بارى بۆزان، له‌باره‌ى پاراستنى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ده‌ڵێت: ئاسایش ته‌نها به ده‌وڵه‌ت دابین ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ش له ته‌ك ده‌وڵه‌ت ببێته سه‌رچاوه‌ى ئاسایشى وڵات، چونكه زۆربه‌ى كێشه و هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌ر ئاساییش، كۆمهڵگهیین.
دواى رووداوه‌كانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى رووبه‌ڕووى هه‌رێمى كوردستان بوونه‌ته‌وه، رۆژ به رۆژ زیاتر ته‌شه‌نه ده‌كه‌ن، تهشهكردنى ئه‌م رووداوانه زیاتر له‌و سنوورانه‌ن كه داگیركراون و ئێستا گه‌لى كوردستان و به‌تایبه‌تیش نه‌ته‌وه‌ى كورد تێیدا ئه‌شكه‌نجه ده‌درێت و به‌پێى راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى مافى مرۆڤ، ئه‌وه‌ى له خورماتوو و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك ده‌گوزه‌رێ، جینۆساییدێكى روونه كه له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ى كوردا هاتووه.
ناوچه‌كانى سنوورى پارێزگاى سلێمانیش له به‌ركه‌وتنى پڕوشكهكانى ئاگرى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر به‌ده‌ر نه‌بوو، ده‌توانین بڵێین خۆپیشاندانه چهكدارییهكهى رانیه و پیره‌مه‌گروون و كۆیه و ته‌قته‌ق و سنووره‌كانى تر، درێژكراوه‌ى هه‌مان سیاسه‌تى پیلانى داگیركردنى كه‌ركووك بوون بۆ له‌باربردنى ئاساییشى هه‌رێمى كوردستان (داواكارى و خۆپیشاندان له‌چوارچێوه‌ى یاسا‌و به‌شێوه‌ى ئاشتیانه‌و مه‌ده‌نییانه، مافێكى سروشتى هاووڵاتیانه، با ئه‌وه جیابكه‌ینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاڵۆزیهى گوزه‌را و چه‌كى تێدا بینرا) چونكه رووى پشت رووداوه‌كان ئه‌وه‌نده مه‌ترسیدار بوون، به‌رنامه و پیلانى دوژمنانى كوردستانى به‌شێوه‌یه‌كى زۆر مه‌ترسیدارى تێدا به‌دى ده‌كرا.
دارشتنى پیلان بۆ له‌باربردنى ئاساییشى هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه له زهنیه‌تى دوژمنانى هه‌رێمى كوردستان ناچێته‌ده‌ر، به‌ڵام ئه‌نجامدانى ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ى، كێ له‌ناوه‌خۆ ده‌توانێ هاوكار بێ بۆ سه‌رگرتن و سه‌رخستنى پیلانه‌كه!
زۆر پرسیار له‌به‌رده‌ممان خۆى قووتده‌كاته‌وه.. بۆچى خۆمان ببینه هۆكارى سه‌رخستنى پیلانى ناحه‌زانى كوردستان بۆ له‌ناوبردنى ماڵى خۆمان؟ له‌كاتێكدا له هه‌موو وڵاتان هاووڵاتییان خۆیان هۆكارن بۆ به‌رقه‌راربوونى ئاساییشى وڵات!
رۆشنبیرى ئاساییشى نه‌ته‌وه‌یى لاى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه تا چه‌ند گرنگى پێدراوه؟ تا چه‌ند ئامانجى ئاساییشى نه‌ته‌وه‌یى لاى ئێمه وه‌كخۆى گه‌یشتووه؟ چى بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى پاراستنى ئاساییشى وڵات بخه‌ینه لیستى رێچكه‌ى ژیانمان؟
پێویسته چه‌مكى ئاسایش روون و ئاشكرا بێت له‌لاى هاووڵاتییان و خودى هاووڵاتى متمانه‌ى راسته‌قینه‌ى پێى هه‌بێت، به ئاگاییه‌وه پابه‌ندى بێت، له‌م دۆخه‌دا هاووڵاتى ده‌بێته كۆڵه‌گه‌یه‌ك بۆ دامه‌زراوه‌كانى ئاسایش له جێبه‌جێكردنى ئه‌ركه‌كانیدا، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر بۆشایى له‌نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دا (تاك و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان-ئاسایش) روویدا، بێگومان ده‌بێته هۆى سه‌رنه‌كه‌وتنى دامه‌زراوه‌كانى ئاسایش له ئه‌ركه‌كانیان و دواجاریش گرووپه‌كان ده‌كه‌ونه دژایه‌تى ئاسایش و پیلانى دوژمنان بۆ له‌باربردنى ئه‌م ده‌ستكه‌وته سه‌رده‌گرێ.
سه‌رچاوه‌ى به‌هاكانى وڵات هه‌ر له (كولتوور، هونه‌ر، ئابوورى، رامیارى...هتد) له ته‌ك ئاسایشى ناوه‌خۆ، به سه‌رچاوه‌ى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى وڵات داده‌ندرێن، مه‌ترسى له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌م كایانه، پێوه‌نده به ئاسایشى وڵات و كاریگه‌رى له‌سه‌ر داده‌نێت، چونكه ئه‌مانه سه‌رچاوه‌ى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یین و وه‌ك سه‌رچاوه‌ى ده‌سته‌ڵات هه‌ژمار ده‌كرێن. هه‌ر بۆیه‌شه ده‌وڵه‌ت بۆ گه‌ره‌نتیكردنى ئاساییشى ناوه‌خۆ و ده‌ره‌كى، له هه‌مبه‌ر مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه نوێیه‌كان له‌سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى، ره‌چاوى ئه‌م ره‌گه‌ز و فاكته‌رانه ده‌كات و ده‌یانپارێزێت.
له خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌م دواییه‌دا هه‌موومان بینیمان كه چۆن ئه‌رشیفى سه‌دان ساڵى ناوچه‌یه‌ك سوتێندرا! با پرسیار له خۆمان بكه‌ین، به‌راستى ئه‌مه ده‌چێته خانه‌ى را ده‌ربڕین و داواكارى بۆ وه‌ده‌ستهێنانى ماف؟ را گه‌یاندن به چه‌ك ده‌چێته قاڵبى به‌ده‌ستهێنانى مافى سه‌ره‌تایى و باشكردنى بژێوى ژیان و داوا سه‌ره‌تاییه‌كانى ژیان؟ نه‌خێر هه‌رگیز.. بۆیه هه‌ڕه‌شه له ئاسایشى ده‌وڵه‌ت زۆرجار به‌هۆى هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ره‌كى یان ده‌ستێوه‌ردانى سیاسى و سه‌ربازى ده‌ره‌كى نییه، به‌ڵكو زۆركهڕهت هه‌ڕه‌شه ناوخۆییه‌كان كاریگه‌رى به‌رچاویان له‌سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى هه‌یه كه یه‌كێك له‌وانه سه‌رهه‌ڵدانى بزوتنه‌وه‌ى چه‌كداریه و به یه‌كێك له پڕ مهترسیترینیان وه‌سف ده‌كرێت، چونكه ده‌بێته بناغه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى هه‌موو ئاڵۆزى و مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كان له‌سه‌ر ئاساییشى نه‌ته‌وه‌یى و وه‌ك زریزه قۆناغه مه‌ترسییه‌كان به‌دواى خۆیدا دێنێته گۆڕێ.
لێره‌دا سه‌ره‌كیترین پرسیار له لێكۆڵینه‌وه‌ى ئاسایش‌دا سه‌رچاوه‌ى ئاسایشه، چۆن؟ له‌كاتى هه‌ر رووداو و پێشهاتێك ده‌بێت كارمه‌ندانى هێزه‌كانى ناوه‌خۆ، یان ده‌وڵه‌ت چ جۆره ئاسایشێك بپارێزن؟ ئه‌و رووبهڕووبوونهوانهى له خۆپیشاندانه‌كانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌كانى رانیه و راپه‌ڕین روویاندان، ده‌چنه كام به‌شى ئاسایش؟ له‌و حاڵه‌تانه‌دا ده‌بێت ده‌وڵه‌ت و پیاوانى ئاسایشپارێز، ئاسایشى كێ بپارێزن؟ به‌م مانایه ده‌بێت دیارى بكرێت ئاسایشى چ كه‌سێك، یاخود ئاسایشى چ شتێك ده‌بێت ده‌سته‌به‌ر بكرێت و بپارێزرێت، ئایا (ئاسایشى ده‌وڵه‌ت، ئاسایشى رژێم، ئاسایشى نه‌ته‌وه، ئاسایشى تاك به تاكى هاووڵاتیان) ئه‌مانه وه‌ڵامى چوار ره‌هه‌ندیان هه‌یه كه ده‌بێت به گوێره‌ى پرسیارى ئاسایش وه‌ڵام بدرێنه‌وه، بۆیه بارى بۆزان له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ى به‌ناوى (خه‌ڵك، ده‌وڵه‌تان و ترس) زۆر به راشكاوانه ده‌وڵه‌ت به سه‌رچاوه‌ى ئاسایش داده‌نێت، لێره‌دا ئه‌وه‌ى خۆپیشانده‌ران یه‌كه‌مجار ده‌ستیان بۆى برد سووتاندنى مومته‌له‌كاتى ده‌وڵه‌ت و دام و ده‌ستگاى میرى و گشتى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بوو، ئه‌مه كه بۆزان به بناغه‌ى مه‌ترسییه‌كان ده‌ستنیشانى كردووه، بۆمان روونده‌كاته‌وه كه مه‌ترسى ئه‌م ئاڵۆزى و پشێوى و خۆپیشاندان و ناره‌زاییه ناوهخۆییهى هه‌رێمى كوردستان بۆ له‌باربردنى خودى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان بوو، نه‌ك داواكارى ماف، كه بناغه‌كه‌ى له شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ردا داڕێژرا.