زاراوە بەرنامەكانی پەخش دەكردەوە، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ گەیاندنی پەیامە نەتەوەیی و نیشتمانیی و گرنگیدان بە دۆزی ره‌واى  كوردو ئەزموونەكەی بە گشتی، ئێستاش ئەم كەناڵە نەزمی تایبەتی خۆی هەیە بۆ نەزمی بونیادنانی نەتەوە، كە ئەمەش بە سەرلەنوێ دروستكردنەوە دەناسرێت، لە ماوەی پاش خەباتی چەكداری، ئەم نەزمەی كاركردن بەسەر ئەو وڵاتانەدا جێبەجێ دەبێت كە لە ململانێی توندی وڵاتانی داگیركارەوە دەردەچن، هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی ئەو وڵاتانە پێویستی بە پرۆسەی سەرلەنوێ بونیادنانەوە هەیە لە بنچینەوە تا دەگاتە لوتكە، لەو حاڵەتەدا ئەركی كەناڵی ڕاگەیاندن جەخت كردنەوەیە لەسەر بایەخدان بە دامەزراندنی دامەزراوەی حكومیی توانادار لەسەر مانەوەو خودبژێوی و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن بە شێوازێكی دیموكراتیانە، بۆ ئەم مەبەستەش كەناڵێكی ئاسمانی بەرپرسیارانەی وەك كوردستان تیڤی دەچێتە ناو چوارگۆشەی یەكەمی ستراتیژی گەشەپێدانی نیشتمانی كوردستان بۆ بەهێزڕاگرتنی قەوارەی نەتەوەیی كوردی و هەموو نەتەوەو ئاینزاكانی تری لە كوردستاندان..
سەتەلایتی كوردستان تیڤی لە رێگای ژماره‌یه‌ك  رۆژنامەنووس و كارمه‌ندى دڵسۆز و بەتواناوە بەبەردەوام لەهەوڵی گەیاندنی راستیەكاندا بووەو ئامانجی دوور مەوداشی هەبووە، بەشێوەیەك لەگواستنەوەی دەنگ و باس و هەواڵەكانیدا و لە مامەڵەكردن لەگەڵ رووداوەكاندا بووێرانە لە كاردا بووە و رەچاوی بەرژەوەندی گشتیشی كردووە، هەر ئەمەشە وایكردووە لەهەموو ئەو راپرسیانەی لەچەند ساڵی رابردوو ئەنجامدراون، كوردستان تیڤی لەریزی پێشەوەی ئەو دەزگایانەدا بووە كە رەچاوی راستگۆیی و پرەنسیپەكانی رۆژنامەگەریی كردووە.


سه‌ته‌لایتى كوردستان ،هەر لە دەسپێكی دامەزراندنیەوە، رەچاوی بە دروستی هەست و چاوی بینەرانی كردووەو هەوڵی ئەوەی داوە متمانەی بینەرانی لەدەست نەدات و بوێرانە بە پابەندبوونی بە بەهاكانی مرۆڤایەتییەوە ڕووماڵی هەواڵ و ڕووداوەكانی دوور لەناوزڕاندن و لەكەداركردن بڵاوكردونەتەوە، ئەمەش لەو روانگەیەوە هاتووە.راگەیاندنی باش راستیەكان بڵاودەكاتەوە دوور لەناوزڕاندن و لەكەداركردن؛ هەروەها خۆی بە دوور دەگرێت لە بڵاوكردنەوەی زانیاری چەواشەكارانە ، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ببێته‌ جێى بایه‌خ و متمانه‌.

.
ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی 18 ساڵ له‌  دامه‌زراندنى كوردستان تىڤى  رۆڵی خۆی لەگەیاندنی خواست و ویستەكانی خەڵكی هەیە بۆ حوكمڕانی باش، هەربۆیە لە رێگای داتابەیسەوە پێوەندییەكانمان لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەكان و شارەزایان و رۆژنامەنووسان و بەرپرسان بەهێزتر كردووە، تاوەكو نەك تەنیا ببینە پردێك بۆ گەیاندنی هەواڵ و راستییەكان بەڵكو بەشێكیش بین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەو گرفتەكان، ئەمڕۆ كوردستان تیڤی كەناڵێكی سەرەكی هەموو خەڵكی كوردستانە بێ جیاوازیكردن بەوەی سەر بە چ پارتێكی سیاسییە یا ئایدیۆلۆژیی چییە، بەڵگەش بۆ ئەمە بەبەردەوامی لەهەموو بیروبۆچوون و ئاینزاو لایەنێك خەڵكانی بەئەزموون و شارەزا بانگهێشتی بەرنامەكانمان كراوەو دیدیان جیاواز بووەو كاریگەریی لەسەر شرۆڤەی سیاسی و رووداوەكان هەبووە.

 


هه‌روه‌ها كه‌نالى سه‌ته‌لایتى كوردستان  وەكو قوتابخانەیەك وابووە لە پێگەیاندنی باشترین بێژەرو پێشكەشكارو پەیامنێر كە بەبڕبڕەی پشتی هەموو كەناڵێكی سەركەوتوو دادەنرێن، ئەمە جگە لەوەی راستەوخۆ پێوەندییان بەخەڵكەوە هەیە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانیان. ئەمە لایەنێكی گرنگی ئامانجی كاری رۆژنامەگەرییە كە تەنیا وروژاندنی بابەت و كێشەكان نییە بەڵكو ئەركی گەیاندنی كێشەو گرفتەكانیشە بۆ لایەنی پێوەندار تاوەكو كەناڵەكە لەچوارچێوەی دامەزراوەكانی تری ناو كۆمەڵگە رۆڵیان لەچارەسەركردنی كێشەكان هەبێت و بە هیمەتی هەمووان خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت.هه‌روه‌ها لە رووی مێژوویشەوە كوردستان تیڤی پێناسەی خۆی لەگەڵ بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان دانەبڕیوەو بەبەردەوامی لەیادە مێژووییەكاندا ئامادەیی هەبووەو هەیەو پێوەندی توندوتۆڵیشمان لەگەڵ نووسینگەو پەیامنێرەكانی ناو هەرێم و دەرەوەو وڵاتانی بیانیدا هەیە، چونكە میدیا بەبەردەوام لەوەرچەرخانی گەورەو نوێدایە هەربۆیە ئێمەش زۆر بەپێویستمان زانیوە كوردستان تیڤی پلان و دیدی تازەی بۆ ئەم قۆناغە هەبێت بەتایبەت لەكاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كات رێگر نەبووە لەبەردەم ئازادییەكاندا بگرە رۆڵی لەفراوانكردنی پانتایی ئازادیی میدیایدا هەیە.

له‌ پێناو گه‌یاندنى ده‌نگ و ره‌نگى  راستیی و ره‌وایی میلله‌ته‌كه‌مان و روماڵ و گواستنه‌وه‌ى  كه‌ناڵى سه‌ته‌لایتى كوردستان وه‌ك پێشمه‌رگه‌ی پێشه‌نگ بووه‌ بۆ گه‌یاندنى راستییه‌كان ، قوربانیی زۆرى به‌خشیووه‌ و ئاماده‌ى قوربانیدانه‌ و له‌و رێگه‌شه‌دا چه‌ند شه‌هید و بریندارى پێشكه‌ش به‌ نیشتیمان كردووه‌ ،سڵاو له‌ گیانى پاكیان وئه‌وان به‌ خوێنى ئاڵیان و ماندبوونى به‌رده‌وامیان رێگه‌یان نه‌دا ئازادى و راستگۆیی و نیشتیمان دۆستیان پیشانى هه‌موو جیهاندا .

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.