Erbil 15°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 19:48

ئایندەی کوردستان لە دیدی بەرهەم ساڵحەوە

سەرۆکی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری بەو نەفەسە عێڕاقچیەی گووتارەکەی پێ نووسیوە،
ئاسۆ حاجی
100%

بەرهەم ساڵح لە گووتارێکیدا دیدی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێڕاق دەخاتە ڕوو،تێیدا بە ڕوونی ستڕاتیژیەت و فەلسەفەی کارکردنی هاوپەیمانێتیەکەی ڕووندەکاتەوە کە ڕووانینێکی کۆنی تازەیە لە فۆڕم و کارکردندا،هێنانەوەی بیری ئەو حیزبە شمولیانەیە بە تایبەتی حیزبی شیوعی عێڕاقی و حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتڕاکی کە لای ئەوان عێڕاق لە فاوەوە تا زاخۆ یەک وڵات و گەلە و جیاوازی لە نێوان هەولێریێک و بەسڕایێک نیە و هەردووکیان دەبێ ملکەچی ئیڕادەی دەوڵەت بن و دەوڵەتیش بە یەک تەرازو مافەکانیان بەسەر دابەش بکات.

بەڕای من سەرکەوتنی ئەو بیرە سیاسیە کۆنە لە عێڕاق و نوێیە لە کوردستان لە ئایندەدا قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر مەترسی هەڵوەشانەوە و بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانیش کۆتایی پێدەهێندرێ و تەنها ئەوەی دەمێنێتەوە نەتەوەیێک بەناوی کورد لە سەر خاکی نیشتیمانی عێڕاق وەک خەڵکێکی ڕەسەن کە مافی پارێزگاری لە نەژاد و کلتورەکەیان پێ ڕەوا دەبیندرێ وەک هیندیە سۆرەکانی ئەمریکا و میللەتی سامی لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا و میللەتی ماری لە ئوستڕالیا و نیوزلەندا کە زیاتر وەک کەرستەیێکی کۆن و دێرین تەماشا دەکرێن و مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ.

سەرۆکی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری بەو نەفەسە عێڕاقچیەی گووتارەکەی پێ نووسیوە،لە خستنە ڕووی چارەسەری کێشەکان کە هەمووی بە پرسی ئابووری و بنەبڕکردنی گەندەڵی بەستۆتەوە و تەواو دوورکەوتۆتەوە لە پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلی کوردستان کە سەت ساڵە خەباتی لە پێناو دادەکرێ و چارەسەرنەکردنی پرسەکە عێڕاقی بەو ڕۆژە گەیاندووە،کاتێک لە گووتارەکەیدا بە ڕوونی داخوازیەکانی کەسێکی سلێمانی و هەولێر جیاناکەتەوە لە ئەنباڕیێک یان بەغدایێک" خواستەكانی چاكسازی لەسلێمانی و هەولێر تەواو هاوتایە لەگەڵ هەمان ئەو خواستانە لە بەصرەو ئەنبارو بەغدا. سەركەوتنی ئەم چاكسازییەش بەستراوە بەچارەسەری گشتگیر كە بتوانێت بەردەوامی قەیرانەكان لەعیراقدا كۆتایی پێ بهێنێت" .

بەرهەم ساڵح کە لەو گووتارە مافی بەخۆداوە بەناوی زۆرینەی کورد قسە بکات بەڵام روونی نەکردۆتەوە ئەو مافەی لە کوێ وەرگرتووە چونکە حیزبەکەی ئەو کە ئینشیقاقی لە یەکێتی کردووە لە پەڕلەمانی کوردستان لە کۆی سەت و یازدە ئەندام تەنها دوو پەڕلەمانتاری یەکێتی ڕەگەڵ هاوپەیمانێتیەکەی کەوتوون،ئەگەر مەبەستیشی لەو هاوپەیمانێتیە بێت لەگەڵ کۆمەڵ و گۆڕان کە نۆبەرەکەی سەردانەکەیان بوو بۆ بەغدا کە پێدەچێ هەنگاوی یەکەمی بە کرداری کردنی دیدەکەی دکتۆر بەرهەم بێ ئەوە هەر زۆرینەی دەنگەکانی هەرێمی کوردستان پێک ناهێنن،خۆ ئەگەر وا بووایە بە دڵنیایەوە بە دەست و دیاری هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی ئینقازی دەچوونە بەغدا کە بەدڵنیایەوە ئەو کات باشتر پێشوازی دەکران،بۆیە سەیرە بەناوی زۆرینەی کورد بڕیار لە کۆتایی هاتنی پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان دەدا بەوەی گەلی کورد حوکمڕانی ڕەشیدی بەغدا دەخەنە پێش داخوازیە نەتەوەییەکانیان !" وادیارە بۆ یەكەمجارە لەمێژوی هاوچەرخی دەوڵەتی عیراقدا، زۆرێك لەكورد، داخوازی چاكسازی ناوخۆیی و حوكمڕانی رەشید دەخەنە پێش دروشمە نەتەوەییەكانەوە. ئەمەش گۆڕانكارییەكی زۆر گرنگه و پێویستە بەووردی خوێندنەوەیەكی راستی بۆ بكرێت تا چارەسەری پێویست بدۆزرێتەوە بۆ هەموو عیراق".

ئەو گۆڕانکاریە گرنگەی لە داخوازیەکانی کورد داهاتووە بەوەلاوە نانی خەباتی سەت ساڵەیان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بە ئیرادەی خۆیان بەرهەم ساڵح داوادەکات کە دەسەڵاتدارانی عێڕاق خوێندنەوەی وردی بۆ بکەن کە ئەوەیان بە ئاشکرا داوای پاڵپشتی و هاوکاری کردنە لە بەغدا بۆ تەواوکردن و جێبەجێکردنی ئەو سزایانەی سەرۆکوەزیرانی عێڕاق لە بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و لە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڕیاری لێداون کە سادەترین و سەرەتاییترین مافە کە جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ دانیان پێدا ناوە و دیموکرسیانەترین ڕێگایە کە میللەتان هەڵیدەبژێرن بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان.

بەرهەم ساڵح لەوەش زیاتر دەڕوا و شۆڕشەکانی گەلی کوردستان لە سەت ساڵی ڕابردوو بە دەستی دەرەکی دەبەستێتەوە کە تەنها مەبەست لێی تێکدانی عێڕاق بووە " مێژوو سەلماندویەتی كە ئەگەر كورد لەرووی سەربازییەوە بشكێت، ئەوا لەشاخەكان كۆبونەتەوەو زۆرجار بەپاڵپشتییەكی دەرەكی دۆخەكە وەك خۆی بەردەوام بوە. عیراقیش هەر لەو چوارچێوە وێرانكارییەدا ماوەتەوە" لێرەدا دکتۆر بەرهەم وێڕای شێواندنی ڕاستەقینە مێژوویەکان و کەمکردنەوە لە بوون و مەزنی گەلی کوردستان کە تەنها وەک داردەستی دوژمنانی عێڕاق دەیان ناسێنێ ئەوە لایەنێکی گرنگی کەسایەتی خۆشی نیشان دەدات کە بەرمبەر مامۆستا و دروست کەری خۆشی بێوەفایە کە ڕەوانشاد مام جەلالە بەوەی کە بەهۆی ئەو شۆڕشە نەبوایە کە مامە جەلال و هاوڕێکانی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول هەڵیانگیرساند (شۆڕشی نوێ) ئەوە بەرهەم ساڵح نە دەبووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و نە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و نە جێگری سەرۆک وەزیرانی عێڕاقیش.

پەیامە ئەسلی و ئامانجە ڕوونەکەی بەرهەم ساڵح لە بەستنەوەی چارەنووسی کوردستان بە عێڕاق تا ئەو ئاستەی کورد تەنها وەک داواکارێک بێ لە بەر دەرکی بەغدا و تەنها شایەنی پاڕانەوەبێ بۆ ئەوەی بەغدا مافی بڕیاردان لە چارەنووسی پێبدا کاتێک داوا دەکات کورد واز لە هێزە دەرەکیەکان بهێنێ و بۆ بەغدا بگەڕێتەوە" مافی چارەی خۆنوسین مافێكی سروشتی كوردە، بەڵام ئەم مافە لەبەغدای پایتەختەوە بەدەست دێت، نەوەك ئەنقەرەو تاران و واشنتۆن" .

ئەو گووتار کە عەقڵیەتی کوردایەتی تێدا غایبە و تەواو لە بن هەژموون و حەز و خۆزگەی لەمێژینەیی فکری عەرەبی شۆڤینی نووسراوە تا رادەی بانگەشەکردن بۆ دەسکەوتەکانی عەبادی و زیاتر ناساندنی وەک پاڵەوان و فریادڕەسی عێڕاقیەکان بە کوردیشەوە ڕاگەیاندی پاڵپشتی هاوپەیمانەتیەکەی خۆی و کۆمەڵ و گۆڕانیشە بۆ دووبارەبوونەوەی بە سەرۆک وەزیران بە مەرجی سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی پڕۆسەی سیاسی نوێ لە عێڕاقدا " گرنگە ئاماژە بەو دەستپێشخەرییە بكەین كە سەرۆكوەزیران حەیدەر عەبادی بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی رایگەیاند. دەكرێت ئەم هەنگاوە بكرێتە سەرەتایەك، بەپێی میتۆدێكی یاسایی و زانستی، بۆ وەستانەوە بەرووی ئەو گەندەڵییە بڵاوەی لە پەیكەری دەوڵەت و بەرێوەبردنی سامانی گشتیدا هەیە. كۆتاییهێنانی بازنەی قەیرانەكانی عیراق پێویستی بەسەرلەنوێ پێكهێنانەوەی پرۆسەی سیاسی ئێستا هەیە".

پێکهێنانەوەی پڕۆسەی سیاسی نوێ لە عێڕاقدا لە دیدی بەرهەم ساڵح وەک لە گووتارەکەیدا هاتووە بە چارەسەکردنی ئەو ناروونیانە دێ کە لە دەستوری عێڕاقدا هاتوون و ئەو ناڕوونیانەش دەکاتە بەهانەیێک و دەیانداتە دەست بەغدا بۆ ئەوەی وەک کارێکی ئاسایی و پێداچوونەوە بە دەستووردا بکرێ،پڕۆسەی پێداچوونەوەش لێردا بەو مانایە دێ کە لەهەر شوێنێک پێویست بکات مادە دەستووریەکان بگۆڕدرێن یان هەمووار بکرێنەوە بەو شێوەیەی کە خزمەت بە پێکهێنانەوەی پڕۆسەی سیاسی ئیستا بکات "ئەو ناروونیەی لەهەندێ لە دەقە دەستورییەكاندا هەیەو ئەو خراپ جێبەجێكردنەی لەئەنجامی ئەزمونی رابردووەوە بینراوە، وادەكات كەپێداچونەوەی دەستور ئاسایی بێت" دکتۆر بەرهەم بەهۆی نزیکی لە هێزە عەرەبیەکان لە خەڵکی دیکە باشتر دەزانێ کە عەرەب بە سونە و شیعەوە بۆ دەرفەتێک دەگەڕێن کە بە دەستور دابچنەوە و ئەوەی ئەوان پێیان وایە کە مافی کورد بەزیادەوە و لە ژێرکاریگەی هێزی داگیکەر لە دەستورەکە جێگیرکراوە هەمواربکرێنەوە و کورد و مافەکانیان لە چوارچێوەی دیدی عەرەبەوە جێیان بۆ بکرێتەوە.

ئەو دید و فەلسەفەی بەرهەم ساڵح بە دڵنیایەوە لە سەر ئاستی عێڕاق و ناوچەکە پێشوازی لێدەکرێ و تا لە هەڵبژاردنەکان نزیک بینەوە ئەوە ماکینەی میدیایی عێڕاقی و وڵاتانی درواسێی عێڕاق و ئەو میدیایانەش کە بەو ئاراستەیە بزاڤ دەکەن هەموو تواناکانیان بۆ تەرجومەکردن و خوردکردنەوەی ناوەڕۆکە ئەسلیەکەی تەرخان دەکەن و ڕەنگە دکتۆر بەرهەمیش ناوی بچێتە ناو ناوی ئەو قارەمانانەی کە یەکپارچەیی عێڕاقیان پاراست و نەیانهێشت نیشتیمان پارچەبکرێ و پیلانی دوژمنانی عێراق سەربگرێ.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.