ئێران وه‌كو وڵاتێكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خاوه‌ن درێّژترین مێژوو و ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تدارییه. له پاڵ ئه‌مه‌یشدا ئێران وڵاتێكی فره ره‌نگ و پڕ پێكهاته‌یه. هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك كێشه و گرفتی تایبه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ رژێم و ده‌سه‌ڵاته جیاجیاكانی ئێران هه‌بووه، هه‌یه و ده‌بێت. پێشێل كردنی مافی ئاینزاكان، قه‌ده‌غه كردنی به‌جێ گه‌یاندنی فه‌ریزه ئاینییه‌كانی ئاینزاكان، گوشار خستنه سه‌ریان و هه‌روه‌ها رێگه نه‌دان پێیان بۆ ئه‌وه‌ی به ئازادی فه‌ریزه‌كانی خۆیانیان به جێ بگه‌ینن، به‌شێكن له كێشه و گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی ئاینزاكانی ئێران وه‌كو زه‌رده‌شتییه‌كان، به‌هاییه‌كان، ئه‌رمه‌نییه‌كان و مه‌سیحییه‌كان.
له پاڵ ئه‌م كێشانهیشدا كێشه‌ی پێكهاته قه‌ومی و ئه‌تنیكییه‌كان له ئێران‌دا له سه‌ره‌تای مێژووی ههخامهنشییهكانهوه تا ئه‌مڕۆ، هه‌بووه، هه‌یه و ده‌بێت. ناسنامه‌ی سه‌رده‌ست كه ناسنامه‌ی فارسییه و پشت ئه‌ستووره به ده‌سه‌ڵاتی رژیمی ئێران، به جۆرێك ناسنامه‌ی كه‌مایه‌تییه‌كانی دیكه‌ی ئێرانی چه‌وساندووه‌ته‌وه كه نه ته‌نیا له ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی ئێران‌دا دان به هیچ جۆره مافێكی ئه‌و كهمایهتییانهدا نه‌نراوه، به‌ڵكو زۆربه‌ی جارانیش ده‌ستوور رێگه‌ی بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كه‌مینه‌كان و پێشێل كردنی مافه نه‌ته‌وه‌ی، كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشیان خۆش ده‌كات.
كێشه‌ی هاوبه‌شی نێوان ئائینزاكان و كه‌مایه‌تییه قه‌ومی و ئه‌تنیكییه‌كان له ئێران، كێشه‌ی ماف و ئازادی، دان نان به جیاوازی ئاینی، ئه‌تنیكی و كه‌لتوورییه. ناسنامه‌ی ئائینی و ناسنامه‌ی ئه‌تنیكی و هه‌بوونی كه‌لتووری جیاواز له ئاین و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و كه‌لتووری فه‌رمی ئێران، له یاساكانی ئێران كه پشت ئه‌ستوورن به شه‌ریعه‌تی ئیسلامی، ئه‌گه‌ر قه‌ده‌غه‌یش نه‌كرابن ئه‌وا وه‌كو تاوان سه‌یریان ده‌كرێت و ئه‌و كه‌س یا ئه‌و پێكهاته و ئاینزایانه كه هه‌ر جۆره بانگه‌شه‌یه‌ك بۆ ناسنامه‌ی پێكهاته یا ئائینهكهیان بكه‌ن وه‌كو( مفسد فی الارض) یا نه‌یاری خوا، له قه‌ڵه‌م ده‌درێت و رووبه‌رووی سزای ئیعدام و زیندانی هه‌تا هه‌تایی ده‌بێته‌وه. چونكه رژێمی ئێران كه رژێمێكی شیعه‌ی 12ی ئیمامییه، زیاتر له رژێمه تۆتالیتاریستهكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌وڵی به‌رده‌وامی بۆ سه‌ركوت كردنی جیاوازییه ئه‌تنیكی و ئاینزاكان داوه و هێشتایش به‌رده‌وامه له‌سه‌ر ئه‌م هه‌وڵانه‌ی خۆی.
بۆ سه‌پاندنی ناسنامه‌ی سه‌رده‌ستی فارسی و ناسنامه‌ی ئاینی شیعه له‌سه‌ر پێكهاته و ئاینزاكانی دیكه، رژیمه‌كانی ئێران په‌روه‌رده، سیسته‌می په‌روه‌رده و ئامراز و ئاڵاوهكانی راگه‌یاندن و گه‌یاندنیان به‌كار هێناوه و تا راده‌یه‌كیش له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه. له پاڵ ئه‌مه‌یشدا رژێمه‌كانی ئێران به‌م رژیمه‌ی ئێستایشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاینزاكان و پێكهاته ئه‌تنیكییه‌كان هان بده‌ن ده‌ستبه‌رداری ئائینی خۆیان یا ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ببن، له داموده‌زگا فه‌رمییه‌كاندا جێگه و پێگه‌یان پێ داون و له بواری مادیدا هاوكاری كردوونه. ئه‌مه‌یش جۆره‌یه‌كی دیكه‌ی جاشایه‌تییه به‌ڵام جاشایه‌تی بۆ حاشاكردن له ره‌گ و ریشه و ناسنامه‌ی ئه‌تنیكی و ئائینی.
ئه‌وه‌ی له ئێران ناتوانین باسی لێوه بكه‌ین، هه‌بوونی ئازادی، مافی مرۆڤ، ئازادی گه‌یاندن و ده‌ربڕین، ئازادی هه‌ڵبژاردنی شێوازی ژیان و ئازادی بیر كردنه‌وه. ئه‌مانه كێشه‌ی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆی ئێرانن. به‌ڵام بێجگه له‌م كێشانه‌یش چه‌ند كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی دیكه هه‌ن كه بوون هۆكاری ئه‌وه‌ی تا ئاینزاكان و پێكهاته ئه‌تنیكییه‌كان نه‌توانن زیاتر بیر له‌م مافانه بكه‌نه‌وه و بۆ به‌ده‌سته‌وه هێنانیان تێ بكۆشن.
ئه‌م كێشانه، كێشه‌ی ئابووری، بێكاری و گه‌نده‌ڵی و فه‌سادی ئیدارییه. هه‌ر چه‌ند رژیمی ئێران سه‌ره‌ڕای گه‌مارۆ جیهانییه‌كان توانیویه‌تی تا ئه‌مڕۆ له بواری ئابووریدا خۆی له‌سه‌ر پێ بهێلێته‌وه، به‌ڵام كێشه‌ی هه‌ڵواسراوی زۆر گه‌وره‌ی ئابووری هه‌یه و به‌رپرسانی ئێرانیش باس له هه‌بوونی ئه‌م كێشانه ناكه‌ن.
یه‌كێك له كێشه ئابوورییانه كێشه‌ی گرانی نرخه. رێژه‌ی هه‌ڵاوسان به گوێره‌ی میدیا فه‌رمییه‌كانی ئێران له نێوان سه‌دا 20 بۆ سه‌دا 30یه، به‌ڵام چالاكڤانان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌م رێژه‌یه سه‌دا 40ی تێپه‌ڕاندووه. ئه‌م به‌رزبوونه‌وه له یه‌كه‌م خۆلی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆككۆماری پێشووی ئێران مه‌حموود ئهحمهدینهژاددا زۆر كه‌متر بوو به‌ڵام له ماوه‌ی 8 ساڵی حكومرانی ئهحمهدینهژاددا ئه‌م رێژه‌یه به‌رزبوونه‌وه‌ی به خۆیه‌وه بینی و له یه‌كه‌م خۆلی حكومرانی سه‌رۆككۆماری ههنوكهدا، حه‌سه‌ن روحانیشدا به‌رزبوونه‌وه‌كه به‌رده‌وام بوو و گه‌یشته ئاستی ئه‌مڕۆی خۆی. به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی ههلڵاوسان بووه‌ته هۆكاری به‌رز بوونه‌وه‌ی رێًژهی هه‌ژاری له ئێران.
كرێكارێك مانگانه 500 هه‌زار تمه‌نی ئێرانی وه‌رده‌گرێت، یه‌ك نانی هه‌ره ئه‌رزان 2 هه‌زار تمه‌نی ئێرانییه، ئه‌گه‌ر كرێكارێك خاوه‌ن دوو منداڵ بێت و كرێنشین بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ جۆره گه‌شت و مه‌سره‌فێكی دیكه بكات، تا سه‌ری مانگ پێویستی به 500 هه‌زار تمه‌نی دیكه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت، به شێوه‌ی بخۆ تا نه‌مری ژیان بكات. دۆخی فه‌رمانبه‌رانی ئێرانیش هه‌ر به‌مجۆره‌یه، ره‌نگه رێژه‌ی مووچه‌كه‌یان سه‌د یا 200 هه‌زار تمه‌ن زیاتر بێت، به‌ڵام له بواری دابین كردنی پێداویستییه‌كانی ژیانی رۆژانه‌دا دۆخی فه‌رمانبه‌رانیش هه‌ر وه‌كو دۆخی چینی كرێكاره.
له پاڵ ئه‌مه‌یشدا بێكاری له ئێران باڵی به‌سه‌ر هه‌ر شتێكی دیكه‌دا كێشاوه. ئاماره فه‌رمییه‌كانی ئێران باس له‌وه ده‌كه‌ن كه رێژه‌ی بێكاری له ئێران له نێوان سه‌دا 12 بۆ سه‌دا 13یه، كه‌چی چالاكڤانان و ئاماره نافه‌رمییه‌كان باس له سه‌دا 19 و سه‌دا 20 ده‌كه‌ن. زۆرترین رێژه‌ی بێكاری له چینی گه‌نجانه كه دینه‌مۆی كۆمه‌ڵگه‌ن. حاڵی حازر زیاتر له سه‌دا 30ی گه‌نجانی ئێرانی بێكارن. بێكاری له ئێران وایكردووه كه رێژه‌ی خۆكوژی له نێوان گه‌نجان و كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رزتر ببێته‌وه، بێجگه له‌مه‌یش بێكاری بووه‌ته فاكته‌رێك بۆ زیاتر ئالووده‌بوونی چینی گه‌نجی ئێرانی به ماده‌ی هۆشبه‌ر. رژَیمی ئێرانیش كه نزیكه‌ی 40 ساڵ له ته‌مه‌نی تێ ده‌په‌ڕێت، ئه‌م هه‌له‌ی بۆ به‌رفراوانتر كردنی تۆڕه سیخۆرییه‌كانی خۆی له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا قۆستووته‌وه و به‌شێكی به‌رچاوی گه‌نجان وه‌كو موخبیری به‌سیجی)، (موخبیری ئیتلاعات )و (موخبیرى سوپا) و (موحبیری دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان) ی دیكه له به‌رامبه‌ر بڕه پاره‌یه‌كی زۆر كه‌م به‌كار هێناوه.
كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی ، به‌رتیل و فه‌سادی ئیداری له نێو داموده‌زگاكان و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی‌دا ئه‌وه‌نده به‌رفراوان و په‌ره سه‌ندووه كه به‌بێ دانی به‌رتیل هیچ جۆره كارێكی ئیداری جێبه‌جێ ناكرێت، به‌رپرسانی رژیم به فه‌رمی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن و به‌رتیل وه‌رده‌گرن. نه‌خۆشێك ئه‌گه‌ر له نه‌خۆشخانه‌یه‌كدا داوای چاره‌سه‌ر بكات تا به‌رتیل نه‌دات و واستهنهكات چاره‌سه‌ر ناكرێت. ئه‌وانه‌یش كه بیمه‌ی ته‌ندروستییان هه‌یه، چونكه كۆمپانیاكانی بیمه ( دڵنیایی) سه‌ربه حكوومه‌تن، به‌بێ به‌رتیل و واسته، كاروباری پێویست ئه‌نجام ناده‌ن بۆ چاره‌سه‌ر كردنی نه‌خۆش.
ئێران له بواری وزه و داهات و به‌روبوومه‌وه، وه‌ڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌ڵام به‌شێكی زۆری ئه‌و داهاته زۆره‌ی ئێران روانه‌ی ئه‌و وڵاتانه ده‌كرێت كه گرووپی جیاجیای شیعه‌یان تێیادایه، وه‌كو لوبنان، فه‌له‌ستین، عێراق، سووریا و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌فریقا و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ی جیهانی. له پاڵ ئه‌مه‌یشدا به‌شێكی زۆری دیكه‌ی داهاتی ئێران بۆ سوپای پاسداران به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه، به‌سیج، ئیتلاعات و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی سه‌ربازی، سیخۆری و ئه‌منی ته‌رخان كراوه. ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆكاری تووڕه‌بوون و وه‌ڕه‌زبوونی خه‌ڵكی ئێران.
له دۆخێكی له‌م جۆره‌دا ماوه‌ی یه‌ك حه‌فته‌یه له سه‌رانسه‌ری ئێران خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری ده‌ستی پێكردووه. هه‌ندێ كه‌س باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌مه به‌هاری گه‌لانی ئێرانه، هه‌ندێ كه‌سیش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه گه‌لانی ئێرانی له رژێم و ده‌سه‌ڵاتی ئێران بێزاربوونه و داوای ئازادی و مافه‌كانیان ده‌كه‌ن.
به‌ر له هه‌موو شتێك خۆپیشاندانه‌كانی ئێران، له دژی گه‌نده‌ڵی، بێكاری و فه‌سادی ئیدارین، له چه‌ند شوێنێكی جیاجیا هۆتافی دژی رژێم ده‌گوترێته‌وه و هێرش ده‌كرێته سه‌ر دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی رژێم. هێشتا ئه‌و خۆپیشاندانانه به ته‌واوه‌تی نه‌بوونه خۆپیشاندانی داواكردنی ماف و ئازادی. بۆیه ئه‌گه‌ری سه‌ركوت كردنی خۆپیشاندانه‌كان له لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به رژێمی ئێرانه‌وه ئه‌گه‌رێكی زۆر به‌هێزه. ئه‌گه‌ر رژێم نه‌یه‌وێت به زۆری چه‌ك، گرتن و ئیعدام كردن خۆپیشاندانه‌كان سه‌ركوت بكات ئه‌وا ده‌توانێت به به‌ڵێنی جیاجیا بۆ نموونه به زۆرتركردنی رێژه‌ی ئه‌و پاره‌یه كه به ناوی یارانه‌وه، له لایه‌ن رژیمه‌وه به خه‌ڵك ده‌درێت، خۆپیشانده‌ران هێوه‌ر بكاته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كان بۆ ئازادی و مافه‌كان بن ئه‌وا رژیم به ئاسانی توانای سه‌ركوت كردنی نابێت. چونكه ئێران خاوه‌ن چه‌ندین پێكهاته‌ی قه‌ومی جیاجیایه و هه‌ر پێكهاته‌یه‌كیش كێشه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه.
رژێمی ئێران له سه‌ركوت كردنی نه‌یاران و ئۆپۆزسیۆنی خۆیدا ئه‌زموونێكی زۆری هه‌یه، هه‌میشه رژێم له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا به په‌له ده‌ستی به سه‌ركوت كردن و به‌كار هێنانی هێز نه‌كردووه، به‌ڵكو چه‌ند رۆژێك ده‌رفه‌تی داوه بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت كێ له پشت ئه‌و خۆپیشاندانانه‌وه‌یه و كێن كه خۆپیشاندانه‌كان رێكده‌خه‌ن، دوای ئه‌مه هه‌ڵمه‌تێكی ره‌ش بگیری سه‌رانسه‌ری ده‌ست پێ ده‌كات و به گرتن و ئیعدام كردن چاوی خه‌ڵك ده‌ترسێنێت، هه‌ر بۆیه خه‌ڵكیش ده‌ستبه‌رداری خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی ده‌بێت.
خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مجاره ئۆرگانیزه نه‌كراون، هه‌ماهه‌نگی له نێوان خۆپیشانده‌رانی شاره جیاجیاكاندا نییه، هیچ كه‌س ولایهنێكیش سه‌رپه‌ره‌شتی ئه‌م خۆپیشاندانانه ناكات، ئه‌مه ده‌رفه‌تێكه بۆ رژیم بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت خۆپیشاندانه‌كان دابمركێنێت. ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆنی ئێران جا چ ئۆپۆزسیۆنی كوردی بێت یا ئازه‌ری یا خۆ به‌لووچ، هه‌ر یه‌ك به لای خۆیه‌وه خاوه‌نداریه‌تی له خۆپیشانده‌ران بكات و رێنوێنی خۆپیشانده‌ران و جه‌ماوه‌ری خۆیان بكه‌ن و هانیان بده‌ن بۆ به‌رده‌وام كردنی خۆپیشاندانه‌كان، ئه‌وا ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه كه ئه‌مجاره گه‌لانی ئێرانی بتوانن له ده‌ستی رژێم رزگاریان بێت، به پێچه‌وانه‌وه، رزگاری گه‌لانی ئێران زه‌حمه‌ته.
بێ گۆمان به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كانیش كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێگه و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی رژێمی ئێران له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌بێت، ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كان درێژه‌یان هه‌بێت، ئه‌وا ئه‌و پلانانه‌ی كه رژێمی ئێران بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی داینابوون، پووچه‌ڵ ده‌كرێنه‌وه. من هێشتا گه‌ش بین نیم له‌وه‌ی كه خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مجاره‌ی ئێران ببنه سه‌ره‌تای هه‌ڵهاتنی خۆری ئازادی له ئێران، چونكه ئێران له سه‌ركوت كردنی خۆپیشانده‌راندا خاوه‌ن ئه‌زموونه و ئه‌گه‌ری زۆریش هه‌یه كه رژێمی ئێرانیش وه‌كو به‌شار ئه‌سه‌د وا له خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی بكات كه نیوه‌ی زیاتری ئاواره ببێت.َ